- پەرەسەندن و پۆلێنکردنی مرۆڤ
(ئایا داروین گوتوویەتی ئێمە نەوەی مەیموونین؟)
بە گشتی لە سەرانسەری دنیادا هەرکاتێک ناوی زانای ئینگلیز چارڵز داروین Charles Darwin بهێنرێت، ڕاستەوخۆ شتێک بە مێشکی خەڵکیدا دێت، کە گوایە داروین گوتوویەتی (مرۆڤ لە مەیموونەوە هاتووە). ئەم هەڵە تێگەیشتنە لە بیردۆزەکەی داروین شتێکی نوێ نییە و تایبەت نییە بە ناوچەیەکی جوگرافی، بەڵکو هەڵەتێگەیشتنێکی باوە لە سەرانسەری جیهاندا دەربارەی تیۆری پەرەسەندن. چارلز داروین زانایەکی مەزنی بایۆلۆجی و جیۆلۆجی و سروشتناسیە، کە بە بڵاوکردنەوەی کتێبی دەربارەی ڕەچەڵەکی جۆرەکان On the Origin of Species لە ساڵی ١٨٥٩ـدا بناغەیەکی زانستی بۆ پەرەسەندنی بایۆلۆجی دانا و بەوهۆیەوە ناوبانگی بە سەرانسەری جیهاندا لە ماوەیەکی کەمدا بڵاوبووەوە. داروین لەو شاکارە بەناوبانگەیدا باسی لە پەرەسەندنی مرۆڤ نەکردووە، بەڵكو لە شوێنێکدا زۆر بەکورتی دەڵێت لە داهاتوودا باسی پەرەسەندنی مرۆڤ دەکەین. دوای ٤ ساڵ کتێبێک بەناوی Evidence as to Man’s Place in Nature لەلایەن زانایەکی ئینگلیزی مرۆڤناس و بایۆلۆجست بەناوی تۆماس هەکسلی Thomas Henry Huxley بڵاوکرایەوە، کە تیۆریەکەی داروینی بەکارهێناوبوو بۆ لێکدانەوەی پەرەسەندنی مرۆڤ بە بەڵگەوە، کە ئەوە یەکەمجار بوو باسی پەرەسەندنی مرۆڤەکان و باوانیان بکرێت بەم شێوە زانستیە. دوای ١٢ ساڵ لە یەکەم کتێبی، داروین دووەم کتێبی بە ناوی ڕەچەڵەکی مرۆڤ Descent of Man ـی بڵاوکردەوە، کە تیایدا تیۆری پەرەسەندنی لە مرۆڤدا ڕووندەکردەوە و ڕەچەڵەکی مرۆڤی دەناساند لە ڕووە بایۆلۆژیەکەوە. هەر لەو ساڵەدا و دوای بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبە، وێنەیەکی کارتۆنی بڵاوبووەوە کە وێنەی مەیموونێک بوو، کە بە گالتەجاڕانەوە سەری داروینیان کردبووە سەری مەیموونەکە. ئەم گاڵتەجاڕی و پروپاگەندە و بانگەشانە لەو ساتەوە و بگرە زووتریش هەر لە دوای بڵاوبوونەوەی یەکەم کتێبی داروین بە دنیادا بڵاوبوونەتەوە، بەڵام ئایا ئەمانە لە ڕووی زانستیەوە تا چەند ڕاستن و ئایا داروین هەرگیز شتی وەهای گوتووە؟ ئایا بنەچە و ڕەچەڵەکی مرۆڤ بەپێی زانست چییە و چۆن بەپێی زانست پۆلێنی مرۆڤ دەکرێت؟
ئایا داروین گوتوویەتی مرۆڤ لە مەیموونەوە هاتووە؟
ڕاستیەکە ئەوەیە داروین هەرگیز نەیوتووە کە مرۆڤ لە مەیموون Monkey ـەوە پەرەیسەندووە، بەڵکو داروین لە کتێبەکانیدا ڕاستیەکی زانستی باسدەکات، کە بریتییە لەوەی مرۆڤ و پرایمەتەکان Primatesـی تر پێشتر باوانێکی هاوبەشیان هەبووە و پاشتر ئەو جۆرە ئاژەڵانە لقی جیاوازیان لێبۆتەوە و لە ملیۆنان ساڵدا بە پرۆسەی پەرەسەندندا ڕۆیشتوون و چەندین جۆری جیاواز هاتوونەتە کایەوە، کە یەکێکیان مرۆڤە! داروین و زانستی پەرەسەندن پێمان دەڵێن کە باوانی مرۆڤ و ئەیپەکانی تر لە سەردەمێکدا هاوبەش بووە، بەڵام پێویستە تێبگەین پۆلێنی زانستی مرۆڤ چۆنە و پرایمەتەکان و ئەیپەکان و هۆمۆکان کێن.
مرۆڤ لە کوێی پۆلێنی زانستیدایە؟
لە زانستدا هەموو زیندەوەرێک پۆلێن دەکرێت و بەپێی ئەوە دەتوانین ئاسانتر لە جۆرەکانی زیندەوەر و خزمایەتی نێوانیان و چۆنیەتی پەرەسەندیان لەیەکەوە تێبگەین، لەم پۆلێنکردنەشدا هەموو زیندەوەرێک سەر بە چەندین کۆمەڵەی جیاواز جیاوازە. مرۆڤی ئەمڕۆ لە زانستدا ناوی هۆمۆ سەیپیەنزە Homo Sapiens، لە پۆلێنکردنی زانستیدا Taxonomy لە بواری زیندەوەرە ناووکڕاستەقینەکانە (زیندەوەرە ناووکڕاستەقینەکان Eukaryotes بریتیین لەو زیندەوەرانەی کە ناووکی ناو خانەکانیان بە پەردە دەورەدراوە، بەڵام زیندەوەرە ناووکناڕاستەقینەکان Prokaryotes ناووکی خانەیان بە هیچ پەردەیەک دانەپۆشراوە)، لە ناو بواری زیندەوەرە ناووکڕاستەقینەکدانیشدا، مرۆڤ سەر بە شانشینی ئاژەڵەکانە، و لەناو شانشینی ئاژەڵانیشدا سەر بەو لقەیە کە پەتکی دەماریان Nerve Cord لە پشتیاندا هەیە و پێیان دەوترێت پەتکدارەکان (نابێت بڕبڕەدارەکان ٢٦ و پەتکدارەکان ٢٧ تێکەڵ بکەین، کە بڕبڕەدارەکان لقێکی بچووکن لەناو لقی گەورەی پەتکدارەکاندا، کە بڕبڕەدارەکان جگە لەوەی خاوەنی پەتکی دەمارین، خاوەنی بڕبڕەیەکی پشتن کە پارێزگاری لەو پەتکەدەماریە دەکات، بەڵام مەرج نییە هەموو ئاژەڵێک کە پەتکی دەماری هەبێت بە بڕبڕە پارێزراوبێت). لەناو لقی پەتکدارەکاندا مرۆڤ سەر بە پۆلی شیردەرەکانە، کە بە بوونی موو یان تووک لەسەر پێستیان، هەروەها بە بوونی ڕژێنی شیر لە دایکانەکاندا و مێشکێکی ئاڵۆزتر و چەند تایبەتمەندیەکی دی لە ئاژەڵانی تر جیادەکرێنەوە. لە ناو پۆلی شیردەرەکانیشدا مرۆڤ سەر بە ڕیزێکە کە پێیان دەوترێت ڕیزی پرایمەتەکان!
