یەکەمین سیمپۆزیۆمی قەبزی لە کوردستان لە سلێمانی ئەنجامدرا

یەکەمین سیمپۆزیۆمی قەبزی لە کوردستان سازدرا

لەبەر ئەوەی قەبزی، یەکێکە لە کێشە باوەکانی تەمەنە جیاوازەکان و بارودۆخە جیاوازەکان، بۆیە بە هاوکاری: کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، کۆمەڵەی هەرس و جگەری کوردستان و سەنتەری هۆشیاری  تەندروستی و پەروەردەیی لە بەرواری ١٥/٢/٢٠٢٤ بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری، بۆ دانانی ڕابەرێک، کە بتوانرێت کاریپێبکرێت لە کوردستان و ناوچەکە، یەکەمین سیمپۆزیۆمی قەبزی لە کوردستان سازدرا. 

سیمپۆسیۆمەکە دەستی پێکرد بە دابەشکردنی قەڵغانی ڕێزلێنان، بەسەر چەند دکتۆریک کە ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لەسازدانی سیمپۆسیۆمەکە، وە هەروەها بەخشرا بە کۆمەڵەی هەرس و جگەر و کۆلێژی پزیشکی.

لە سیمپۆسیۆمەکەدا باس لە هەموو ئەو هۆکارانە کران کە دەکرێت ببنە هۆی قەبزی وەک: کۆمەڵێک

نەخۆشی (نەخۆشی کوێرەڕژێنەکان، ئەو نەخۆشیانەی پەیوەندی بە سیستەمی هەرسەوە هەیە و هتد…)، قەڵەوی، ناهاوسەنگی زیندەوەرە وردەکانی ڕیخۆڵەمان، قەبزی دوای نەشتەرگەری قەڵەوی، شێوازی ژیانکردنی ناتەندروست و کۆمەڵێک هۆکاری تر باسکران.

لە سیمپۆسیۆمەکەدا، باس لە قەبزی درێژخایەن، چۆنییەتی دەسنیشانکردنی حاڵەتەکە و چارەسەرکردنی کرا.

باس لە تیشک کرا، وەک یەکێک لە ڕێگاکانی دەسنیشانکردنی حاڵەتەکە، وە باس لە کۆمەڵێک ڕێگەی تری جیاواز کرا بۆ دەسنیشانکردنی حاڵەتەکە.

وە جگە لە بابەتی قەبزی، لە بەر گرنگی و زۆربوونی «شێرپەنجەی ڕیخۆڵە» لە سیمپۆسیۆمەکەدا باسکرا؛ کە بەداخەوە ڕێژەکەی زیادی کردوە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوتر؛ بەتایبەتی لە نێوان تەمەنی (٢٥-٥٠) ساڵیدا. هەر لەسەر ئەو بابەتە باس لە دەستنیشانکردنی پێشوەختە، بە ڕێگەی جیاواز و «ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد» لە هەناوبین کرا وەک دەسنیشان کەرێکی داهاتوی زۆر باش. باس لە چارەسەرەکانی حاڵەتەکەش کرا.

 باس لە قەبزی لە کاتی دوگیانی، دوای دوگیانی، لە خانمانی شیردەر وە هەروەها باس لە قەبزی لە منداڵاندا، هۆکارو چارەسەرەکانی کرا.

وەکو چارەسەریش، باس لە گرنگی وەرزش، ئەو خواردنانەی کە ئەیخۆین، پڕۆبایۆتیک بۆ هاوسەنگی زیندەوەرە وردەکانی سیستەمی هەرسمان، وە کۆمەڵێک دەرمانی جیاواز و ڕێگەی نەشتەرگەری، وەکو ڕێگەی کۆتایی چارەسەری حاڵەتەکە باسکرا.

پرسیارت هەیە؟

خۆشحاڵین بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان.

Questions?

Feel free to write a message.