جێراڵدین مەکلیلاند خانمێکی تەمەن 61 ساڵ بوو کە لە بەریتانیا دەژیا. ئەو بەدەست شێرپەنجەی سی و شێرپەنجەی جگەرەوە دەیناڵاند کە لە شێرپەنجەی مەمکەوە تەشەنەیکردبوو. ئەو یەکێک بوو لەوانەی وڵاتەکەی خۆی جێهێشت بۆ گەڕان بەدوای مردنێکی ئارامدا. پێش مردنی نامەیەکی کراوەی جێهێشت و تێیدا نووسیبوی: “من بڕیارم داوە گەشت بکەم بۆ دەرەوەی وڵات [سویسرا] بۆ ئەوەی بمرم؛ چونکە ناتوانم ئەو مردنەم هەبێت کە دەمەوێت لێرە لە بەریتانیا.” هەروەها نامەکەی بەم ڕستەیە کۆتایی پێ هێنا: “تێدەگەم کە بابەتێکی سەختە، بەڵام کاتێک ناتوانرێت لە مردن ڕابکرێت، .(Dignity in Dying, 2011) با ئەوەندە بەبەزەیی و لێبوردە بین کە ڕێز لە مافی هەڵبژاردن بگرین”
مافی مردن بەپێی ویستی خۆت، تەنها مافێکی مرۆییە وەک چۆن مرۆڤ مافی هەیە شێوازی ژیانی هەڵبژێرێت. من هەوڵ دەدەم ڕوونیکەمەوە کە یوتەنەیژا لە ڕووی ئەخلاقی، یاسایی و لۆژیکییەوە ڕەوایە.
بنەڕەتی وشەی یوتەنەیژا
وشەی یوتەنەیژا (euthanasia) لە وشەی یۆنانی “Eu” بە واتای باش و وشەی “Thanatos” بە واتای مردن وەرگیراوە. یوتەنەیژا بریتییە لە کردەی کۆتاییهێنانی بە ئەنقەستی ژیانی کەسێک بۆ ڕزگارکردنی لە ئازار و مەینەتیی نەخۆشییەکی بێچارەسەر. زیاتر لە دوو دەیەیە کە ئەم کردارە لە هەندێک وڵاتدا جێبەجێ دەکرێت و یاسایی کراوە، وەک بەلجیکا، سویسرا و هەندێک ویلایەتی ئەمریکا و هتد. چەندین جۆری یۆتەناژیا هەن؛ بۆ نموونە: چالاک/ناچالاک، ڕاستەوخۆ/ناڕاستەوخۆ، ویستراو/نەویستراو، و چەندین تێکەڵەی تریش. بەڵام ئەوەی من بەرگری لێ دەکەم پێی دەوترێت “مردنی بەبەزەیی یارمەتیدراو لەلایەن پزیشکەوە” (من لەم وتارەمدا وشەی یوتەنەیژام لەبری مردنی بەبەزەیی یارمەتیدراولەلایەن پزیشکەوە بەکارهێناوە). ئەمە جۆرێکی چالاک، ناڕاستەوخۆ و ویستراوە، کە بە واتای یارمەتیدانی نەخۆش بۆ مردن دێت بە ڕەزامەندیی ئاشکرا و ئاگادارانەی خودی نەخۆشەکە.
لەم وتارەدا، تیشک دەخەمە سەر ژیان، مردن، ئەخلاق، یاسا و سەرووی هەمووشیانەوە بەرپرسیارێتی یاسا و بەتایبەتی پزیشکەکان بەرامبەر بە نیگەرانی و مافەکانی نەخۆش.
ژیان، بەپێی “تیۆریی دەفرە بێلایەنەکە”، لە بنەڕەتدا نە باشە و نە خراپ، بەڵکو ناوەڕۆکی ژیانەکەیە کە دەیکاتە ژیانێکی باش یان خراپ. ژیان لە خۆیدا خاوەن بەهایەکی ڕەها نییە، یان ئەگەر بەهایەکیشی هەبێت، ئەوا لەچاو ناوەڕۆکەکەی زۆر کەمە. ئێمە ناتوانین بەهای ژیان سەربەخۆ لە “کوالیتی ژیان” پێناسە بکەین.
تەنها وێنای بکە ئەگەر بەیانی لە دۆزەخدا بەخەبەر بێیت و بۆ هەتاهەتایە بمێنیتەوە، یان وەک منداڵێک لەدایک ببی کە تووشی شێرپەنجەی ئێسکی هەمیشەیی بووە و تا ڕۆژی مردنت هەر لە ئازاردا دەبیت. پێم وانییە هیچ کام لە ئێوە دەستخۆشی لە ژیانێکی لەو شێوەیە بکەن و بە ژیانێکی باشی ناوبەرن. دووبارە، ئەمە بەستراوەتەوە بە ناوەڕۆکی ژیان، نەک خودی ژیان. ڕەنگە ئەم قسانە کەمێک پێچەوانەی تێگەیشتنی گشتی بن، چونکە زۆربەمان وا پەروەردە کراوین کە وا دابنێین لایەنە ئەرێنییەکانی ژیان هەمیشە بەسەر لایەنە نەرێنییەکاندا زاڵ دەبن، بەڵام بەداخەوە لە هەندێک بارودۆخدا ئەوە ڕاست نییە.
