چاوپێکەوتن لەگەڵ دکتۆر نەوزاد سالح ڕەفعەت

 

ئەم چاوپێکەوتنە سەرەتایەکە بۆ کۆمەڵێک چاوپێکەوتنی دیکە، لە چوارچێوەی هەوڵەکەماندا بۆ ئەرشیفکردنی ڕووداوەکانی ئەم ناوچەیە و زانینی چۆنییەتی پیشەی پزیشکی لە ڕابردوودا، بەهیواین ڕۆڵێک ببینێت.

 

بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکە لە شێوەی گێڕانەوەدایە، وەک پێشەکیەک بۆ دوو یان سێ بەشەکەی دیکە کە لەشێوەی پرسیار و وەڵامدا بڵاودەبێتەوە لە حەفتەکانی ئایندەدا.

 

لە ٢٤ی ١١ی ١٩٤١، لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی، دکتۆر نەوزاد سالح ڕەفعەت لە دایکبووە. ئەوکات ماڵەکەیان لەشوێنی بازاڕی زانکۆی ئێستای شاری سلێمانی بووە، بەرامبەر نەخۆشخانەی ناوەڕاست. قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی فەیسەڵیە خوێندووە. دواتر قۆناغی ناوەندی لە ناوەندی سلێمانی کوڕان، کە ئەو کاتە لەبەر خانەقا بوو، خوێندووە. پاشان قۆناغی ئامادەییشی لە ئامادەیی سلێمانی کوڕان تەواوکردووە و ساڵی ١٩٦١ چۆتە کۆلیژی پزیشکی زانکۆی بەغداد.

لە ساڵانی ١٩٦١دا، کە هاوکات بوە لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوول، ئەمیش چۆتە نێو کایەی سیاسیەوە، بە دیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی ١٩٦٣، کاتێک لە قۆناغی دووەمی کۆلیژی پزیشکی دەبێت و لەسەرووبەندی کودەتای ئەو ساڵەدا، چەند مانگێک لە زیندانەکانی (حەرەس قەومی) زیندانی کراوە. لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلیژی پزیشکی زانکۆی بەغدادی تەواو کردووە.

دکتۆر نەوزاد ناوی ئەو خوێندکارە کوردانەی کە لەو ساڵانەدا لە کۆلیژی پزیشکی زانکۆی بەغداد لەگەڵیدا بوون لە زیهنیدا ماون؛ کە بریتی بوون لە: ئەنوەری حاجی عەلی کۆڵەک، محمد سەرکەوت بەرزنجی، مستەفا کەریم بەرزنجی، شەرەفەدین محێدین، عەلی ئیحسان عومەر ناجی، عەبدولحەمید ئیبراهیم، حەمید حەوێزی، ژیان عەبدولڕەحمان، پەری مەجید، پەروین باڵتاش، عەتیە ساڵحی، موحسین زەنگەنە و دلێر نوری. ئەم خوێندکارانە هەمویان لە کۆلێج بون، تیایاندا بوە بە ساڵی جیاواز چۆتە ئەو کۆلێجە، بەڵام هەمویان لە یەک ساڵ و بە یەکەوە کۆلێجمان تەواو کردووە. بە داخەوە هەندێک لەوانە کۆچی دواییان کردوە و بەجێیان هێشتوین.

پاش تەواوکردنی کۆلیژی پزیشکی، بەپێی یاسای بەرکاری ئەودەمەی عێراق، پزیشکە ژنەکان وەک پزیشک دامەزراون، بەڵام پزیشکە کوڕەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پەیوەندییان بە سەربازییەوە کردووە؛ لەو ساڵەدا بەهۆی زۆری ژمارەی دەرچووانی کۆلیژەکانەوە، تەنها هەردوو کۆلیژی پزیشکی و ئەندازیاری پەیوەندیان بە سەربازییەوە کردووە و کۆلیژەکانی دیکە لە سەربازی بەخشراون.