پرایمەتەکان چین؟
ڕیز Orderی پرایمەتەکان بریتین لە کۆمەڵەیەک لە ئاژەڵە شیردەرەکان، کە نزیکەی ٦٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەرکەوتوون. پرایمەتەکان لە هەر سێ کۆمەڵە ئاژەڵەکانی پرۆسیمیانەکان Prosimians و مەیموونەکان و ئەیپەکان پێکدێن. پرۆسیمیانەکان هەر سێ ئاژەڵی لیمەرەکان Lemurs، لۆرێسەکان Lorises و تارسیەکان Tarsiers دەگرێتەوە. مەیموونەکان Monkeys دەبنە دوو کۆمەڵەی سەرەکی، کە مەیموونی جیهان کۆن و مەیموونی جیهانی نوێن. ئەیپەکانیش Apes دەبنە دوو کۆمەڵەی سەرەکی، کە ئەیپە گەورەکان و ئەیپە بچووکەکانن. ئەیپە بچووکەکان هەردوو ئاژەڵی گیبۆنGibbon و سیامەنگەکانSiamang دەگرێتەوە. هەریەک لە ئۆرانگۆتانOrangutan و گۆرێلاGorilla و بۆنۆبۆBonobo و شامپانزیChimpanzee و مرۆڤەکان سەر بە کۆمەڵەی ئەیپە گەورەکانن. پرایمەتەکان بە گشتی نزیکەی ٥٠٠ جۆری جیاواز Speciesی جیاواز لە ئاژەڵان دەگرێتەوە ( کە لەمڕۆدا نزیکەی ٣٥٠ جۆریان هێشتا لەژیاندا ماون)، کە بەمەش پرایمەتەکان سێیەم زۆرترین ڕیزن لە ناو شیردەرەکان لە ژمارەی جۆرەکاندا لە دوای هەردوو ڕیزی ئاژەڵە قرتێنەرەکان Rodentia و شەمشەمەکوێرەکان Chiroptera.
هەرچەند جۆراوجۆرێتی لەناو پرایمەتەکان بوونی هەیە، بەڵام هەموویان بەگشتی هاوبەشن لە چەندین سیفەتی توێکاری و کارکردیدا، کە دەرخەری ئەوەیە باوانیان هاوبەش بووە. مێشکی پرایمەتەکان بەبەراورد بە کێشی لەشیان گەورەترە لە هەموو شیردەرانی تری زەوی. هەروەها هەموویان درزێک Fissureـی بێهاوتایان هەیە لە مێشکیاندا کە پێی دەوترێت درزی کەڵکەرین Calcarine Sulcus، کە ناوچەی یەکەم و دووەمی بینین لە مێشکدا جیادەکاتەوە. هەروەها لەناو شیردەرەکاندا پرایمەتەکان تاکە ئاژەڵن کە نینۆکێکی تەختیان هەبێت لە پەنجەکانیاندا (گەرچی هەندێکیان سم Hoof یان چنگ Claw ـیان هەیە، بەڵام تەنها لەسەر پەنجەگەورەیان Hallux نینۆکی تەختیان هەیە). پرایمەتەکان لە دەست و قاچیاندا کۆتاییەدەماریەکی تایبەتیان هەیە کە پێی دەوترێت وردیلەی مایزنەر Meissner’s Corpuscle، کە وا دەکەن هەستی بەرکەوتنی قاچ و دەست بە شتەکان زۆر باشتر بێت، بەمەش وردتر و باشتر هەست بە شتەکان بکەن کاتێک بەریان دەکەوێت. ڕیشاڵەکانی دەماری بینین لە چاوی پرایمەتەکاندا، کاتێک دەچێتە بەشی پشتەوەی مێشک بۆ ناوچەی بینین، دەچێتە ئەوبەری مێشک، واتە دەماری چاوی ڕاست دەچێتە بەشی لای چەپ و بەپێچەوانەشەوە، بەڵام لە هەندێ لە جۆری پرایمەتەکاندا ٪٤٠ی ئەو ڕیشاڵانە ناچنە ئەوبەر. چاو لە هەموویاندا ڕووی بەرەو پێشەوەیە و بینینی هەردوو چاوەکە تێکەڵی یەکتر دەبێت، کە ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندی ئاژەڵە دڕەندەکان Predator، هەر بۆیە ئەم تایبەتمەندیە ئەگەری ئەوە زیاددەکات کە باوانی پرایمەتەکان دڕندە بووبن و لەسەر ڕاوکردنی ئاژەڵانی تر ژیابن. یەکێک لە تایبەتمەندیە باشەکان بۆ ناسینەوەی بەبەردبووی پرایمەتەکان بە ئاسانی لەناو شیردەرەکاندا بریتییە لە ددانە تایبەتەکەیان، کە بەشە دەڕپەڕیووەکەی ددانی خڕێ Molarو پێشخڕێیان Premolar نزم و خڕە. لە تایبەتمەندیەکانی تری پریمەتەکان بریتیین لە بوونی ئێسکی چەڵەمە Clavicle، بوونی چاڵی چاو کە بە ئێسک دەوردراوە و هەروەها دەست و پەنجەیەک کە بۆ گرتنی شتەکان زۆر باشە بەهۆی بوونی پەنجە گەورە لە بەرامبەر پەنجەکانی دیدا. پرایمەتەکان چەندین تایبەتمەندی دیکەشیان هەیە کە پێکەوە وا دەکەن جیایان بکاتەوە لە شیردەر و هەموو ئاژەڵانی تر. لەناو ڕیزی پرایمەتەکاندا، مرۆڤ سەر بە خێزانی “هۆمینیدای Hominidae”ـە (کە دواتر ڕوونیدەکەینەوە). وەک باسمانکرد، پرایمەتەکان لە سێ کۆمەڵەی سەرەکی پێکهاتوون، کە بریتیین لە پرۆسیمیانەکان Prosimians، مەیموونەکان Monkeys و ئەیپەکانن Apes، و مرۆڤ سەر بە کۆمەڵەی ئەیپەکانە، بەڵام ئەیپەکان چین و کێن؟
ئەیپەکان چین؟
