لە جێنێتیکەوە بۆ ئێپیجێنێتیکس

 

(ئایا دەکرێت ئەزموونی ژیانی باوان بە بۆماووەیی بۆ وەچەکان بگوازرێتەوە؟)

 نووسینی: شەنیار جەلال

پێداچوونەوەی: وەرزێر عوسمان

دەستپێک

ھەر لە مەندڵ Gregor Mandel  و داروینەوە  Darwin لە سەدەی نۆزدەھەم، تاوەکوو واتسۆن  Watsonو کریک Crick لە سەدەی بیستەمدا، زانایان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو کرۆمۆسۆمانەی لە باوانەوە بۆ وەچەکانیان دەگوازرێنەوە، نەخشەسازییەکی بۆماوەیی وردیان بۆ گەشەکردن تێدایە. ئەڵبەت سەرەتا بۆماووەماددەDNA بە تاکە ھەڵگری ئەم نەخشەسازییانە دادەنرا، بەڵام ئەوەی بەم دواییانە ڕوون بووەوە، بۆماووەماددەDNA بە تەنھا ناتوانێت ھەموو نەخۆشی و تایبەتمەندییەکانی زیندەوەر شیی بکاتەوە. لەو پێشکەوتنە زانستییەی ئەم دواییانەدا، بەو ئەنجامە گەیشتوون کە بۆھێڵەکانGenes ھەر وا بە سادەیی بەرنامەڕێژییەکی جێگیر و پێشتر سازکراو نین لە نەوەیەکەوە بۆ ئەوی دی بگوازرێنەوە! بەڵکو، بۆھێڵەکان لە ڕێگەی ئەزموون و ژینگەی ژیانەوە، کارا و ناکارا دەبن. چی دەخۆین، چەندە فشار یاخود چ جۆرە ژەھرێک دەچێژین، ھەموو دەتوانن کار لەو بۆمانەوە بۆماوەییە بکەن کە بۆ منداڵەکان و بگرە بۆ نەوەکانی داهاتووتریشمان دەیگوازینەوە. زانستێکی نوێ سەریهەڵداوە کە تێگەیشتنمان بۆ بۆماووەماددەمان و نەخۆشی و ڕەفتارەکانمانی بەتەواوی گۆڕیووە، کە ئەویش زانستی ئێپیجێنێتیکس Epigenetics ە.

لەم زانستە نوێیەی(ئێپیجێنێتیکس)، لێکۆڵەران لە یەکگرتنی سروشت و پەروەردەNature and Nurtureی مرۆڤ بۆ دروستبوونی کردەوەکان و، ئەو تایبەتمەندییە بۆماوەیی و نەخۆشییانەی کە بۆھێڵەکان بە تەنھا ناتوانن ڕوونیان بکەنەوە، دەکۆڵنەوە [1].

لە سەدەی نۆزدەھەمدا، زانایانی وەکوو چاڕلێس داروین، بۆمانەوەیان بە پرسیارێکی زانستیی لە چوارچێوە گرت، ئەوان دەیانویست بزانن ھەر نەوەیەک بۆ ئەوەی دوای خۆی چی بەجێ دەھێڵێت. لە سەدەی بیستەمیشدا، زانایان بۆ یەکەمین جار چاویان بە بۆھێڵەکانیان کەوت، بەمەیش ڕێگەیەکیان دۆزییەوە کە زیندەوەرە زیندووەکانی ئەمڕۆ، بە ڕابردووەوە پەیوەست بکەن. بیردۆزی بۆمانەوە، وەکوو ڕاستیەک دژ بە بانگەشەکانی ژان لامارکJean Lamarck ی فەڕانسایی وەستایەوە، کە بانگەشەکانی لامارک دەیگوت؛ دەشێت تایبەتمەندییە بەدەستھاتووەکانی باوان، بۆ وەچەکانیشیان بگوازرێنەوە. پێش لامارکیش بەفراوانی ئەو بۆچوونە پەسەند کرابوو، بەڵام لە سەدەی نۆزدە بەدواوە بەهۆی بیردۆزی بۆمانەوەوە لەناوچوو. تاوەکو لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا، ھەندێ حاڵەتی ناباو بەرچاو کەوتن کە بیردۆزیی بۆمانەوە خۆی بە تەنها وەڵامی تەواوی پێنەبوو بۆیان. [3]

