ئامادەکردنی: سان خەسرەو، دیاری ئەبوبەکر
مێدسپایر: پاش تەواوبوونی ماوەی خزمەتت چۆن درێژەت بە کاروانی پزیشکی دا؟
دکتۆر نەوزاد: دوای بە سەربردنی دوو ساڵ و نۆ مانگ لە مەندەلی، لە وەزارەتی تەندروستی بەغدادەوە بانگیان کردینەوە. هەرچەندە خەڵکی مەندەلی زۆر هەوڵیان دا، وە داوایان لە وەزارەت کردبوو، کە من لە جێگای خۆم بم، بەڵام دەبوو بۆ تەواوکردنی ڕاهێنانی پزیشکی بڕۆشتمایە. پاش مەندەلی، لە بەشی نەشتەرگەری شاری پزیشکی (مدینة طب)(١) لە بەغداد وەرگیرام. ئەو کاتە تەنها ساڵێک بوو شاری پزیشکی بەغداد کرابوو. سەرەتا لە قاتی پێنج دایان نام، لەوێ دووبارە دکتۆر (عەلی رماح)م بینیەوە، کە سەرەتا لە نەخۆشخانەی کەرامە پێکەوە ئیشمان ئەکرد. ئیتر ماوەی ساڵێکیش لەوێ وەک ڕاهێنراوی نەشتەرکار کارمان کرد و پاشان بووین بە نەشتەرکار. کاتێک ئەبووین بە نەشتەرکار جارێکی تر بەسەر پارێزگاکانی عێراقدا دابەشیان دەکردینەوە.
من بە پێی فەرمانێکی وزاری دەبوایە بچومایە بۆ شاری دهۆک، کە تازە بووبوو بە پارێزگا، بەڵام خەڵکی مەندەلی بە هەواڵەکەیان زانیبوو، بۆیە چووبوون بۆ وەزارەت و داوای منیان کردبوو، کە بچمەوە بۆ مەندەلی. دکتۆر جەمال ڕەشید، کە جێگری سەرۆکی بەشی خەدەمات بوو لە وەزارەت بانگی کردم وتی، خەڵکی مەندەلی داوات دەکەنەوە، خۆت ڕات چییە؟ منیش خەڵکی مەندەلیم خۆش دەویست و خەڵکێکی هەژار بوون، منیش ڕام وابوو کە بچمەوە مەندەلی هەرچەندە لە ڕووی مادییەوە دهۆک باشتر بوو، بەڵام خەڵکی مەندەلیم زۆر خۆشئەویست، ئیتر فەرمانەکەیان بۆ گۆڕیم و چووم بۆ مەندەلی.
دیارە خەڵکی مەندەلی لە ماوەی ئەو ساڵەی کە لە شاری پزیشکیش بووم لە بەغداد هەر سەردانیان دەکردم و نەخۆشەکانیان دەهێنا بۆ لام.
مێدسپایر: کاتێک گەڕایتەوە بە گشتی بارودۆخی مەندەلی چۆن بوو؟
دکتۆر نەوزاد: لە ڕووی سیاسیەوە لە چاو ساڵێک لەوەوبەر، کە منی لێبوو، بەرەو خراپتر چووبوو. حیزبی بەعس بە تەواوی کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکەی کردبوو، بەشێکی خەڵکەکەی نێردرابوون بۆ ئێران و لە شوێنی ئەوان نەتەوەی عەرەبیان نیشتەجێ کردبوو، لە هەمان کاتدا لێکتێگەیشتنێک هەبوو لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی ئەو کاتە و حکومەتی عێراقدا. ئەوەبوو ئازاری ١٩٧٤ هاتە ئاراوە، وە هەڕەشەیان دەکرد ئەگەر داواکارییەکانی کورد جێبەجێ نەکرێت دووبارە خەباتی چەکداری دەستپێدەکاتەوە. هەر لەو ماوەیەی کە لە مەندەلی مامەوە لەگەڵ ناسیاوێکی خۆمان، کە خەڵکی کەرکوک بوو، ژیانی هاوسەریم پێکهێنا.
