لەیادی ڕۆژی شەهیدبوونی شەهید (دکتۆر هێمن)دا،

شەهید دکتۆر هێمن، ناوی ڕاستەقینەی خۆی ئازاد احمد ساڵحە و لەساڵی ١٩٦٠ لە سلێمانی لەگەڕەکی سەرچنار لەخێزانێکی کوردپەروەر چاوی بەدنیا هەڵهێناوە، و دووهەم منداڵی خێزانەکەی بووە خاوەنی چوارخوشک و دووبرا بوو.

شەهید دکتۆر ‌هێمن خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە قوتابخانەی سەرچنار لە شاری سلێمانی  تەواوکردووە.  هەر لەمنداڵیەوە کوڕێکی هێمن و لەسەرخۆ و گوێڕایەڵ بوو. خۆشەوویستی خوشک و برا و کەسوکار و ناسیاوەکانی بوو. دواتر لە دواناوەندی قوتابخانەی سەڵاحەدینی کوڕان بەردەوامیی بەخوێندندا و لە کۆتاساڵدا توانی پلەیەکی باش بەدەستبهێنێت و ساڵی ١٩٧٧ /١٩٧٨ لەزانکۆی موسڵ کۆلیجی پزیشکی وەرگیرا.

لەزانکۆش بەهەمانشێوە ناوی بەهێمنیی و لەسەرخۆیی دەرکردبوو. دەستی هاوکاریی بۆ خوێندکارە تازەکانی لەکۆلیجی پزیشکی وەردەگیران، درێژ دەکرد. کەسێکی ڕووخۆش و دەمبەپێکەنین وخوێندکارێکی زیرەک و بەتوانا و ووریا بوو.

لەساڵی ١٩٨٢/١٩٨٣ توانی بەسەرکەوتوویی کۆلیجی پزیشکی کۆتایی پێبهێنیت. شەهید لەگەڵ ئەوەی هەر لە هەرزەکارییەوە خولیای بوونە پێشمەرگە و بەرگریکردن لە نیشتمان و گەلەکەی ئاواتی گەورەی بوو، بەڵام بەرلە پەیوەندیکردن بەڕیزەکانی شۆڕشەوە، بڕیاڕیدا ئەزمونی پزیشکی کۆبکاتەوە تابتوانێت بەشێوەیەکی زانستییانە و پێشکەوتووانە هاوکاری پێشمەرگە و خێزانی پێشمەرگە بکات. هەربۆیەش ساڵی ١٩٨٣ وەک پزیشکی خولاو لەشاری هەولێر دامەزرا و دەستبەکاربوو.

دکتۆر ئازاد دڵسۆز و خەمخۆری نەخۆشەکانی بوو و خۆشەوویستی نەخۆش و کەسوکارییان بوو. بەڕێز و لەخۆبووردەییەوە هەڵسوکەووتی لەگەڵ پزیشک و کارمەندانی تەندرووستیدا دەکرد و لەناو هاوڕێ و هاوپیشەکانیدا خۆشەوویست بوو.

کاتێک ڕژێمی فاشیستی حیزبی بەعس ڕۆژانە پتر و پتر دەستی چەپەڵی دەگەیشتە کوڕ و کچی گەنجی گەلەکەمان و ئازاریدەدان و لە زیندانە ترسناکەکانی ئەوسەردەمە بێسەروشوێنی دەکردن و هەندێکیان لەژێر ئازاروئەشکەنجەدا شەهید دەبوون و هەندێکیش لە سێدارەدەدران. جگە لەوەی بۆ لەناوبردنی نەتەوەی کورد و دابڕانی شۆڕش لە دێیەکان، دێیەکانی داگیردەکرد و خەڵکەکەی بەزۆرەملێ ڕادەگواستن و لەزێدی باوباپیریان دەریدەکردن و لە کۆمەڵگا زۆرملێکان نیشتەجێی دەکردن. بەبیانووی هاوکاریی پێشمەرگە کەووتە ڕاگوێز و ئەنفالی کورد. ڕاستەیەکی مێژووییە زۆربەی دانیشتووانی دیهات و شار و شارۆچکەکانی کوردستان پاڵپشتی تەواوی شۆڕش بوون و هاوکاریی هێزی پێشمەرگەیان دەکرد و داڵدەی خێزانەکانیان دەدا. لەڕاستیدا ئامانجی سەرەکی حکومەتی ئەوسەردەمەی عێراق لە ڕاگواستن و ئەنفال، لەناوبردنی بەکۆمەڵی نەتەوەی ستەمدیدەی کورد بوو.

 شەهید دکتۆر هێمن هەر زوو هەستی بەئازار و نەهامەتیەکانی گەلەکەی کرد و زۆرجار بە ڕووداوە نەخوازراو و لەسێدارەدانی گەنجانی کورد دڵتەنگ دەبوو، بۆیە لەساڵی ١٩٨٥ پەیوەندی بەڕێزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوەکرد و بەنهێنی کاری لەگەڵ دەکردن.

شەهید دکتۆر هێمن وەک هەموو پزیشکەکانیتر دوای تەواوکردنی ماوەی پزیشکی خولاو کە دووساڵە، دەبوایە پەیوەندیی بەسەربازییەوە بکردایە و لەشوێنێکدا لە دەوڵەتی عێراق وەک پزیشکێکی سەرباز کاری بکردایە. ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە بڵێسەی شەڕی بێئەنجامی نیوان دەوڵەتی ئێران و عێراق لەپەرەسەندندابوو .