زانستی ئیپیجێنێتیکس چییە؟

 ئێپیجێنێتیکس، باس لەو پڕۆتین و کردە پڕۆتینییانە دەکات کە جڵەوی بۆماووەماددەDNA دەگرنە  دەست. ھەر تاکێک لە خانەکانی لەشی مرۆڤ -لە خانەکانی پێستەوە بگرە تاوەکوو دەگاتە چاو- ھەمان زانیاریی بۆماوەیی بۆماووەماددەDNAیان دەقاودەق تێدایە، واتە ھەمان زانیاریی بۆماوەیی لە ھەموو خانەکاندا ھەیە بەبێ جیاوازیی، بەڕادەیەک ئەو زانیارییەی لە کۆهێڵGenomeــی هەر تاکەخانەیەدا ھەیە بەسە بۆ دروستکردنی تاکێکی نوێ.

کەوایە بۆچی ھەریەکە لە خانەکانی لەش فرمانێکی جیاواز بەجێ دەهێنن، لەکاتێکدا ھەمان زانیارییان ھەڵگرتووە؟
ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پڕۆتینانەی بە بۆماووەماددەDNAــکەیانەوە دەنووسێن. ئەم پڕۆتینانە بە بۆھێڵێکی دیاریکراوەوە دەنووسێن و بەم کردەیە ناکارای دەکەن، ھەربۆیە کاتێک خانەکە بۆ درووستکردنی پڕۆتینێک بۆهێڵێکی تایبەت وەردەگێڕێت بۆ شێوەکەی تر، ئەو بۆ‌ھێڵە ناکارایە تێدەپەڕێنێت و لەبەری ناگرێتەوە. کە وایە، بەپێی فەرمانی خانەکە بۆھێڵەکان کارا دەبن، ئەو پڕۆتینانەی لە خانەیەکی چاودا فەرمانی ڕۆشنەوەرگرتن بەجێ دەهێنن، لە خانەکانی تردا پێویست نییە ھەبن، ھەربۆیە بۆھێڵی تایبەت بەو پڕۆتینانە لە خانەکانی چاودا کاران و لە خانەیەکی دیکەدا -بە نموونەی پێست- کارا نییە. یەکێکی تر لەو پڕۆتینانەی لە کردارە ئێپیجێنەتیکییەکاندا بەشدارە، ھیستۆن پڕۆتینەHistone Protein. ھیستۆن پڕۆتین ئەو پڕۆتینەیە جووت زنجیرەی بۆماووەماددەDNA لوول دەکات، واتە شێوەی لوولەی بۆماووەماددەDNA لە فەرمانی ئەم پڕۆتینەوە سەرچاوە دەگرێت. ھەموو پڕۆتینەکان، لە ھەموو جۆرە خانەیەکدا پێویست نین، ھەربۆیە ئەو پڕۆتینانەی کە پێویست نین، ھیستۆن پڕۆتین بەتوندی شوێنی بۆھێڵەکانیان لە جووت زنجیرەکەدا لوول دەکات و لە ڕێکارەکانی لەبەرگرتنەوەی خانەی دەشارێتەوە، ھەر بۆیە یان لەبەر ناگیرێنەوە، یان زۆر بەکەمی لەبەر دەگیرێنەوە. لە ھەمان کاتیشدا شوێنی بۆھێڵە پێویستەکان بۆ خانەکە لوولبوونەکەی کەمە، چونکە خانەکە بە بەردەوامی پێویستی پێیەتی و لەبەرگیراوی تازەی لێ بەرھەم دەھێنێتەوە.
خودی بۆماووەماددەDNA پێی دەوترێت جێنەتیکەماددەGenetic Material ، بەڵام ئەو گەردانەی کۆنتڕۆڵی دەکەن و پێوەی دەنووسێن (بۆھێڵەکان کارا یان ناکارا دەکەن) پێیان دەوترێت ئێپیجێنەتیکەماددەEpigenetic Material ؛ بە واتای ئەو گەردانەی بەسەر بۆماوەماددەوەن Hereditary materialکە بۆماووەماددەDNAیە. باوترینی ئەو گەردانەی کردەی کاراکردن و ناکاراکردن بەجێ دەهێنن، کۆمەڵەی مەسیلەMethyl Group. ئەم گەردانە بە وەرگری سەر بۆھێڵێکی دیاریکراوەوە دەنووسێن، ئیدی ئەو بۆھێڵە ناکارا دەبێت، ڕەنگە لەپاش چەند نەوەیەکی تر، بە کاریگەریی ماددەیەکی کیمیایی، نەخۆشی، خواردنی ناتەندروست یاخود ژینگە، گەردەکە لێبێتەوە و دیسان بۆھێڵەکە کارا ببێتەوە.
نەوەک بە تەنھا لەنێوان نەوەکاندا ئەم کارابوون و ناکارابوونە لە ئارادا بێت، بەڵکوو ڕۆژانە ئەم کردەزیندەییانەBiological Processes ڕوو دەدەن،  بۆ نموونە؛ ھۆرمۆنێک بەوێنەی میلاتۆنینMelatonin -ئەو ھۆرمۆنەی سووڕی خەو ڕێک دەخات- خەستییەکەی لە شەودا دە ھێندەی خەستیەکەیەتی لە ڕۆژدا، واتە لە شەودا بۆھێڵەکە زێدەتر کارایە. ئەمەیش بەو واتایەی دەکرێت ژینگەی دەرەوەی  زیندەوەرەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی بەسەر بۆھێڵەکانەوە ھەبێت [5].