ئەیپەکان کۆمەڵەیەکی سەرەکین لەناو پرایمەتەکاندا، کە لە نزیکەی ٢٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، باوانی هاوبەشی نێوان مەیموونەکان و ئەیپەکان ژیاوە، واتە ئەیپ و مەیموون دوو کۆمەڵەی جیای پریمەتەکانن، نەک یەک شت بن. جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان مەیموون و ئەیپەکان، کە ئاسانترین ڕێگا بەگشتی بۆ جیاکردنەوەی ئەیپ و مەیموونەکان ئەوەیە کە مەیموونەکان کلکیان هەیە، لەکاتێکدا ئەیپەکان کلکیان نییە (لە ٢٦٠ جۆری مەیموون تەنها ٢ جۆریان کلکیان نییە، بەڵام سەرجەم ئەیپەکان بێ کلکن). ئەیپەکان بەهۆی جیاوازی قەبارەی لەشیانەوە دەکرێنە دوو کۆمەڵەی ئەیپە گەورەکان Great Apes و ئەیپە بچووکەکان Lesser Apes، کە مرۆڤ سەر بە کۆمەڵەی ئەیپە گەورەکانە! بەڵام گەر زانسیانەتر پۆلێنی ئەیپەکان و مرۆڤ لەناو ئەیپەکاندا بکەین، ئەوا خێزانی گەورەی هۆمینۆیدیا (هۆمینۆیدەکان یاخود ئەیپەکان) Hominoidea (hominoids) سەرجەم ئەیپەکان دەگرێتەوە، کە دواتر لە نزیکەی ٢٠ ملیۆن ساڵێک لەمەوبەر دابەش دەبن بۆ دوو خێزانی هۆمینیدای (هۆمینیدەکان یاخود ئەیپە گەورەکان) Hominidae (Homininds) و هایلۆباتیدای (یاخود ئەیپە بچووکەکان) Hylobatidae، کە مرۆڤ سەر بە خێزانی هۆمینیدەکانە، کە ئەوانیش دابەشی دوو بچووکەخێزانی دیکە بوون، کە ئەوانیش هۆمینینای (هۆمینینایەکان) Homininae (Hominines) و پۆنجینایـ Ponginae ـن. مرۆڤ سەر بە بچووکەخێزانی هۆمینیناکانە، کە ئەوانیش دابەشی دوو هۆز Tribeـی هۆمینینی (هۆمینینیەکان) Hominini (Hominins) و گۆریلینای Gorillinae دەبن. لە نزیکەی ٦ بۆ ٨ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر کۆتا باوانی نێوان ئێمە و شامپانزی و بۆنۆبۆکان ژیاوە و ئیدی هۆمینینیەکان دابەشی هەردوو کۆمەڵەی هۆمینینا Hominina (کە چەند چین Genus و جۆری جیاواز دەگرێتەوە و هۆمۆ Homo یاخود مرۆڤەکان سەر بە ئەم چینەن) و چینی پانینای Paninae دەبن، هەرچەند بەپێی نوێترین توێژینەوە کە لە گۆڤاری Proceedings of the National Academy of Sciences بڵاوکراوەتەوە دەکرێت زووتر ئەو جیابوونەوەیە ڕوویدابێت .
هۆمینینا چییە؟
هۆمینینا چەندین چین و جۆری جیاواز دەگرێتەوە، کە هەموویان ئەوانەن کە یاخود مرۆڤن و یان لە مرۆڤ چوون، کە لەسەر زەوی ژیاون و تا ئێستا نازانین چەند جۆر Species بوون، بەڵام تا ئێستا ٢١ جۆریان زانستیانە ناسراون و بەڵگەیان لەسەر دۆزراوەتەوە، لەناویشیاندا لە کۆتاییدا تەنها یەک جۆر ماوە، کە مرۆڤەکانی ئەمڕۆن و لە ڕووە زانستیەکەوە پێیان دەوترێت هۆمۆ سەیپیەنز Homo Sapiens. هۆمینینا (کە پێشتیان دەوترێت ئۆسترالۆپێسێسین Australopithecine یان ئۆسترالۆپیسس Australopiths) چەندین چین و جۆری جیاواز دەگرێتەوە و مرۆڤەکان (هۆمۆکان) Homo تەنها یەک چینن لەناویاندا. لە سەرەتادا کۆمەڵێک چین و جۆری سەرەتایی ئەو هۆمینینانە دەرکەوتوون و هەبوون، لە نموونەی جۆرەکانی وەک ئاردیپیسەکەس Ardipithecus و ئۆرۆرین Orrorin و ساهیلانسرۆپەس Sahelanthropus و گریکۆپیسەکەس Graecopithecus، و پاشتر جۆرەکانی ئۆسترالۆپیسەکەس Australopithecus دەرکەوتوون، کە ئەمیش هەر سێ جۆری مرۆڤ (هۆمۆ) و پارانسرۆپەس Paranthropus و کێنیانسرۆپەس Kenyanthropus لێیەوە پەرەیانسەندووە. واتە ئەم جۆرانە هەموویان سەر بە هەمان کۆمەڵەن و دەکرێت باوان یان خزمی نزیکمانبن، بەڵام هێشتا نەتوانراوە پەیوەندی ئاڵۆزی تەواوەتی نێوان ئەو جۆرانە یەکلابکرێتەوە و بزانرێت کێ بەتەواوەتی باوانی کام جۆرەیە و کام جۆر سەربەخۆ پەرەیسەندووە، کە ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی زیاترە بۆ یەکلابوونەوەیان، بەڵام ئەوەی تا ئێستا پێی گەیشتووین ئەوەیە کە هۆمینینا سەرەتاییەکان دەکرێت باوانی ئۆسترالۆپیسیکەس بن و دواتر ئۆسترالۆپیسیکەس چەندین جۆری لێبۆتەوە و یەکێکیان چینی مرۆڤەکانن (هۆمۆکان).