چوار پرەنسیپی ئەخلاقی پزیشکی
لە پزیشکیدا چوار پرەنسیپی سەرەکیی ئەخلاقیمان هەیە: سەربەخۆیی، دادپەروەری، چاکەکاری (سوودگەیاندن بە کەسانی تر)، و زیان پێنەگەیاندن. وەرن با هەریەکێک لەمانە ڕوون بکەینەوە:
سەربەخۆیی بڕیاردان:
ئەگەر سەیری پێناسی یوتەنەیژا بکەین، دوو خاڵی سەرەکی دەبینین: سەربەخۆیی و چاکەکاری. نەخۆشەکە ڕەزامەندی دەردەبڕێت بۆ کردەکە. پێدانی ڕەزامەندی دەتوانێت کردەیەک لە نائەخلاقییەوە بگۆڕێت بۆ ئەخلاقی. ئەگەر ئێمە دەرمان بە نەخۆشێک بدەین بەبێ ڕەزامەندی خۆی، تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندی نەخۆشەکەشدا بێت، ئەوا بە نائەخلاقی دادەنرێت، بەڵام بە ڕەزامەندی نەخۆشەکە دەبێتە کارێکی ئەخلاقی. مۆدێلی کۆنی “باوکسالارانە” لە بواری پزیشکی دا بەسەرچووە، ئێستا ئێمە پەیڕەوی سیستەمی “نەخۆش-سەنتەر” دەکەین.
چاکەکاری، زیان پێنەگەیاندن و دادپەروەری:
ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە سەرچاوەکان تێیدا کەم و سنووردارن، بەتایبەتی سەرچاوە پزیشکییەکان. ئەوەی دەتوانین بیکەین دابەشکردنی دادپەروەرانەی ئەو سەرچاوانەیە کە هەمانە. ئێمە سیستەمی “پۆلێنکردنی نەخۆشەکان”مان پەرەپێداوە بۆ ئەوەی سوود بە زۆرترین ژیان بگەیەنین و ڕزگاریان بکەین. ئەوەی لە کاتی پەتای کۆرۆنادا بینیمان بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ ئەمە. هەندێک لە بەتەمەنەکان کە لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددا بوون، ئامێرەکانیان لێ دەکرایەوە و دەدرا بە کەسانی تر، بەتایبەتی گەنجەکان. ئەو نەخۆشانەی کە هیچ ئومێدێکیان لە ژیاندا نەمابوو، بە ویستی خۆیان ئامێرەکانیان دەبەخشی بەوانەی کە پێویستییەکی زۆریان پێی هەبوو. بەم شێوەیە سوودی زیاترمان بە کەسانی تر گەیاند، زیانی کەمترمان دا، و دادپەروەریمان زیاترمان بەدیهێنا، لە کاتێکدا نەخۆشەکەش مافی سەربەخۆیی خۆی پەیڕەو کردبوو. ئایا ئەمە کارێکی نامۆیە؟ مەگەر بیرۆکەی خێرخوازی هەر ئەوە نییە کە ئەوەی هەمانە بیبەخشین بە کەسانی تر؟
پرەنسیپە ئەخلاقییەکانی تری پزیشکی: چاودێریکردن، هاوخەمی و بەرپرسیارێتی:
ئەرک و بەرپرسیارێتی پزیشکەکانە کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ نەخۆشەکانیان بدەن و نیگەرانییەکانی نەخۆش بخەنە پێش هەموو شتێکەوە. کاتێک هیچ شتێک نامێنێت بۆ نەخۆشەکەی بکەین، دەبێت ڕێگەیان بدەین بەپێی ویستی خۆیان بمرن، یان بە ئارامی و لەناو ئازیزانیاندا بچنە قۆناغی داهاتووی ژیانەوە. هیچ مانایەکی تێدا نییە و تەنانەت دژی پرەنسیپە ئەخلاقییەکانە کە جێیان بهێڵین لە ئازار و مردنێکی پڕ لە مەینەتیدا بن. لانی کەم دەتوانین ڕێگەیان بدەین دوا ئاواتیان بهێننە دی.