سەرەتا باوەڕ وابوو ئەو ساتەی ھێلکەخانەEgg و تۆوەخانەSperm یەک دەگرن، لە ڕێگەی ڕێکارەکانی خانەوە ھەموو ئەم گەردە بە بۆھێڵ نووساوانە لاببرێن، ئەمیش لەبەر ئەو ھۆکارەیە کە ھێلکەی پیتێنراوFertilized egg بتوانێت بۆ مەودایەکی فراوانتر لە جۆری خانەکان دابەش ببێت. بەڵام بەم دواییانە ئەوە دەرکەوت؛ نزیکەی 1 بۆ 1.5 لە سەدی ئەو گەردانە دەمێننەوە، ئەمەیش ئەو دەرگایەی بە کراوەیی جێھێشت کە دەڵێت؛ دەشێت جگە لە پێکھاتە جەستەییەکانی باوان، کردارە ئاساییەکانی ڕۆژانەیش بە نموونەی یادەوەری، لە ڕێگەی بۆمانەوەی ئێپیجێنەتیکییەوە بۆ وەچەکان بگوازرێنەوە، لەو کردارانەیش بەنموونەی زۆرخۆری و جگەرەکێشان. [4]

بیردۆزی پەرەسەندنی داروینی دەڵێت؛ بۆ ئەوەی پەرەسەندن لە جۆرێکی بوونەوەردا جێگەی خۆی بگرێت، ڕەنگە ملیۆنان ساڵی پێبچێت. بەڵام ئەوەی داتاکان پێمانی دەدەن، ھەموو کات وا ناڵێن؛ ڕەنگە لامارک ھێندەیش ھەڵە نەبووبێت!


تاقیکردنەوە و بەڵگەکان

لە کۆتاییەکانی جەنگی جیھانیی دووهەمدا، کارەساتێکی شووم ڕووی لە ئەورووپا کرد؛ قاتوقڕییەکی ئێجگار زۆر. لە میانەی ئەم قاتوقڕییەدا، سوپای نازی بۆ ماوەی شەش مانگی ڕەبەق ڕۆژئاوای ھۆڵەندایان ئابڵووقە دا. دەرئەنجامی ئەم کارە کورتهێنان بوو لە خۆراکی ڕۆژانەی خەڵکی گەمارۆدراو، بەڕادەیەک ھەر تاکێک بەنزیکەی تەنها 580 کالۆریی لە ڕۆژێکدا دەست دەکەوت. چەند دەیەیەک دواتر، بە چاوخشاندنەوە بە تۆمارە پزیشكییەکانی ئەو وەختە؛ دەرکەوت کۆرپە لەدایکبووەکانی ئەو وەختە، ھەموو کێشیان کەمترە و زیاتر بەرکەوتە بوون بۆ نەخۆشیی، بێگومان ئەمە شتێکی ئاساییە، بەڵام  نەوەکانی دواتر -کە خواردنی چاکیشیان ھەبوو- ھێشتا ھەر کەمکێش و لاواز بوون لەھەمبەر نەخۆشیدا!