هۆمۆکان کێن؟
وەک باسکرا، هۆمۆ لە دواین چینە دەرکەوتووەکانی ناو کۆمەڵەی هۆمینینایە و ئەمیش چەندین جۆری جیاواز دەگرێتەوە، کە بەتەواوی ژمارەیان نازانین، مرۆڤەکانی ئەمڕۆش (هۆمۆ سەیپیەنز) یەکێکن لەو جۆرانە. تا ئێستا چەندین جۆری جیاوازی مرۆڤ ناسێنراون و بەڵگەیان لەسەر دۆزراوەتەوە، کە هەندێک لەوان وەکو هۆمۆ سەیپیەنز (مرۆڤەکانی ئەمڕۆ)Homo sapiens، هۆمۆ هابیلیس Homo habilis، هۆمۆ ڕودۆڵفێنسس Homo rudolfensis، هۆمۆ ئیرێکتەس Homo erectus، هۆمۆ ئەنتیسێسەر Homo antecessor، هۆمۆ هایدڵبیرگێنسس Homo heidelbergensis، هۆمۆ فلۆرێسیەنسس Homo floresiensis، هۆمۆ نیاندەرتاڵێنسس (نیاندەرتاڵەکان) Homo Neanderthalensis، هۆمۆ نەڵێدی Homo naledi و هۆمۆ دێنیسۆڤان Homo denisovan و هتد. تایبەتمەندی جیاکەرەوەی ئەم مرۆڤانە ئەوەیە کە هەموویان بەگشتی بۆشایی کەلەی سەریان گەورەیە، پەلەکانیان بۆ بەپێوەوەستان گونجاون و لەسەر دوو پێ دەڕۆن، پەنجەگەورەی دەستیان بەتەواوی پەرەیسەندووە و بەرامبەر پەنجەکانی دی وەستاوە و دەستیان زۆر بەهێز و وردە بۆ گرتنی شتەکان و چەندین تایبەتیمەندی تر.
خزمایەتی ئێمە و شامپانزیەکان چۆنە؟
نزیکترین خزمی مرۆڤەکان، بریتیین لە شامپانزی و بۆنۆبۆکان، کە یەکێکن لە زیرەکترین ئاژەڵەکانی زەوی. داروین لە کۆتایی ساڵانی ١٨٠٠ــەکانەوە ئەوەی ڕوونکردەوە کە مرۆڤ و ئەیپە گەورەکانی دی باوانێکی هاوبەشیان هەبووە. بەڵام پاش پێشکەوتنەکانی زانستی بۆماووەزانی Genetics توانیمان باشتر لە نزیکی خزمایەتی خۆمان و شامپانزی و بۆنۆبۆکان تێبگەین (پێویستە ئاگاداربین کە بۆنۆبۆکان Bonobos لەگەڵ بابوونەکان Baboons تێکەڵ نەکەین بەهۆی لێکچوونی ناوەکانیان، کە بابوونەکان سەر بە کۆمەڵەی مەیموونەکانی جیهانی کۆنن، لە کاتێکدا بۆنۆبۆکان سەر بە ئەیپە گەورەکانن و لە نزیکترین خزمەکانمانن)، کە لێکچوونی ئێمە و شامپانزی و بۆنۆبۆکان لە ڕووە جینۆمیەکەوە زیاترە لە لێکچوونی شامپانزی و گۆرێلایەک! تەنانەت لێکچوونی ئێمە و شامپانزییەکان زیاترە لە لێکچوونی نێوان مشک و جرجەکان! مرۆڤ و شامپانزیەکان ٪٩٨.٨ ـی بۆماووەماددەکەیان DNA لێکچووە و تەنها ٪١.٢ ـی بۆماووەماددەکەیان جیاوازە!
بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو، ئێمە خاوەنی ٢٣ جووت کرۆمۆسۆمین، لەکاتێکدا شامپانزیەکان خاوەنی ٢٤ جووت کرۆمۆسۆمن، کە ئەمەش وایکرد زانایان دوو ئەگەر دابنێن، کە یاخود باوانی ئێمە و شامپانزیەکان خاوەنی ٢٣ کرۆمۆسۆم بوون و دواتر کرۆمۆسۆمێک لەت بووە لە شامپانزیەکاندا و بووەتە دوو کرۆمۆسۆم، یاخود باوانمان خاوەنی ٢٤ جووت کرۆمۆسۆم بوون و دواتر لە مرۆڤدا دوو کرۆمۆسۆم یەکیانگرتووە و بوونەتە یەک کرۆمۆسۆم. لە ساڵی ٢٠٠٥ ـدا بڵاوبوونەوەی توێژینەوەیەک دەریخست کرۆمۆسۆمی ژمارە ٢ لە مرۆڤدا لە دوو کرۆمۆسۆمی یەکگرتوو پێکهاتووە! سێ بەڵگەی ڕوون بۆ ئەمە خرایە ڕوو، کە یەکەمیان ئەوەبوو هەمان ئەو ڕیزبەندی بۆماووەماددە DNA ـەی لە کرۆمۆسۆمی دووەمـی مرۆڤدا هەیە، لە شامپانزی و گۆرێلا و ئۆرانگوتانەکانیشدا هەیە، بەڵام ئەو ڕیزبەندیە لەجیاتی لەسەر یەک کرۆمۆسۆم بێت، لەسەر دوو کرۆمۆسۆمی جیان! دووەم بەڵگە لەسەر ئەوەی کرۆمۆسۆمی دووەمی مرۆڤ لە دوو کرۆمۆسۆمی یەکگرتوو پێکهاتووە ئەوەیە کە تێلۆمیری پاشماوەیی Vestigial Telomere و سێنترۆمیری پاشماوەیی Vestigial Centromere لەسەر ئەو کرۆمۆسۆمە بوونیان هەیە. هەر کرۆمۆسۆمێک لە کۆتاییەکانیدا بەشێک هەیە پێیان دەوترێ تێلۆمیر Telomere، کە چەندین ڕۆڵیان هەیە، وەکو پاراستنی کرۆمۆسۆمەکان لەوەی لەلایەن ئەنزیمەکانەوە تێکبشکێنرێن و هەروەها ناسینەوەی لەکاتی دابەشبوونی خانە و هەروەها بەرپرسیشە لە بەشێکی پیربوونی مرۆڤ بەهۆی کوورتبوونەوەی لەگەڵ هەر دابەشبوونێکی نوێی خانەدا. لە ناوەڕاستی کرۆمۆسۆمەکاندا سێنترۆمیر Centromere هەیە کە دوو باڵەکانی کرۆمۆسۆمێک بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە بە کرۆماتید Chromatid ناودەبرێت و ڕۆڵی سەرەکی هەیە لەکاتی دابەشبوونی خانەدا. هەر کرۆمۆسۆمێکی ئاسایی تەنها یەک سێنترۆمیر و چوار تێلۆمیری هەیە. بەڵام کاتێک سەیری کرۆمۆسۆمی دووەمی مرۆڤ دەکەین، جگە لە سێنترۆمیر و تێلۆمیری خۆی، خاوەنی سێنترۆمیر و تێلۆمیری پاشماوەییە، کە نیشانەی ئەوەیە کرۆمۆسۆمی دووەمی مرۆڤ پێشتر لە باوانەکانیەوە دوو کرۆمۆسۆم بوون و یەکیان گرتووە و هێشتا تێلۆمیر و سێنترۆمیری کرۆمۆسۆمەکەی دیکە بوونیان ماوە، بەڵام ڕۆڵیان لەدەستداوە.