شەهید دکتۆر ئازاد خزمەتکردنی گەلەکەی خستە سەرووی هەموو حەز و ئارەزووە تایبەتەکانی خۆی و بڕیاڕیدا پەیوەندی بەشۆڕشەوە بکات و لەساڵی ١٩٨٦/١٩٨٧ پەیوەندی بە ڕێزەکانی شۆڕشەوە کرد.

لەناو شۆڕشدا لەنەخۆشخانەکانی شۆڕش تیماری بیرندار و نەخۆشەکانی دەکرد و لەماوەیەکی کەمدا، بە ڕەوشتەبەرزەکەی ناوی دەرکرد و بوو بەیەکێک لەپزیشکە چالاکەکانی شۆڕش. هەرکارێک یان ڕاسپاردەیەکیان پێبسپێردایە، بە گیانێکی لێبووردەیی و بێکەموکوڕی بەئەنجامی ئەگەیاند.

لەدوای پرۆسەی بەدناوی ئەنفالەکان و کیمیابارانی هەڵەبجە لەساڵی ١٩٨٨ لەلایەن ڕژێمی فاشیستی سەدام حسێنەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان کشایە دواوە و لەسەرسنوری عێراق/ ئێران لە نۆکان و قاسمەڕەش نیشتەجێ بوون.

هەرلە قاسمەڕەش لەوێ نەخۆشخانەیەکی بچوک بەناوی (نەخۆشخانەی شۆڕش)ەوە کرایەوە.  شەهید دکتۆر هێمن لەگەڵ پزیشکە هاوکارەکانی وەک بەڕێزان کاک (دکتۆر شڤان، دکتۆر فایەق  و دکتۆر زریان و هەندێ پزیشکیتر) کاری پزیشکی ئەکرد و لەقاسمەڕەش وەک زۆر لە پێشمەرگەکانیتر نیشتەجێ بووبوو.

لەساڵی ١٩٨٨/٨/١٩ لەکاتێکدا خۆی و کارمەندێکی پزیشکی بۆ سەردان و چارەسەرکردنی نەخۆشێک چووبوون ئێوارەی هەمانڕۆژ، لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە لۆفەکانی قاسمەڕەش جێبەکەیان خلیسکا و کەوتنەخوارەوە و بەداخەوە شەهید دکتۆر هێمن لەتەمەنی ٢٩ ساڵیدا لەگەڵ کارمەندەکەی هاوکاری پێکەوە شەهیدبوون.

شەهید دکتۆر ئازاد لەکاتێکدا ژیانی سەدان و بگرە هەزاران کەسی ڕزگار ئەکرد، بەداخەوە کەس نەیتوانی ژیانی خۆی و هاوپیشەکەی ڕزگار بکات و چاویان بۆ هەمیشە داخست و چوونە دونیای هەمیشەیی.

 هەرئەوکاتە تەرمەکەی شەهید دکتۆر ئازاد بۆماوەیەکی کاتی بەنهێنی لە (دێی شێنێ)  نێژررا و لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان لەساڵی ١٩٩١ تەرمەکەی گوێزرایەوە بۆ گردی شەهیدان و لەوێ بۆهەمیشە گیانی پاکی بە خاکی پیرۆزی نیشتیمان سپێردرا.

لە دوای دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم، لەسەردەستی بەڕێز (کاک دکتۆر زریان کە ئەوکات بەڕێزیان وەزیری تەندرووستی بوون) دا نەخۆشخانەی گشتی جاران بۆڕێز لێنان لە ئەرک و ماندووبوونی شەهید دکتۆر هێمن، ناوەکەی بۆ هەمیشەیی گۆڕڕا بە ( نەخۆشخانەی شەهید دکتۆرهێمن).

تۆی بەڕێزیش هەرکاتێک بەبەردەم ئەم نەخۆشخانەیەدا تێدەپەڕیت یان لەوێ کاردەکەیت، یاخود خۆت یا کەسوکارت چارەسەروەر وەردەگرن، ئیستێک بکە و بیرت بێت شەهید دکتۆر هێمن و هاوپیشەکەی گیانی پاکی خۆیان لەڕێگەی چارەسەرکردنی نەخۆش و ئازادی نیشتیمانەکەیان بە خاکی پاکی نیشتیمان سپارد.

لە ڕۆژی شەهیدبوونیاندا ئەڵێین، هەزارسڵاو لەگیانی پاکی شەهید دکتۆر هێمن و هاوکارەکەی و گشت شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری گەلەکەمان. ئارامگەتان پڕ نور و یادتان هەمیشە زیندووبێت.

تێبینی:

بەداخەوە چەند هەوڵماندا هیچ زانیاریەکمان لەسەر ئەوکارمەندە شەهیدە دەستنەکەووت. گەر بەڕێزێکیش ناوی ئەزانێت و زانیاریی لەسەری هەیە، ئەوا سوپاسی ئەکەین گەر بۆمان بنێرێت.

 سلێمانی٢٠٢٤ /٨/ ١٧ لەسەر ١٨

 

د. ڕێزان ئەحمەد

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

پرسیارت هەیە؟

خۆشحاڵین بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان.

Questions?

Feel free to write a message.