وەرزێر عوسمان
دەرمانی دژەخوێنمەیینی ناسراو بە وارفەرین(وۆرفرن Warfarin) یەکێکە لە ناسراوترین دەرمانە بەکارهێنراوەکان، کە بەکاردێت لە زۆر نەخۆشی و کێشەی تەندروستیدا، لەوانە( چارەسەری خوێنمەیینی ناو خوێنهێنەرەکان، تۆپەڵەخوێنی مەییـوی ناو خوێنبەری سییەکان، ڕێگرتن لە جەڵتەی مێشک لەو نەخۆشانەی ناڕێکە گرژبوونی گوێچکەڵەی دڵیان هەیە، ئەوانەی کێشەی زمانەکانی دڵیان هەیە، یاخود ئەو نەخۆشانەی زمانەی دەستکردی دڵیان هەیە و چەندین نەخۆشی تر).
چیرۆکی دۆزینەوەی وارفەرین، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1920ـەکان لە مێرگەکانی کەنەدا و ئەمەریکای باکوور. لە پێشتردا، هەندێکجار بزن و ڕەشەوڵاخە تەندروستەکان(مانگا و گا و گامێش و هتد..) بەبێ هۆکارێکی ڕوون و ئاشکرا، تووشی خوێنبەربوونی ناوەوەی لەش دەبوون و دەمردن. ئەو ڕەشەوڵاخ و بزنانە، خواردن و ئالیکیان گیای سێپەڕە(Melilotus alba و Melilotus officinalis) بوو. سەرنجدرا کە بەتایبەت کاتێک ئەو باری خوێنبەربوونە لەو ئاژەڵانەدا ڕوودەدا، کە کەشوهەوا شێدار بێت، کە ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی ئەو ئالیکەی ئاژەڵەکان دەیانخوارد، کەڕوو لێی بدات. لە کاتی ئاساییدا، ئەو ئالیکەی کە کەڕووی دەکرد فڕێدەدرا؛ بەڵام لە ساڵانی 1920ـەکاندا، قەیرانی دارایی ڕووی لە جوتیارەکان کردبوو، بۆیە جوتیارەکان جگە لەو ئالیکە کەڕووکردووە، هیچی تریان نەبوو تا لەجێی بیدەنە ئاژەڵەکانیان و بیانلەوەڕێنن پێی. لەو سەردەمەدا، ئەم نەخۆشیە بە ناوی نەخۆشی گیای سێپەڕە sweet clover disease ـەوە ناسرا.
لەو ساڵانەدا، دوو پزیشکی نەشتەرگەری ڤێتێرنەری بەناوەکانی (فرانک و. شکۆفیڵد) و (لی م. ڕۆدریک)، دەریانخست کە ئەم نەخۆشیە دەتوانرێت لەڕێی فڕێدانی ئالیکە کەڕووکردووەکان و گواستنەوەی خوێنی فرێش بۆ ناو ئاژەڵە توشبووەکان چارەسەر و بنبڕبکرێت. سەرەڕای ئەو پێشنیارانە بۆ فڕێدانی ئالیکی کەڕووکردوو و نەدانیان بە ئاژەڵەکانیان، زۆر لە جوتیارەکان ئەو ئامۆژگاریانەیان بەهەند وەرنەگرت، بۆیە ئەو نەخۆشیە تا دەیەی داهاتووتریش هەر باو بوو.
جوتیارێک لە ویسکۆنسنی ئەمەریکا، بەنائوێدیەکی زۆرەوە مانگا مردارەبووەکەی و بتڵێکی پڕ لە خوێنی نەمەییوی مانگاکەی بۆ وێستگەیەک برد، کە 200 میل لە کێڵگەکەی خۆیەوە دووربوو. ئەو وێستگەیە تاقیکردنەوەیەکی کشتوکاڵی تێدا ئەنجام دەدرا، لەوێ جوتیارەکە مانگا و بتڵە پڕ خوێنەکەی پێشکەشی پسپۆڕێکی بایۆکیمستری بەناوی (کارڵ لینک) و ستافەکەی کرد، تا لێکۆڵینەوەی لێبکەن، بەو ئومێدەی هۆکار و چارەسەری ئەو نەخۆشیە بدۆزنەوە. کاڕڵ لینک و هاوڕێکانی دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە و دیاریکردنی ئەو ئاوێتە چالاکەی دەبێتە هۆی ئەو خوێنبەربوونە. پاش ماوەیەکی کەم، لینک و هاوڕێکانی تاقیکردنەوەیەکی نوێی مەینی خوێنیان داهێنا بۆ جیاکردنەوەی ئەو ئاوێتانەی لە ئالیکدا هەن، ئەوەش بەبەکارهێنانی پلازمای کەروێشک.