دانیشتووانی شاری ئۆڤەرکالیکسی سوێد، -کە شارێكی باکووریی دابڕاوە- لە ساڵانی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەمدا، دوای ساڵانی قاتوقڕی و کەمفەڕیی بەروبوومیان، دووبارە بەروبوومیان بەرەو زۆربوونەوە چوو، ئیدی لە کەمخۆرییەوە بۆ زۆرخۆری پلیان ھاویشت. پاش سەیرکردنەوەی تۆمارە پزیشکییەکان دەرکەوت ئەو دانیشتووانەی لە کەمخۆرییەوە ھەنگاویان ناوە بۆ زۆرخۆری، وەچەیەکیان – کوڕەزا و کچەزا- جێ ھێشتووە کە تەمەنێکی کورتیان ھەبووە، وێڕای ئەوەی نزیکەی 32 ساڵی پاشتریش ھاتوونەتە دونیا [3] [2].

لە زانکۆی تێكساسی ئەمریکا، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر جرج ئەوە پێشنیار دەکات کە؛ ھەڵاوسانی ڕێژەی قەڵەوی و ئۆتیزم لە مرۆڤی مۆدێرندا، بنەچەکەی بۆ شۆڕشی کیمیایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. لە ڕێگەی بەرکەوتنی باوانمانەوە بەو ماددانە، ھێدی ھێدی ھەڵاوسان ھاتووەتە گۆڕێ و بە ئێمەیش گەیشتووە [6].


ئایا ڕەفتارە ئێپیجێنەتیکییەکان دەگوازرێنەوە؟

لە ڕاستیدا ئەوەی سەرنجڕاکێشە لەمەڕ دۆزینەوە نوێیەکانەوە ئەوەیە؛ تەنھا تایبەتمەندییە جەستەیی و نەخۆشییەکان نین کە ڕەنگە بۆ نەوەکانی دواتری بگوازینەوە، بەڵکوو دەشێت بۆماووەماددەDNAی ئێمە، بە ڕەفتارە ئێپیجێنەتیکییەکانیشمان کاریگەر بێت!

لەو لێکۆڵینەوەی کە 2004 پڕۆفیسۆر مایکڵ مینییMichael Meaney لە ھەڵمەتی ھاوبەشی نێوان زانکۆکانی مۆنتڕیاڵ و فرانسیس و مەک گیل بەڕێوەی بردووە، تێیدا گۆڕانکاریی لە بۆھێڵەکانی جرجدا دۆزیوەتەوە کە ھۆکارەکەی سەرەتاییترین ھۆکاری دەروونییە؛ ئەویش سۆزی دایکایەتییە. چۆنیەتیی گرنگیپێدانی دایک بە بێچووە جرجەکەی، کاریگەرییەکی ئێجگار زۆری دەبێت لەسەر ڕەفتاری جرجەکە لە وەختی پێگەیشتندا. ئەو بێچووەجرجانەی لە ھەفتەی یەکەمی ژیانیاندا دایکەکە بە بەردەوامی و بە باشی گرنگی پێ دەدان، لە مامەڵەکردن لەژێر دۆخی فشاردا ناشتر بوون وەک لەوانەی کە گرنگییەکی ئەوتۆیان پێ نەدرا یان ھەر نەدرابوو. ڕەنگە بڵێیت ئەمە هیچ شتێکی تازەی تیا نییە، پەروەردەکردنێکی بەسۆزانە متمانەیەکی زیاتر بە بێچووەکان دەبەخشێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکەی پڕۆفیسۆر مینیی ئەوە دەڵێت، کە گۆڕانکارییەکان لە جەستەی جرجەکەدا جەستەیین نەوەک دەروونی. ئێپیجێنەتیکس بە ھەمان شێوە پێی وایە بارە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو ھەژاری، ڕەنگە بۆھێڵەکانی منداڵەکە دیاری بکەن و وایان لێ بکەن کە بێ گوێدانە ئەوەی ھەر بە ھەژاری دەمێننەوە یاخود نا، لاواز بن لە بەرامبەر نەخۆشیدا [6].