یەکێکی دیکە لە بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکانی دیکەی ئەوەی کە باوانی ئێمە و شامپانزیەکان هاوبەش بووە، بریتییە لە جینۆمی ڤایرۆسی ڕیترۆ Retrovirus. ڤایرۆسی ڕیترۆ یەکێکە لە جۆرەکانی ڤایرۆس، کە کاتێک هێرشدەکاتە سەر خانەی خانەخوێیەک Host (ئەو زیندەوەرەی ڤایرۆسەکە هێرشی دەکاتەسەر) و خانەکەی تووشدەکات، بۆماووەماددەکەی خۆی لەڕێگەی ئەنزیمێکەوە دەخزێنێتە ناو بۆماووەماددە DNAـی خانەخوێیەکە. کاتێک ئەو خانەی ئەو خانەخوێیە زیاددەکات لەگەڵ کۆپیکردنی بۆماووەماددەکەی خۆی، بۆماووەماددەی ڤایرۆسەکەش کە تێکەڵی بووە کۆپی دەبێت و لە هەموو خانەکاندا بوونی دەبێت، دواتریش کاتێک ئەو زیندەوەرە وەچە دەخاتەوە، خانەکانی ئەو وەچە نوێیە لە ناو بۆماووەماددەکەیاندا بۆماووەماددە بێگانەکەی ڤایرۆسەکەیان تێدایە. ئەو بۆماووەماددەیەی ڤایرۆسە دەتوانێت بچێتە ناو ١٠ ملیۆن شوێنی جیاوازی ناو بۆماووەماددەی خانەخوێیەکەوە. بە درێژایی مێژوو خانەی باوانەکانی مرۆڤ تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون و بۆماووەماددەی ڤایرۆسەکان چۆتە ناو بۆماووەماددەکەمانەوە و شوێنی ئەو بۆماووەماددانەی خزاونەتە ناو بۆماووەماددەکەمانەوە دەلالەتن لە ئەو تووشبوونانەی باوانەکانمان بە ئەو ڤایرۆسانە، کە دواتر ئەم بۆماووەماددە بێگانانە لە چەندین کرداردا سوودی هەبووە بۆ مرۆڤ و بوون بە بەشێک لێمان. بەڵام ئێمە چۆن دەزانین ئەو بەشانەی بۆماووەماددەکەمان لە ڤایرۆسی ڕێترۆوە وەرمانگرتووە؟ زاناکان لە چەندین تاقیکردنەوەدا خانەی مرۆڤیان لە ئەو قاپانەدا Petri Dish چاند کە بۆ گەشەی میکرۆب و ڤایرۆسەکان بەکاردێن، بەوەش بینیان کە ئەو بەشانەی بۆماووەماددەی خانەی مرۆڤ بەهۆی ئەو بەشەی بۆماووەماددەکەوە دووبارە ڤایرۆسەکان بەرهەمدەهێنەوە! کەواتە گەر باوانەکانی مرۆڤ و شامپانزیەکان هاوبەشبووبێت، دەبێت زۆرینەی ئەو بۆماووەماددەی ڤایرۆسانەی ڕیترۆ لە ناو جینۆمی شامپانزی و مرۆڤەکان لە هەمان شوێندا بن، بەڵام ئایا وەهایە؟ دوای ئەوەی پێشکەوتنەکانی زانستی بۆماووەزانی وایکرد هەردوو جینۆمی مرۆڤ و شامپانزیەکانمان لەبەردەستبێت، بینیمان مرۆڤەکان لە ٢١١ شوێندا ئەو بۆماووەماددانەی ڤایرۆسی ڕیترۆ چۆتە ناو بۆماووەماددەکەمانەوە، لە کاتێکدا لە شامپانزیەکاندا لە ٢٠٨ شوێندا ئەو بۆماووەماددانە بینران! ئەوەی بووە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بۆ خزمایەتی و هاوبەشی باوانی شامپانزی و مرۆڤەکان ئەوەبوو کە بینرا ٢٠٥ دانە لەو بۆماووەماددانە لە هەمان شوێنن لە هەردوو جینۆمی مرۆڤ و شامپانزیدا، کە دەلالەتن لەوەی ئەو ڤایرۆسانە تووشی باوانەکانی ئێمە بوون پێش جیابوونەوەیان بۆ شامپانزی و مرۆڤەکان، و ٣ شوێنی جیاواز لە شامپانزی و ٦ شوێنی جیاوازی ئەو بۆماووەماددانە بینرا لە مرۆڤدا، کە دەلالەتن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی ڕێترۆ دوای جیابوونەوەی باوانە هاوبەشەکەمان بۆ مرۆڤ و شامپانزی! ئەگەری ئەوەی ئەو ٢٠٥ شوێنە هاوبەشانەی نێوان مرۆڤ و شەمپانزیەکان بە سوتفە ڕوویدابێت، نزیکە لە ئەستەمەوە. ئایا جگە لە تیۆری پەرەسەندن هیچ تیۆریەک هەیە لێکدانەوەیەکی لۆجیکی بۆ ئەو ڕاستیە زانستیانە بکەن جگە لە تیۆری پەرەسەندن؟
داروین و زانستی پەرەسەندن چی دەڵێن؟
ئەوەی داروین گووتی و ئەوەی ئەمڕۆ بەڵگە زانستیەکان بۆیان دەرخستووین ئەوەیە کە باوانی ئێمە و شامپانزی و بۆنۆبۆکان لە سەردەمێکی دووردا هاوبەش بووە، بگرە تا دوورتر بڕۆین دەزانین باوانی ئێمە لەگەڵ هەموو ئاژەڵان هاوبەش بووە، بەڵام ئەم تێگەیشتنە زۆر دوورە لەو بانگەشە هەڵەیەی گوایە مەیموون بووبێتە مرۆڤ، کە نە داروین نە لە هیچ شوێن و کتێبێکی زانستیدا هەڵەیەکی وا نەکراوە و تەنها قسەی ئەو کەسانەیە کە هیچ لە پەرەسەندن شارەزانین، بەڵکو ڕاستیەکە ئەوەیە نزیکترین خزمی ئێمە شامپانزی و بۆنۆبۆکانن نەک مەیموونەکان (کە زۆر جیاوازن لەیەکتر)، تەنانەت ئێمە لە بۆنۆبۆ و شامپانزییەکانیشەوە نەهاتووین، بەڵکو لە سەردەمێکی دووردا باوانمان هاوبەش بووە، نەوەک لەیەکترەوە پەرەمانسەندبێت، بە واتایەکی تر بۆنۆبۆ و شامپانزیەکان باووباپیرانی ئێمە نین، بەڵکو ئامۆزا و ئامۆزازامانن! کەواتە ئەو هەڵە تێگەیشتنەی کە مەیموونێک هەبووە و لەگەڵ کاتدا بۆتە مرۆڤ زۆر دوورە لە ڕاستیە زانستیەکەوە، بەڵام هەرگیزیش مانای ئەوەی نییە ئێمە هیچ پەیوەندیەکی ڕەچەڵەکیمان لەگەڵ مەیموونەکان نەبووبێت، بەڵکو کاتێک بە کاتدا دەگەڕێینەوە ئێمە و هەموو ئاژەڵان لە سەردەمێکدا باوانمان هاوبەش بووە!