لە مانگی دووی ساڵی ١٩٦٨دا، ئەمان دەبن بە ئەفسەری پزیشک. دکتۆر نەوزاد لەهێزی ئاسمانی عێراقی ناوی دێتەوە، لە بنکەی ئاسمانی کەرکووک. لەیەکەم ڕۆژی پەیوەندیاندا بە بنکەی ئاسمانی کەرکووک، ئەفسەرەکانی بنکەکە لەوێ وەک شۆخی کردنێك لەگەڵیاندا، هاوڕێکانی دکتۆر نەوزادیان بردوون بۆ بەشداریکردن لە نمایشی فڕۆکە جەنگیەکان، لە کاتی نمایشەکە و هەروەها دوایی نمایشەکەش، بەهۆی کاریگەری نمایشەکەوە بۆتە هۆی تێکچوونی باری تەندرووستیان و هێڵنج هاتنەوە و ڕشانەوەیان. ئەفسەرەکان چێژیان لەم بارودۆخە وەرگرتووە. بەختی باشی دکتۆر نەوزاد ئەوە بووە ڕۆژی دووەم پەیوەندی کردووە بە بنکە ئاسمانییەکەوە، بۆیە بۆ سبەی کە دکتۆر نەوزاد بۆ پەیوەندیکردن بە ماوەی سەربازییەکەیەوە پەیوەندی بە بنکە ئاسمانیەکەوە دەکات، بەهۆی هاوڕێکانییەوە لەم کارە ئاگادار دەبێت. حەبێک بۆ ڕشانەوە بەکار دەهێنێت و بە سەلامەت لەم شۆخیە دەردەچێت. پاش پەیوەندیکردنی بە بنکەی ئاسمانی کەرکووک، بەهۆی ئەوەی کە کورد بووە پاش چەند مانگێک گواستراوەتەوە بۆ بنکەی ئاسمانی حەبانییە.

لە بەیانییەکی ١٧ی تەمووزی ١٩٦٨، لەلای مەیدانی نسور، کە لە ڕێدا بوون بۆ بنکەی سەربازی حەبانییە، دوو کەس بە جل و بەرگی مەدەنی و چەکەوە، هاتوونەتە نێو پاسی سەربازی تایبەت بە بنکەی سەربازی حەبانییە و پێیان وتوون کە ئیتر ئەبوقەیس کۆتایی هاتووە و ناردوومانەتە دەرەوە؛ بەشێکی کەمیان زانیویانە ئەبوو قەیس مەبەستیان لە عەبدولڕەحمان عارفە، کە لەو کاتەدا سەرۆک کۆمار بووە. دواتر بە فەرمی، کاتژمێر شەشی سەرلەبەیانی، کە هێشتا لەناو پاسەکەدا دەبن، لە ڕادیۆوە گوێیان لە بەیاننامەیەک دەبێت دەربارەی کودەتاکە. یەکسەر ئەزانن کودەتایەک لەژێر کۆنترۆڵی بەعسییەکاندایە. پاش ئەوەی گەیشتینە حەبانییە ئاگادار دەکرێنەوە، کە ئەبێ لە شوێنەکانی خۆیان بمێنینەوە. ئەوە بوو تا چەند رۆژێک ناتوانن دابەزن.

پاش کودەتاکە سەرەتا عەبدولرەزاق نایفیان داناوە وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق و دواتر لە هەمان مانگ و لە ٣٠ی تەمووزدا، دووبارە کودەتایەکی دیکە ڕوویدا و عەبدولرەزاق نایفیان لەسەرۆک وەزیرانی لابرد و بە تەواوی بەعسیەکان بەتەواوی هاتنە سەر حوکم.

لە کاتی ئەم کودەتایەدا باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەسەرۆکایەتی برایم ئەحمەد و مام جەلال بووە، پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتدا باش بووە، بۆیە وەزیرێکیان لە حکومەتی ئەو کاتەدا هەبووە، کە ئەویش تەها محێدین مەعرووف بووە.

“لە کاتی سەربازیدا” دکتۆر نەوزاد دەیگێڕێتەوە “ڕۆژ لەدوای ڕۆژم دەژمارد بۆ ئەوەی تەواو ببم لە سەربازی.” لە مانگی دووی ساڵی ١٩٦٩ چاوەڕێی بەخشینیان بوون لەسەربازی وەک خولی ٢٢. پاشان فەرمانێک هات بۆ بەخشینی سەربازە یەدەگەکانی خولی ٢٢ جگە لەو پێنج پزیشکەی لە بنکە ئاسمانییەکان بەناو ئیشیان دەکرد، دواتر بۆمان دەرکەوتوە، کە بەهۆی درەنگ پەیوەندیکردنی دەرچوانی کۆلیژە پزیشکییەکانی دواتر ئێمەیان هێشتبووەوە، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک ئێمەش بەخشراین.