لە ساڵی 1940ـدا، لینک و هاوڕێکانی پاش 6 ساڵ لە کارکردنی بەردەوام، توانیان ئەوە دەربخەن کە ماددەیەکی سروشتی هەیە لە ناو ئالیکدا بەناوی کاومارین Coumarin، کە دەگۆڕێت بۆ ماددەیەکی تر بەناوی دیکاوماڕۆڵ Dicoumarol لەو ئالیکانەی کەڕوو لێی دەدات. ئەم لێکۆڵینەوەیە لەلایەن ڕێکخراوێک پشتگیری ماددی کرا بەناوی WARF، کە لە ساڵی 1941ـدا مافی داهێنانیان بۆ ئەو دۆزینەوەیە وەرگرت.
لە ساڵی 1945ـدا، لینک دەستیکرد بە بەکارهێنانی لێوەرگیراوەکانی کاومارین بۆ دروستکردنی ژەهر بۆ کوشتنی ئاژەڵە قرتێنەرەکان(مشک و جرج و هتد..). دیکاوماڕۆڵ زۆر هێواش کاری دەکرد، بۆیە زۆر کرداری نەبوو بۆ دروستکردنی ژەهر. لینک و هاوڕێکانی دەستیانکرد بە کارکردن لەسەر 150 جۆری کاومارین، بۆیان دەرکەوت ژمارە 42 زۆر بەهێزە. پاش ئەوەی ڕێکخراوێک پشتگیری ماددی بۆ دروستکردنی ژەهری قرتێنەرەکان کرد لەو ئاوێتەیەوە، ئاوێتەکە ناونرا وارفەرین Warfarin(کە بەشی یەکەمی ناوەکە لە ناوی ڕێکخراوی WARF وەرگیراوە، کە پشتگیری ماددی پڕۆژەکەی لینکـیان کردبوو، بەشی دووەمیشی لە ناوی کاومارین وەرگیراوە)، کە ساڵی 1948 دەستکرا بە فرۆشتنی لە مارکێتەکاندا وەکو ژەهری قرتێنەرەکان.
لە ساڵی 1951ـدا، سەربازێکی نوێی سوپای ئەمەریکا هەوڵی خۆکوشتنیدا بەبەکارهێنانی چەند بڕێکی وارفەرین. سەربازەکە بەپەلە برایە نەخۆشخانە، بەڵام بەتەواوی باشبووەوە پاش چارەسەرکردن بە ڤیتامین K. دوای ئەو ڕووداوە، توێژینەوەکان دەستیانپێکرد بۆ بەکارهێنانی وارفەرین وەکو دەرمانی دژەخوێنمەیین بۆ چارەسەر. لەو کاتەدا دەرمانی دژەخوێنمەیین هەبوو، بەڵام هیپارین(هێپرن Heparin) نەدەتوانرا لەرێی حەپەوە وەربگیرێت و پێویستی بە دەرزیلێدان هەبوو، هەروەها دیکاوماڕۆڵ زۆر خاوبوو تا کاری دەکرد. باشیەکانی وارفەرین ئەوەبوون کە دەتوانرا لەڕێی حەپەوە وەربگیرێت، زۆر بەهێزتربوو لە دیکاوماڕۆڵ، هەروەها دەتوانرا کاریگەریەکەی پێچەوانەبکرێتەوە بەهۆی ڤیتامین K. بۆیە لە ساڵی 1954ـدا، وارفەرین ڕێگەی پێدرا بۆ بەکارهێنان لە مرۆڤدا لەژێر ناوی بازرگانی کاومادین Coumadin.
یەکێک لە ئەو کەسانەی سەرەتا ئەو حەپەی وەرگرت وەک چارەسەر، سەرۆکی ئەمەریکای ئەوکات(دوایت د. ئایزنهاوەر) بوو، کە پاش ئەوەی تووشی جەڵتەی دڵ بوو لە ساڵی 1955ـدا، ئەو حەپەی وەکو چارەسەر بۆ نووسرا.
سەرەڕای بەکارهێنانە زۆرەکەی، بەڵام تا ساڵی 1978 نەتوانرا چۆنیەتی کارکردنی وارفەرین لەسەر جەستە بزانرێت، کە لەو ساڵەدا (جۆن و. سویت) و هاوڕێکانی توانیان ئەوە ڕوونبکەنەوە کە وارفەرین زیندەچالاکی ڤیتامین K تێکدەدات، لەڕێی وەستاندنی ئەنزیمێک بەناوی Epoxide Reductase.