ئەو باوانە هاوبەشانە کوان؟
ئەو باوانە هاوبەشانە لەناوچوون و لەگەڵ کاتدا چەندین جۆری تریان لێبۆتەوە، بەڵام چەندین بەڵگەی بەبەردبووییان دۆزراونەتەوە لەو قۆناغە جیاوازانەدا، گەرچی هێشتا بەشێک لەوان نەدۆزراونەتەوە، بەڵام ئێمە پێویست نییە ئەوانە بدۆزینەوە تا ئەو ڕاستیانەی سەرەوە بزانین، چونکە چەندین ڕێگەی دیکەی زانستیمان هەیە بۆ زانینی ئەوانە، بەڵام هەمووکات دۆزینەوەی پاشماوەکان تێگەیشتنێکی باشتر و وردترمان لەبارەی بابەتەکانەوە پێدەبەخشێت.
باسکردنی بەبەردبووە دۆزراوەکان و بەڵگەکانی دیکە پێویستی بە چەندین بابەتی دیکەیە بۆ باسکردنیان و لێرەدا باسیان ناکەین، بەڵام نموونەیەک باسدەکەین بۆ تێگەیشتن. ئۆسترالۆپیسەکەس Australopithecus بە باوان یان خزمی نزیکی مرۆڤی ئەمڕۆ دەناسرێ و لە سەرەتاییترین هۆمینیناکانە، کە چەندین جۆریان هەبووە و لە نزیکەی ٤.٤ ملیۆن ساڵ بۆ ١.٤ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیاون. ئۆسترالۆپیسەکەس بە مانای “ئەیپی باشووری” دێت کە دەگەڕێتەوە بۆ دۆزینەوەی یەکەمین بەبەردبووەکانی ئەو مرۆڤە سەرەتاییانە لە باشووری ئەفریقا. بەناوبانگترین نموونەی ئەو جۆرە کە دۆزرابێتەوە، ئێسکەپەیکەرێک بوو کە لە ئیسوپیا لە ساڵی ١٩٧٤ـدا دۆزرایەوە و ٪٤٠ی ئێسکەپەیکەرەکەی بە پارێزراوی مابووەوە و بە “لووسی Lucy” ناوبانگی دەرکرد، کە دواتر زانرا سەر بە جۆرێکی ئۆسترالۆپیسیکەسە کە بە ئۆسترالۆپیسیکەس ئەفەرێنسس Australopithecus afarensis ناسراوە. وەک لە بەڵگەکاندا دۆزراوەتەوە، ئۆسترالۆپیسەکەسەکان تایبەتمەندی تێکەڵی مرۆڤ و ئەیپەکانی تریان هەبووە، بۆ نموونە لەوەدا لە مرۆڤ چوون کە لەسەر دوو پێ ڕۆیشتوون Bipedal، بەڵام وەک ئەیپەکانی تر مێشکێکی بچووکیان هەبووە. زانایانی ئەو بوارە تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ بەبەردبووی ئەو جۆرە مرۆڤەسەرەتاییەیان دۆزیوەتەوە. چەندین جۆری تری مرۆڤی سەرەتایی و ئەو نێوانە ئاژەڵانە دۆزراونەتەوە، بەڵام هێشتاش زۆر جۆری تر ونن و لەگەڵ کاتدا باشتر و ڕاستر لە پەیوەندی و ڕەچەڵەک و تایبەتمەندیەکان تێدەگەین.
ئەمە مانای ئەوە نییە پەرەسەندن نەسەلمێندراوە؟
هەندێک کەس پێیان وایە کە مادام هەموو شتەکان نەدۆزراونەتەوە و هێشتا ئێمە لە دۆزینەوەداین، کەواتە پەرەسەندن نەسەلمێندراوە! گەرچی ڕاستییەکانی پەرەسەندن The facts of evolution و تیۆری پەرەسەندن Theory of Evolution دوو شتی جیان، کە یەکەمیان کۆمەڵە بەڵگە و ڕاستیەکی زانستین دەرخەری ئەوەن زیندەوەران پەرەیانسەندووە و پەرەدەستێنن بەبەردەوامی، بەڵام تیۆری ئیڤۆڵوشن تەنها لێکدانەوەی زانستی بۆ ئەو بەڵگە و ڕاستیە زاستیانە دەکات کە چۆن ڕوویانداوە و ڕوودەدەن، کە ئەمە ڕێگەیەکی زانستییە و بۆ زۆربەی بوارەکانی دیکەش هەر ڕاستە، بەڵام جگە لە تیۆری پەرەسەندن هیچ تیۆرێکی دیکەی زانستیمان نییە کە بتوانێت لێکدانەوە بۆ ئەو بەڵگە و ڕاستیە زانستیە زانراوانە بکات کە تا ئێستا هەن. زانست بەردەوام ڕاستی و بەڵگەی زانستی دیکە دەدۆزێتەوە، باشترین تیۆری کە بتوانێت لێکدانەوە بۆ ئەو ڕاستیانە بکات ئەوە دەبێتە تیۆری زانستی، ئێستاش تیۆری پەرەسەندن بەبێ بەدیلێکی بەهێز تاکە تیۆریە توانای لێکدانەوەی هەبێت بۆ ئەو بەڵگە دۆزراوە زانستیانە.