دوای تەواوکردنی ماوەی سەربازی یەدەگ، هەر لە هەمان ڕۆژدا دەچن بۆ وەزارەتی تەندرووستی عێراق، بەپێی یاسا دابەش کراون وەک پزیشکی نیشتەجێ. ئەو لە هەڵبژاردنەکاندا نەخۆشخانەی کەرامەی لە شاری بەغداد بەرکەوتووە. سێ مانگی یەکەم لە بەشی هەناوی کاری کردووە (بەپێی یاسای ئەو کاتە پزیشکە نیشتەجێکان بۆ ماوەی ٣ مانگ جارێک بەشەکانیان گۆڕیوە لە نێوان هەناوی و نەشتەرگەری و ژنان و منداڵبوون و ئەوانی دیکەدا). بەڵام بەهۆی خۆشەویستی زۆری دکتۆر نەوزاد بۆ بەشە نەشتەرگەرییەکان، ماوەی ٩ مانگ بەشە نەشتەرگەریەکانی کردووە.

شێوازی کاتی کارکردنی ئەوکاتی پزیشکانی نیشتەجێ: لەماوەی حەفتەیەکدا تەنها ١٢ کاتژمێر بۆیان هەبووە نەخۆشخانەکان بەجێبهێڵن، واتە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ و نیوەکەی دیکە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لەناو نەخۆشخانەکاندا ماونەتەوە، بۆ ماوەی ساڵێک بەبێ ڕەچاوکردنی بۆنە و پشوو فەرمییەکان.

لە ماوەی ساڵی یەکەم، مووچەکەیان ٥٧ دینار بووە؛ شوێنی مانەوەیان زۆر باش بووە کە لە خانەی تایبەتی خۆیاندا بوون و هەر ژوورەی یەک یان دوو دکتۆر بوون، چێشتلێنەری تایبەتی خۆیان هەبووە. د. نەوزاد بەهۆی چالاکی خۆیەوە دوو جار بۆتە سەرۆکی پزیشکانی نەخۆشخانەی کەرامە، کە زۆری کاتەکان پزیشکی نیشتەجێی دێرین ئەم کارەیان پێ دەسپێردرا.

لە ماوەی ساڵی یەکەمیدا نەشتەرگەری ئەنجام داوە، بەشێکی لە ژێر چاودێری دکتۆر )علی الرماح) بووە، پاش تەواوبوونی ماوەی پزیشکی نیشتەجێیی، بۆ ڕۆژی دواتر پەیوەندیان کردۆتەوە بە وەزارەتی تەندروستی بۆ دووبارە دابەشکردنەوە لە قەزا و ناحییەکانی هەموو عێراقدا.

دابەشکردنی قەزا و ناحییەکان بەپێی نمرەی دکتۆرەکان بووە. لەو ناوچانەی کە بۆ هەڵبژاردن ماونەتەوە، دکتۆر نەوزاد بە ویستی خۆی قەزای مەندەلی هەڵبژاردووە، هۆکاری پشت هەڵبژاردنی قەزای مەندەلی لەلایەن دکتۆر نەوزادەوە بەهۆی کوڕێکی کوردی خەڵکی مەندەلیەوە بووە، کە لە (ڕۆژنامەی نوور) لەگەڵ دکتۆر نەوزاد کاری کردووە بە ناوی (سەڵاح عەبدولجەباری) خەڵکی مەندەلی بووە. زۆر باسی مەندەلی بۆ کردبوو پێشتر، کە مەندەلی قەزایەکی سەرسنوری عێراقە و ڕێگەوبانێکی ناخۆشی هەیە، کە هۆکارە بۆ دەستنەگەیشتنی دانیشتوانەکەی بە زۆر خزمەتی تەندرووستی؛ دانیشتوانێکی تێکەڵی نەتەوەیی هەیە و کوردەکان لەوێ لەبارودۆخێکی ناهەمواردان، ئەمانە هەمووی هۆکار بوون بۆ هەڵبژاردنی مەندەلی. مەندەلی ئەو کاتە لە بەغدادەوە بە ئوتومبێل یان پاسی گشتی ڕاستەوخۆ نەبووە، بەڵکوو لەبەغداوە بۆ بەعقوبە پاشان بۆ مەندەلی هەبووە. لە ڕێگای بەعقوبە بۆ مەندەلی بەشێکی ڕێگای قیر بووە و پاشان خۆڵ بووە و بە بیاباندا ڕۆشتووە. هەر کە زستان باران دەباریی، ڕێگاکە پەکی دەکەوت.