جگە لەوانەیش، ئەو شۆکە گەورانەی کە یەکجار لە ژیاندا ڕوو دەدەن، بە نموونەی ڕووداوەکانی یانزەی سێپتەمبەری ئەمریکا، دەتوانێت بەسەر نەوەکانی دواتریشەوە کاریگەریی ھەبێت. بەپێی خەمڵاندنەکان 530 ھەزار کەس نیشانەکانی پاش‌شۆکیان تووش بووە، لەوانەیش نزیکەی 1700یان ئافرەتی دووگیان بوون.  پڕۆفیسۆر ڕەیچڵ یەھووداRachel Yehuda ، پسپۆڕی دەروونی و دەماری دەڵێت؛ دەکرێت کاریگەرییەکان زیاتر بخایەنن. ئەو ئافرەتانەی وەختی پەلامارەکە لە سێیەکی دووھەم یان سێیەمی دووگیانییەکەیاندا بوون، ئەگەری خستنەوەی منداڵێکی ھەمیشە شڵەژاویان، وەکوو ئەو منداڵانەی بە پلەیەکی بەرز دژەکاردانەوەیان دەبێت لەھەمبەر ترس، دڵەڕاوکێ، دەنگی بەرز، خەڵک یان خواردنی نوێ؛ زۆرتر بووە. بە کورتی، وا دیارە منداڵەکان مۆتەکەیان لە دایکیانەوە بۆ ماوەتەوە، ئایا ئەمانیش بۆ وەچەکانیانی دەگوازنەوە؟ کات ئەوەمان پێ دەڵێت! لەھەمان کاتدا، یەھوودا دەرئەنجامی ھاوشێوەی لە ڕوانین لە وەچەی  قووتاربووەکانی ھۆڵۆکۆست دەست کەوتووە [6].


تاقیکردنەوەکانی سەر جرج چیمان پێدەڵێن؟

لە سەرەتاکانی ئەم سەدەیەدا، مایکڵ سکیینەرMichael Skinner  و ئاوەڵەکانی لە زانکۆی واشنتن ستەیت، ھەستان بە تاقیکردنەوەی ماددەی کیمیایی کەڕووکوژ – بە نێوی ڤینکڵۆزۆلین Vinclozolin-  لەسەر جرج. وەختێک سکیینەر و ئاوەڵانی ڤینکڵۆزۆلینیان بە جرجە دووگیانەکان دا، وەچەکانیشیان ھەموو تۆوی ناتەواویان بەرهەم ھێنا، وێڕای چەندین ناتەواویی توخمیی تریش. ئەم کارەی سکیینەر ھاندەر بوو بۆ ئەوانی دی بە دوای ئەو ناڕێکییانەی تردا بگەڕێن، کە دەشێت بگوازرێنەوە بۆ نەوەکان. لەو سەروبەندەدا برایان دیازBrian Diaz، پزیشکی لێکۆڵەر لە زانکۆی ئیمۆرییEmory University ئەو پرسیارەی دایە بەر باس؛ ئایا دەکرێت باوان، یادەوەرییەکانیان بۆ وەچەکانیان بگوازنەوە؟