کوالیتی ژیان:
نەخۆشانی تووشبوو بە “تێکچوونی دەمارە جوڵێنەرەکان” کە نەخۆشییەکی پێشکەوتووە، ئەندامەکانی جەستەیان یەک لە دوای یەک لە کار دەکەون، بەتەواوی دەبنە کەسێکی پاشکۆ و لەسەر جێگا دەکەون، لە بارودۆخێکی دەروونی و سۆزداری زۆر خراپدا دەبن و هیچ چارەسەرێکیش نییە. لە سەرووی هەمووشیانەوە، چیتر هیچ ئارەزوو و حەزێکیان بۆ ژیان نەمێنێت. ڕەنگە تەنها ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە خراپتربوونی دۆخەکە، کۆتاییهێنان بێت بە ژیان. ئایا لۆژیکی نییە مرۆڤ بە ئازارێکی زۆر کەمتر بمرێت و ڕێگری لە هەموو دەرئەنجامە خراپەکان بکات؟ کوالیتی ژیان گرنگترە لە چەندێتی (درێژی) ژیان.
چاودێریی کۆتایی ژیان و چاودێریی پاڵپشتیکەر بۆ هەندێک نەخۆش بەس نین:
سەرەتا، چاودێریی پاڵپشتیکەر یاساییە و هەندێکجار جۆرێکی ترە لە یۆتەناژیا چونکە “کاریگەریی دوولایەنە”ی هەیە. چاودێریی پاڵپشتیکەر مردن خێرا دەکات بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەو دەرمانە ئازارشکێن و هێورکەرەوانەی بە نەخۆشەکە دەدرێت. ئەمە لەسەر حیسابی تەمەنی نەخۆشەکە دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی.
کەواتە، لە هەردوو حاڵەتەکەدا مردنی پێشوەختە ڕوودەدات، بەڵام تەنها چاودێریی پاڵپشتیکەر یاساییە. دووەم، هەندێکجار ئازارەکە ئەوەندە تاقەتپڕوکێن دەبێت، تەنها شتێک کە بتوانین بیکەین ئەوەیە کە نەخۆشەکە بێهۆش بکەین بەهۆی ئەو هەموو دەرمانە هێورکەرەوانەی پێی دەدرێت. لە زۆر حاڵەتدا، نەخۆشەکە هیچ ئارەزوویەکی لەو چارەسەرانە نییە. ئەو کاتە بەرپرسیارێتی ئێمەیە کە مافی هەڵبژاردنیان پێ بدەین. ئامارەکانی ساڵی 2022ی ئۆریگۆن نیشانی دەدەن کە زۆرینەی (91.4٪) ئەو نەخۆشانیەی مردنی بەشکۆ هەڵبژاردبوو، پێشتر لەژێر چاودێریی پاڵپشتیکەردا بوون.
یوتەنەیژا لە خۆکوژی جیاوازە و ڕێوشوێنی پارێزگاریی هەیە:
یەکێک لە باوترین پرسیارەکان ئەوەیە کە ئایا یوتەنەیژا و خۆکوژی هەمان شتن؟ نەخێر، وەک یەک نین. لە یوتەنەیژای یاساییدا، دەتوانین جیاوازی بکەین لەنێوان ئازارێک کە چارەسەر دەکرێت و ئازارێک کە چارەسەری نییە. هەروەها ماوەیەک بۆ “تێڕامان و ساردبوونەوە” هەیە کە کات دەداتە نەخۆشەکان تا لە کاتێکدا کە لە ڕووی دەروونییەوە جێگیرن، بڕیار بدەن و بیر لە دەرئەنجامەکان بکەنەوە.
بە پێچەوانەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن و بە شێوەیەکی زۆر پڕ لە ئازار و ترسناک و بە تەنیاو نامرۆڤانە دەمرن، لە یوتەنەیژادا، زۆربەی نەخۆشەکان هەڵدەبژێرن کە لە دەوروبەری خێزانەکانیان بن کاتێک دەمرن، بە شکۆ و بەبەزەییەوە و مردنێکی ئارامیان هەبێت.
وەک داتاکان نیشانی دەدەن، 91.7٪ی نەخۆشەکان هەڵیانبژاردووە لە ماڵەوە بمرن, ٩٥.٥٪یان خێزانەکانیان لە بڕیارەکەیان ئاگادارکردۆتەوە. یوتەنەیژا مەرجی زۆر توندی هەیە و لەژێر چاودێری وردی دەسەڵاتداراندایە.
لەکۆتاییدا، ئێمە بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادە و سەربەخۆین و زوو بێت یان درەنگ مردن هەر دێت، ئەمانە ڕاستین و دەبێت قبوڵ بکرێن. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ژیانێکی باش و مردنێکی باشە، ژیان و مردن بە شکۆوە. کاتی ئەوە هاتووە گۆڕانکاری و چاکسازی بکەین. ئەوەی پێویستە بیکەین ئەوەیە کە مافی هەڵبژاردن بدەین بەوانەی دەیانەوێت و شایستەی ئەوەن.
نووسینی وتار: بەشدار عوسمان
وەڵامێک بنووسە