ئایا جێی شەرمە کە مرۆڤ و ئەیپەکانی دی خزمبن؟
ئەمە ڕاستیەکی زانستییە و شەرم لە هیچ ڕاستیەکدا بوونی نیە، بەڵام لەوانەیە باسکردنی ئەو ڕاستیە زانستیە لەلایەن داروینەوە، یەکێک بێت لە لێدانە گەورەکان لە شکۆ وەهمیەکەی مرۆڤ لەپاڵ دۆزینەوەکەی کۆپەرنیکۆس و فرۆید، کە کۆپەرنیکۆس باسی ئەوەی کردووە زەوی چەقی هەموو گەردوون نییە و زەویش هەسارەیەکە وەکو هەسارەکانی تر نەک وەکو ئەوەی بڕوای خەڵک وابوو چەقی گەردوون بێت، داروینیش باسی ئەوەی کرد کە مرۆڤ چەقی زەوی نییە و ئەویش ئاژەڵێکە وەکو ئەوانی تر و هەر لەوانەوە پەرەیسەندووە و سەر بە جیهانێکی دیکە نییە، فرۆیدیش باسی ئەوەی کرد کە مرۆڤ تەنانەت سەرداری مێشکی خۆشی نییە و بەشێکی زۆری مێشک نائاگایانە کاردەکات، هەموو ئەمانەش پێکەوە لەو شکۆ و خۆبەگەورەزانینەی مرۆڤیاندا کە لە نەزانینەوە بۆی دروست بووبوو! بۆ مرۆڤێک کە حەزی زانینی راستیەکانی هەبێت و بەدووربێت لە خۆبەگەورەزانینێکی وەهمی، دەرکەوتنی ئەو ڕاستیانە بۆی جێی دڵخۆشییە و دەیەوێت زیاتر لە خۆی بگات، بۆ کەسێکیش وەها نەبێت، لەوانەیە ئەو ڕاستیە دڵتەنگی بکات. کەواتە گەر یەکێک بڵێت (تۆ باپیرت مەیموونە و من باپیرم مرۆڤێکی کامڵ) هەرگیز لە پەرەسەندن تێنەگەیشتووە، ئەوەش زۆر نالۆژیکیە کە یەکێک ئەو ڕاستیە بە نەنگی ببینێت کە باوباپیرانمان هاوبەش بوون لەگەڵ ئاژەڵانی دیدا و پێشی وابێت کە ئەو قبووڵی نەبێت ئیتر ڕاستیەکە دەگۆڕێت و باپیری ئەو بە مرۆڤێکی وەک مرۆڤی ئەمڕۆ دەمێنێتەوە و باپیرانی ئەو کەسانەش کە لە پەرەسەندن تێگەیشتوون بە ئاژەڵێکی سەرەتاییتر لە مرۆڤی ئەمڕۆ.
سەرچاوەکان:
- Yanes, J. (March 2021). Darwin’s Misunderstood Theory. Did We Evolve from Monkeys? OpenMind. From https://www.bbvaopenmind.com/en/science/scientific-insights/evolve-from-monkeys-darwins-misunderstood-theory/
- Klinghoffer, D. (October 2021). Human Origins — The Scientific Imagination at Play. Evolution News. From https://evolutionnews.org/2021/10/human-origins-the-scientific-imagination-at-play
- Wood; Richmond, B. G. (2000). “Human evolution: taxonomy and paleobiology”. Journal of Anatomy. 197 (Pt 1): 19–60. doi:10.1046/j.1469-7580.2000.19710019.x
- “GEOL 204 The Fossil Record: The Scatterlings of Africa: The Origins of Humanity”. University of Maryland. From https://www.geol.umd.edu/~tholtz/G204/lectures/204scatterlings.html
- Hall of Human Origins – living Primates. American Museum of Natural History. From https://www.amnh.org/exhibitions/permanent/human-origins/understanding-our-past/living-primates
- Howard, R. (2022). Human Evolution. Britannica. From https://www.britannica.com/science/human-evolution
- Peter, C. (2022). Primate. Britannica. From https://www.britannica.com/animal/primate-mammal
- Blaxland, B. (2018). Humans are primates. Australian Museum. From https://australian.museum/learn/science/human-evolution/humans-are-primates
- Miller, J. (2018). Taxonomy of Lumpers and Splitters. Morethancake. From https://www.morethancake.org/archives/31976
- Lunt, K. (2022). Greater and Lesser Apes | Characteristics and Differences. Study. From https://study.com/learn/lesson/greater-lesser-apes-overview-differences
- Venner, J. (2018). One of the Great Apes: chimpanzee life in numbers. ZooPortraits. From https://www.zooportraits.com/great-apes-chimpanzee
- Fanton, J. (2018). How Are Humans Different from Other Great Apes? Bulletin. American Academy of Arts and Sciences. From https://www.amacad.org/news/how-are-humans-different-other-great-apes
- Gibbons, A. (2012). Generation Gaps Suggest Ancient Human-Ape Split. Science. From https://www.science.org/content/article/generation-gaps-suggest-ancient-human-ape-split
- Lenski, R. (2020). Evolution: Fact and Theory. National Center for Science Education. From https://ncse.ngo/evolution-fact-and-theory
- Horgan, J. (2015). Copernicus, Darwin and Freud: A Tale of Science and Narcissism. Scientific American. From https://blogs.scientificamerican.com/cross-check/copernicus-darwin-and-freud-a-tale-of-science-and-narcissism/
- Darwin, Charles, and Leonard Kebler. On the origin of species by means of natural selection, or, The preservation of favoured races in the struggle for life . London: J. Murray, 1859.
- Darwin, Charles, Leonard Kebler, and Joseph Meredith Toner Collection. The Descent of Man,: And Selection in Relation to Sex . London: J. Murray, 1871.
- Schoch CL, et al. NCBI Taxonomy: a comprehensive update on curation, resources and tools. Database (Oxford). 2020: baaa062. PubMed: 32761142 PMC: PMC7408187.