دیاز بۆ تاقیکردنەوەی گریمانەکەی، ھەموو ڕۆژێک مشکی گەنجی لە قەفەزێک دەنا، لەوێ بە شێوەیەکی خوولی، ئەسیتۆفینۆنیAcetophenone دەپرژاند پێیاندا. ئەسیتۆفینۆن بۆنێکی خۆشە، بۆنی بادەم یان گێلاس بە بیری مرۆڤدا دەھێنێت. مشکەکان بۆ ماوەی دە چرکە بۆنەکەیان ھەڵدەمژی، پاش ئەوە دیاز پێیەکانیانی بە تەزووی کارەبایی ڕادەتەکاند. پێنج جار دووبارەکردنەوە لە رۆژێکدا و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەس بوو بۆ ئەوەی مشکەکان تەزووە کارەباییەکە بە بۆنە خۆشەکەی ئەسیتۆفینۆنەوە پەیوەند بکەن. ھەربۆیە ئیدی وەختێک تۆزقاڵێک ئەسیتۆفینۆنی پێ دەدان، لە شوێنی خۆیاندا وشک دەبوون. دیاز ئەوەیشی بۆ دەرکەوت، پێدانی ئەسیتۆفینۆن گەر بە تۆزقاڵێکیش بێت، ترسانی مشکەکانی بە دەنگی بەرز زیاتر کرد. لە تاقیکردنەوەی تردا دیاز بۆنێکی لە کھوولچووی پێدان بەڵام ئەمجارە بە بێ لێدانی تەزووی کارەبا، ھەر بۆیە مشکەکان فێر نەبوون لەم بۆنە بترسن. دە ڕۆژ لە پاش تاقیکردنەوەکانی دیاز، تیمێک لە بەشی سامانی ئاژەڵیی زانکۆی ئیمۆریی، ھەستان بە وەرگرتنی تۆوی مشکە ڕاھێنراوەکان و ڕوویان کردە تاقیگەکانیان. لەوێ، تۆوەکانیان چەقاندە ھێلکەخانەی مشك و دواتر لە مێیەدا چاندیانن. پاش ئەوەی بێچووەکان پێگەیشتن و گەورەبوون، دیاز بەھەمان شێوەی باوکەکانیان تاقیکردنەوەی ڕەفتارییBehavioral بۆ کردن. وێڕای ئەوەی دیاز ھیچ ڕاھێنانی بە ئەم مشکانە نەکردبوون، ھەر وەکوو باوکانیان، نەوە نوێیەکەی مشکەکان بە بۆنی ئەسیتۆفینۆن ھەستیار بوون، بە بۆنکردنیان زیاتر بەرکەوتەبوون بۆ تۆقین بە دەنگی بەرز. وەختێک دیاز ڕێگەی دا ئەم نەوەیە زاوزێ بکەن، ئەوە دەرکەوت وەچەکانیشیان (وەچەی مشکە بنەڕەتییەکان) بە بۆنی ئەسیتۆفینۆن ھەستیار بوون!


دەکرێت
گۆڕانکارییەکان لە ئێپیجینۆمدا بەرجەستە بن؟

بە ھیوای دۆزینەوەی بەڵگەیەکی بەرجەستە بۆ ئەم پەیوەستبوونە، دیاز ھەستا بە پشکنینی دەمارەکۆئەندامی ئەم مشکانە. وەختێک مشکەکان ڕادێن بە بۆنی ئەسیتۆفینۆن ھەستیار بن، بەشێکی بچووک و دیاریکراوی دەمارەخانەکان لە پێشەوەی دەماخ، قەبارەیان زیاد دەبێت. نەوەکانی مشكە ڕاھێنراوەکانیش، ھەمان کاریگەرییان بەسەرەوە دەرکەوتبوو. تاکە ڕێگەی پەیوەندی لە نێوان باوکە ترساوەکان و منداڵ و وەچەکانیان، تۆوەکانیان بوو. ھەر چۆنێک بێت، مشکەکان لە بۆھێڵ زیاتریان گواستووەتەوە و، بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەو مشکانە زانیارییەکیان گواستووەتەوە کە لە بۆھێڵەکانیاندا نەبوون، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەزموونەوە بە دەست ھاتوون [3] [2].

ئەمانە و دەیان نموونەی دیکە، ئەوەمان پێ دەڵێن، کە ڕەنگە لامارک ھیچ نەبێت ئەوەی پێکابێت؛ دەشێت تایبەتمەندییە بەدەستھاتووەکانیش بۆ نەوەکان بگوازرێنەوە.


