مەلاریا

 

مەلاریا نەخۆشییەکی گوازراوەی مشەخۆری(parasitic)ـە، کە لەرز و تا لە نیشانە دیارەکانی ئەم نەخۆشییەن

نیشانەکانی دیکەی ئەم نەخۆشییە بریتین لە:

• کەمخوێنی
• دەرکەوتنی خوێن لە پاشەڕۆدا
• ئارەقەی زۆر
• سەرئێشە
• تەشەنوج و هەستکردن بە ماندوێتی ماسولکەکان
• ڕشانەوە و دڵ تێکەڵهاتن
• هەناسەتەنگی و زەردوویی لە دۆخی توندی نەخۆشیەکەدا

بەگشتی یەکەمین نیشانەکان لە ٢ بۆ ٤ هەفتەی یەکەمەوە دوای تووشبوون دەردەکەون، هەرچەندە لە هەندێ حاڵەتدا لە ڕۆژی ٨ ـەمەوە دەردەکەون و دەشکرێ لە حاڵەتە شازەکاندا پاش ساڵێک ئەوسا نیشانەکان خۆیان وەدەربخەن

هۆکاری گواستنەوەی نەخۆشیەکە بریتیە لە هۆکاری دەرەکی و لە ڕێگەی مشەخۆرێکی دەرەوەی جەستە توشی دەبێت کە (مێشولەی ئەنۆفیڵیس) دیارترین مشەخۆرە بۆ ئەوەی کەسەکە توشی نەخۆشییەکە بکات، هەڵبەت مەرجە ئەو مێشولەیە خۆی هەڵگری نەخۆشییەکە بێت ئەگینا گەستنی مێشولەیەکی ئاسایی هەرگیز نابێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە.

میکانیزمی توشبوون چۆنە؟
لە ڕێگەی گەستنی مێشولەکەوە دەچێتە نێو خوێن و لەوێش دزە دەکەنە نێو خڕۆکە سوورەکان و دەست بە لە ناوبردنی خڕۆکە سورەکان دەکەن، ئەم کردارە ماوەی دوو تا سێ ڕۆژ دەخایەنێت و بەم هۆیەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو ژمارەیان بەردەوام لە زیادبووندا دەبێت و پاش خوێنیش ڕاستەوخۆ هەوڵی گەیشتن بە جگەر دەدەن و لەگەڵ گەیشتنیان بە جگەر، مشەخۆری دیکە (مێرۆزۆیت) دەدەن،

سەبارەت بەهۆکاری گواستنەوەی مەلاریا، جیا لە مێشولەی ئەنۆفیڵیس دەکرێت نەخۆشییەکە بەڕێگای دیکە بگوازرێتەوە، وەک:

لە ڕێگەی منداڵدانەوە( لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە)

 لە ڕێگەی پێدانی خوێنەوە لە کەسێکی توشبوو بۆ کەسێکی ساغ.

 لە ڕێگەی هاوبەشی پێکردنی دەرزی لەنێوان کەسێکی توشبوو و ساغدا (ئەم ڕێگەیە زیاتر بۆبەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەرە کە دەرزییەکانیان هاوبەشی پێدەکەن)

 جێگەی ئاماژە پێکردنە ئەم نەخۆشییە پێوەندیدارە بە کەشی گەرمەوە هەیە و هەر بۆیە لە وڵاتە گەرمەسێر و نیمچە گەرمەسێرەکاندا هەڕەشەیەکی جددییە و بووەتە ئاریشەیەکی تەندروستیش بۆ تەواوی جیهان، هەر بەپێی ئامارەکان تەنیا لە ساڵی ۲۰۲۰ ـدا زیاتر لە ٢٤٠,۰۰۰,۰۰۰ (دوو سەد و چل ملیۆن) حاڵەتی توشبوون و بەنزیکەیی ٦٢٧,۰۰۰ (شەش سەد و بیست و حەوت هەزار) حاڵەتی مەرگ تۆمارکراون.

بۆ دەست نیشان کردنی ئەم نەخۆشییە هەندێک پشکنین دەکرێن وەک:
(پشکنینی خێرای ناسینەوە) کە پشکنینێکی باوە و بەخێرایی ئەرێنی بوون و نەرێنی بوونی نەخۆشیەکە دیاری دەکەن، جۆرێکی تری پشکنین هەیە کە ئەمەیان بۆ مرۆڤ بەکارنایەت بەڵکو پشکنینەکە بۆ خودی مێشولەکان بەکاردێن ئەویش بە وەرگرتنی سامپڵی خوێنی مێشولەکە دەبێت کە لەماوەی ٦ تا ١٢ كاژێردا ئەنجامی پشکنینەکە دێتەوە.

ئەم نەخۆشییە چونکە جۆرێکە لە مشەخۆرییەکان بۆیە کێشەی تەندروستی دیکەش بەدوای خۆیدا دێنێتە بوون وەک:

کەمخوێنی – کێشەکانی گورچیلە – کێشەکانی جگەر – کێشەکانی هەناسەدان – کەمبوونی خوێن – کێشەی سپڵ – هەوکردنی مێشک(لەحاڵەتی زۆر تونددا)

چارەسەری مەلاریا:

مەلاریا، بە حاڵەتێکی فریاگوزاری پزیشکی دێتە هەژمار هەر بۆیە نەخۆشەکە پێویستی بە مانەوە لە نەخۆشخانە هەیە تا لە ژێر چاودێری پزیشکییدا بڕی دەرمانەکان بە تەواوی وەربگرێت و دیارترین چارەسەری دەرمانی مەلاریا کە جاران بەکاردەهێنرا بریتی بوو لە دەرمانی کلۆرۆکوین، بەڵام ئەم دەرمانە لەم ساڵانەی دوایدا لە لیستی یەکەمین دەرمانەکان وەلانرا بەهۆی پەیدابوونی بەرگری بۆ دەرمانەکە، بۆیە لە ئێستادا باشترین دەرمانەکانی دژە مەلاریا بریتین لە دەرمانەکانی (میفلۆکوین – ئەتۆڤاکوۆن – پرۆگوانیل(مالارۆن ـیشی پێ دەوترێت) – دۆکسیسایکلین)، و دەرمانەکانی گروپی پاڵپشتی کۆئەندامی هەناسەش لە ڕەچەتەی دەرمانی نەخۆشانی مەلاریادا بوونیان هەیە.

چۆن خۆمان بپارێزین؟
زۆربەی ئەو کەسانەی لەو ناوچانە دەژین کە مەلاریا تێیاندا باوە هەندێک بەرگرییان بەرامبەر بە نەخۆشییەکە پەیداکردووە و مەترسییەکی وایان لەسەر نەماوە، لێ سەردانیکەران و گەشتیارانی ئەم ناوچەیە دەبێ خۆیان بپارێزن لە ڕێگەی پۆشینی جلی پارێزەر و بەکارهێنانی دوورخەرەوەکانی مێشولە.

بە هیوای تەندروستیەکی باش و دووربوون لە تەنگژەی دەروونی و جەستەیی

ئامادەکردنی: ڕاستی عەبدوڵا ڕەزا
خوێندکاری کۆلێژی زانستی پزیشکی/ KUMS

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

پرسیارت هەیە؟

خۆشحاڵین بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان.

Questions?

Feel free to write a message.