لە مەندەلی یەک نەخۆشخانە و یەک بنکەی تەندرووستی هەبوو. هەر یەکێکیان دکتۆرێک خزمەتی کردووە، لە نەخۆشخانەکە دکتۆرێکی لێ بووە بە ناوی (عەبدوولباری) کە خەڵکی شاری بەسرە بووە؛ دکتۆری بنکە تەندرووستیەکە گواستراوەتەوە بۆیە دکتۆر نەوزاد لە شوێنی دکتۆری بنکە تەندرووستیەکە دەستی بە کارکردن کردووە. پاشان بەهۆی شارەزایی دکتۆر نەوزادەوە لە بواری نەشتەرگەی، دەستیان کردووە بە کردنی هەندێ نەشتەرگەری بچووک لە قەزای مەندەلی. خەڵکی مەندەلی خەڵکانێکی هەژار بوون و زیاتر خەریکی کاری باخداری بوون لەو کاتەدا، بەرهەمەکانیان هەنار و خورما و پرتەقاڵ و لیمۆ بووە زیاتر. پێش گەیشتنی دکتۆر نەوزاد بە حەفتەیەک، بەیاننامەی ١١ی ئازار دەرچوو بوو لە نێوان کورد و حکومەتی عێراقدا، خەڵکی مەندەلیش بەم بەیاننامەیە دڵخۆش بوون، بەڵام دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی مەندەلی بەدەست حیزبی بەعسەوە بوو. (مزبان خزر هادی) کە پیشەی مامۆستا بووبوو، بەرپرسی حیزبی بەعسیش بوو، بەڕەچەڵەک خەڵکی ئێران بووە و زمانی عەرەبی باش نەبووە تەنانەت کە بەزمانی عەرەبی قسەی کردووە بۆتە هۆی گاڵتەپێکردنی بەهۆی خراپی زمانی عەرەبیەکەیەوە، کەوتبووە پەلاماردانی کورد، دێهاتەکانی دەوروبەری مەندەلی کە نزیکی هەمووی کوورد بوون و لە هۆزی (قەرەلووس) بوون، دواتر دەستکرا بە ڕاگواستراون و نەتەوەی عەرەبیان لە شوێنیان نیشتەجێ کردبوو، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی تری کوردستان شادی و خۆشی بووە بەهۆی بەیاننامەکەوە، بەڵام لە مەندەلی ماڵوێرانی و ئاوارەیی بوو.

لەم کاتەدا بە هۆی نەدانی شوێن بە کرێ بۆ کەسێک کە هاوسەرگیری نەکردبێت و سەڵت بێت، بۆیە دکتۆر نەوزاد ناچار دەبێت کە باوک و دایک و هەردووبراکەی دکتۆر نەوزاد لە سلێمانیەوە بانگبکاتە مەندەلی بۆ ژیان کردن لەگەڵی. لە مەندەلی بەهۆی پۆشینی جلی کوردی لەلایەن باوکی دکتۆر نەوزادەوە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتی مەندەلی پێیان خۆش نەبووە، بەڵام چونکە خەڵکی سلێمانی بووە چاویان لێ پۆشیوە، زیاتر مەبەستیان بووە خەڵکی مەندەلی سیمبولە کوردیەکان پراکتیزە نەکەن. لەوێ دکتۆر نەوزاد کلینیکی تایبەتی خۆی هەبووە و لەڕۆژێکدا نزیکی ١٠٠ کەسی بینیوە؛ پشکنینی پزیشکی بە چارەکە دینارێک بووە و ئەگەر دەرزی لێدانیشی لەگەڵ بووبێت بە نیو دینار بووە. بەهۆی هەژاری خەڵکی مەندەلیەوە پارەی لە زۆربەیان وەرنەگرتووە، ئەوانیش لەبەر ئەو ڕێزەی دکتۆر نەوزاد هەر کاتێک لە بازاڕ شتی کڕیوە کەس پارەی لێ وەرنەگرتووە. بەهۆی خۆسەلماندنی دکتۆر نەوزاد لە مەندەلی، بۆتە هۆکارێک بۆ داواکردنی گواستنەوە لەلایەن دکتۆر عەبدوولباری و چۆتەوە بۆ شاری بەسرە، بۆیە بووە بە بەڕێوبەری نەخۆشخانەی گشتی مەندەلیش. دکتۆر نەوزاد ماوەی دوو ساڵ و نۆ مانگ لەشاری مەندەلی خزمەتی کردووە.

 

.سازدانی: سان خەسرەو، دیاری ئەبوبەکر

‫2 سەرنج

  1. ڕێبین سەربەست

    ماندوونەبن دکتۆر سان و دکتۆر دیاری. بابەتێکی زۆر بەچێژ بوو، زۆر بەجوانییش نووسرابوو. هیوای تەمەن درێژیی دەخوازم بۆ دکتۆر نەوزاد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

پرسیارت هەیە؟

خۆشحاڵین بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان.

Questions?

Feel free to write a message.