- Kimbel WH, Villmoare B.2016 FromAustralopithecustoHomo: thetransition that wasn’t.Phil. Trans. R. Soc. B371: 20150248.http://dx.doi.org/10.1098/rstb.2015.0248
- Schuster AM (1997). “Earliest Remains of Genus Homo”. Archaeology. 50 (1). Retrieved 20 October 2022.
- Haile-Selassie Y, Gibert L, Melillo SM, Ryan TM, Alene M, Deino A, et al. (May 2015). “New species from Ethiopia further expands Middle Pliocene hominin diversity”. Nature. 521 (7553): 483–8. Bibcode:2015Natur.521..483H. doi:10.1038/nature14448. PMID 26017448. S2CID 4455029.
- Tomkins, Stephen (1998). The Origins of Humankind. Cambridge University Press. p. 136. ISBN 978-0-521-46676-9.
- Klein, Joanna (November 30, 2016). “Study Suggests 3.2 Million-Year-Old Lucy Spent a Lot of Time in Trees”. New York Times. Retrieved 20 October 2022.
- “GEOL 204 The Fossil Record: The Scatterlings of Africa: the Origins of Humanity”. www.geol.umd.edu. Retrieved 24 October 2022.
- Szpak, P. (2007). “Evolution of the Australopithecines”. Tree of Life.
- Wood, B. (2010). “Reconstructing human evolution: Achievements, challenges, and opportunities”. Proceedings of the National Academy of Sciences. 107: 8902–8909. doi:10.1073/pnas.1001649107. PMC 3024019. PMID 20445105.
- Smithsonian national museum of natural history (2022). What does it mean to be a human? Humanorigins. Retrieved 2 November 2022. From https://humanorigins.si.edu/evidence/human-fossils/species
- It has been hypothesized that Human Chromosome 2 is a fusion of two ancestral chromosomes by Alec MacAndrew; accessed 18 May 2006.
- Yunis and Prakash; Prakash, O (1982). “The origin of man: a chromosomal pictorial legacy”. Science. 215 (4539): 1525–30. Bibcode:1982Sci…215.1525Y. doi:10.1126/science.7063861. PMID 7063861.
- Human and Ape Chromosomes Archived 6 September 2017 at the Wayback Machine; accessed 8 September 2007.
- Avarello; et al. (1992). “Evidence for an ancestral alphoid domain on the long arm of human chromosome 2”. Human Genetics. 89 (2): 247–9. doi:10.1007/BF00217134. PMID 1587535. S2CID 1441285.
- Ijdo, Jacob W.; et al. (1991). “Origin of human chromosome 2: an ancestral telomere-telomere fusion”. Proc. Natl. Acad. Sci. U.S.A. 88 (20): 9051–5. Bibcode:1991PNAS…88.9051I. doi:10.1073/pnas.88.20.9051. PMC 52649. PMID 1924367.
- Ape vs monkey: 7 key differences between these primates. SafarisAfricana. (2021, November 8). Retrieved November 10, 2022, from https://safarisafricana.com/ape-vs-monkey/
- Chuong, E. B. (2018). The placenta goes viral: Retroviruses control gene expression in pregnancy. PLOS Biology, 16(10). https://doi.org/10.1371/journal.pbio.3000028
- Dewannieux, M., Harper, F., Richaud, A., Letzelter, C., Ribet, D., Pierron, G., & Heidmann, T. (2006). Identification of an infectious progenitor for the multiple-copy Herv-k human endogenous retroelements. Genome Research, 16(12), 1548–1556. https://doi.org/10.1101/gr.5565706
- Chimpanzee Sequencing and Analysis Consortium. Initial sequence of the chimpanzee genome and comparison with the human genome. Nature. 2005 Sep 1;437(7055):69-87. doi: 10.1038/nature04072. PMID: 16136131.
- Wang, G. P., Ciuffi, A., Leipzig, J., Berry, C. C., & Bushman, F. D. (2007). HIV integration site selection: Analysis by Massively Parallel Pyrosequencing reveals association with epigenetic modifications. Genome Research, 17(8), 1186–1194. https://doi.org/10.1101/gr.6286907
- Grandi, N., Cadeddu, M., Blomberg, J., Mayer, J., & Tramontano, E. (2018). HERV-W Group Evolutionary History in non-human primates: Characterization of ERV-W orthologs in Catarrhini and related ERV groups in Platyrrhini. BMC Evolutionary Biology, 18(1). https://doi.org/10.1186/s12862-018-1125-1
- Withers-Ward ES, Kitamura Y, Barnes JP, Coffin JM. Distribution of targets for avian retrovirus DNA integration in vivo. Genes Dev. 1994 Jun 15;8(12):1473-87. doi: 10.1101/gad.8.12.1473. PMID: 7926746.
- Mitchell, R. S., Beitzel, B. F., Schroder, A. R., Shinn, P., Chen, H., Berry, C. C., Ecker, J. R., & Bushman, F. D. (2004). Retroviral DNA Integration: ASLV, HIV, and MLV Show Distinct Target Site Preferences. PLoS Biology, 2(8). https://doi.org/10.1371/journal.pbio.0020234
Keep going ❤️✨
دەست خۆشی لە دکتۆر وەرزێر ئەکەم، بۆ ئەم بابەتە ورد و جوانە. ئێمە دەبێت زانست وەکو خۆی قبووڵ بکەین، زانست بریتی نییە لە گێڕانەوە و خەو و چیرۆک، بەڵکو ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانستیی دوای ناکۆتاجار دووبارە کردنەوەشی، هەمان ئەنجام دەداتەوە بەدەستەوە.
بەڵام کاتێک شتێکی تر بەهەر هۆیەکی تر بخرێتە پێش زانست و یەکنەگرێتەوە لەگەڵی، ئەوا دەبێت یەکێکیان ڕەت بکەیتەوە. بۆ زۆرێکیش وا باشترە (یان مەرجە) زانستەکە ڕەت بکەیتەوە، تا بتوانیت بەردەوام بییت لەوەی باوەڕت پێیە.
ئەم شێوازى نوسینانە کە بەزمانێکى ئاسان دەنوسرێت و کەسانێک ئەگەر پسپۆریشیان لەو بوارەدا نەبێت بە ئاساننى لێی تێدەگەن دەستخۆشى لە دکتۆر وەرزێر دەکەم کە بابەتێکى لەوشێوەى هەڵبژاردەوە کە وەک خۆى دەڵێت لە هەموو جیهاندا خەڵک تا ئەندازیەیەکى زۆر بەهەڵە لێی تێگەیشتبوون