  نوێترین توێژینەوە و لێکۆڵینەوە

لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، کۆمەڵێک توێژەر تاقیکردنەوەیان لەسەر جۆرێکی کرمەخڕەکان کرد بەناوی Caenorhabditis elegans بۆ زانینی ئەوەی ئایە پرۆتینی هیستۆنی سەر بۆماووەمادەە دەگوازرێتەوە بۆ وەچەکان و چەند کاریگەری دەبێت. توێژەرەکان ئەو پرۆتینی هیستۆنانەیان لە بۆماووەماددەی سپێرمەکاندا لابرد و دواتر لەگەڵ هێلکە پیتاندیان پێکردن و دواتر سەیری ئەنجامەکانیدان کرد لە وەچەکاندا. ئەنجامەکان دەریخست کە ئەو بۆهێڵGeneـانەی کە ئەو پرۆتینی هیستۆنانەیان لەسەر نەبوو هەموویان کارا بوون، لەکاتێکدا ئەوانەی دیکە بەتەواوی کاریگەری ئەو پرۆتینی هیستۆنانەیان لەسەربوو بۆ کارابوون. [9]

لە مەودای کەمتر لە دوو دەیەدا، کایەی ئێپیجێنەتیک بە ڕاستی تەقینەوەی بەخۆوە دیتووە. زانستێکی نوێیە و لە سەرەتاکانی گەشەکردنیدایە،  وێڕای ھاریکارییکردمان لە کردنەوەی چەندین دەرگای داخراو، چوونە نێو قووڵاییەکانی خانە و نزیکبوونەوەی زیاتر لە پڕۆتینەکان، ڕەنگە لە داھاتووشدا جگە  لە داڕشتنی  بیردۆزێکی نوێ بۆ پەرەسەندنی بوونەوەران، دۆزینەوەی ھۆکار و چارەسەری چەندین نەخۆشیی لە ھەگبەدا بێت، کە ئێستا مرۆڤایەتی بە دەستییەوە دەناڵێنێت.

سەرچاوەکان:

[1] Staff, T. W. (2015, January 8). Epigenetics: How our experiences affect our offspring. The Week. Retrieved October 11, 2022, from https://theweek.com/articles/468627/epigenetics-how-experiences-affect-offspring .

[2]  Zimmer, C. (2018). She has her mother’s laugh: The powers, perversions, and potential of heredity. EP Dutton and Company.

[3] Zimmer, C. (2018, June 21). Can a parent’s life experience change the genes a child inherits? The Atlantic. Retrieved October 12, 2022, from https://www.theatlantic.com/science/archive/2018/06/mothers-laugh-excerpt/562478/

[4] Zimmer, C. (2018, January 25). You are shaped by the genes you inherit. and maybe by those you don’t. The New York Times. Retrieved October 12, 2022, from https://www.nytimes.com/2018/01/25/science/children-parents-genes-education.html

[5] Melatonin. You and Your Hormones. (2018, March). Retrieved October 12, 2022, from http://www.yourhormones.info/hormones/melatonin/

[6] Bell, C. (2013, October 15). Epigenetics: How to alter your genes. The Telegraph. Retrieved October 12, 2022, from https://www.telegraph.co.uk/news/science/10369861/Epigenetics-How-to-alter-your-genes.html

[7] Staff, T. W. (2015, January 8). Epigenetics: How our experiences affect our offspring. The Week. Retrieved October 12, 2022, from http://theweek.com/articles/468627/epigenetics-how-experiences-affect-offspring

[8] Epigenetics & inheritance. (n.d.). Retrieved October 12, 2022, from http://learn.genetics.utah.edu/content/epigenetics/inheritance

[9] Kaneshiro, K. R., Egelhofer, T. A., & Rechtsteiner, A. (2022). Sperm-inherited h3k27me3 epialleles are transmitted transgenerationally in cis. Proceedings of the National Academy of Sciences, 119(40). https://doi.org/10.1073/pnas.2209471119

تێبینی: ئەم بابەتە چەند ساڵێک لەمەوبەر نووسراوە، بۆیە مێدسپایەر پاش خوێندنەوەی ئەم بابەتە پێشنیاری خوێندنەوەی دوا گۆڕانکاری و دۆزینەوەکان لە زانستی ئێپێجینێتیکس دەکات بۆ خوێنەران، کە دەشێت هەندێک گۆرانکاری و دۆزینەوەی نوێ لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەدا هێشتا نەزانراو بووبن، بۆ تێگەیشتنێکی باشتر و نوێنتر لە ئێپیجێنێتکس.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

پرسیارت هەیە؟

خۆشحاڵین بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان.

Questions?

Feel free to write a message.