ئەوکاتە من پێوەندی نهێنیم بە ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەبوو، هەروەها بەهۆی ئەوەی کە گرەنتی نەبوو بۆ بەردەوامبوونی ڕێکەوتنی ١١ی ئازار(٢)، ئەمویست لە نزیک دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس نەمێنمەوە، بۆیە داوای گواستنەوەم کرد بۆ شاری سلێمانی. ئەو کاتەی لە مەندەلی بووم، دایک و باوکم و برا و خوشکەکانیشم هێنابوو، بۆیە سەرەتا ئەوانم ناردەوە، دواتر بەشێک کەلوپەلەکانم نارد بۆ بەغدا و ئۆتۆمبێلەکەشم فرۆشت، ئینجا هاتمەوە بۆ سلێمانی. ئەوەندەی نەبرد، کە شۆڕش دەستی پێکردەوە. هەر بە دەستپێکردنەوەی شۆڕش چوومە هەڵەبجە. لە ڕادیۆوە ناوی ئەوانەیان دەخوێندەوە، کە پێووەندییان بە شۆڕشەوە کردوە، کاتێک ناوی منیان لە ئیزاعەکەوە خوێندبووەوە، کە پێوەندیم بە شۆڕشەوە کردووە، ئینجا خەڵکی مەندەی پێیان زانیبوو، کە لای ئەوان نەماوم.
مێدسپایر: لەو کاتەدا بارودۆخی ئێوە لە هەڵەبجە چۆن بوو؟
دکتۆر نەوزاد: من لە هەڵەبجە چەند ڕووداوێکی سەیرم بەسەر هات. حەز دەکەم چەند دانەیەکتان بۆ بگێڕمەوە:
لە هەڵەبجە ماڵێک هەبوو بە ناوی ئەحمەدی حەمە ساڵحی جاف، لەگەڵ کۆمەڵێک لە دکتۆر و هاوڕێکانم ئێواران دەچووین لەوێ دا ئەنیشتین و کاتمان بەسەردەبرد، دواتر فەرمانێک هات کە دەبێت پزیشکەکان بچنەوە سەرکردایەتی و لەوێوە دووبارە دابەشبکرێنەوە، بۆ ئەوەی هەرکەسە و بزانێت لە کوێ کاردەکات. من و خاڵم و کەریمی حاجی هۆمەری قەساب و کەسێکی تر لە هەڵەبجەوە بە ئۆتۆمبێل هەتا نزیکی ڕێگای کارێزە و ماوەت ڕۆیشتین، لەوێووە ئۆتۆمبێل بەردەست نەئەبوو، بۆیە بە پێی و بە وڵاغ چووین بۆ سەفرە و زەروون(٤). ماوەیەکی زۆر بوو بە پێ هاتووچۆم نەکردبوو، بۆیە زۆر ناڕەحەت بووم. بەیانیی ڕۆژی ٢٤ی ٤ی ١٩٧٤ گەیشتینە دێی نورەدین(٥). زۆر شەکەت و ماندوو بووم. شەو لەوێ ماینەوە و بڕیارمان دا بەیانی بچینە قەڵادزێ. خۆمان کۆکردەوە بچین بۆ قەڵادزێ، کەچی فڕۆکەکانمان بینی کە ئەهاتن و ئەچوون بۆردومانی قەڵادزێیان ئەکرد. لە ڕاستیدا بەتەمابووین لە گوندی نورەدین نەمێنینەوە، بەڵام یەکێک لە کۆمەڵەکەمان وتی، با ئەمشەو بمێنینەوە و سبەی بچین بۆ قەلادزێ. ئەگەر بە قسەی ئەو برادەرەمان نەکردایە و بچوینایەتە ناو قەڵادزێ، زۆر نزیک بوو ئێمەش بەر تۆپبارانەکە بکەوتینایە. کاتێک گەیشتینە ناو قەڵادزێ، خەڵکێکی زۆر گیانیان سپاردبوو، بەشێکی خەڵکەکە ئەچوون بۆ سلێمانی و بەشێکیان ئەچوون بۆ ئێران. منیش زۆر بە پێ ڕۆشتبووم، قاچم زۆربەی بوو بوو بە برین، چوین بۆ نەخؤشخانەی قەڵادزێ لەوێ تەنها یەک پزیشکی لێبوو، ئەویش دکتۆر مستەفا بەرزنجی و یەک- دوو دکتۆری تریش هاتبوون یارمەتیان ئەدا، بەلام زۆربەی بریندارەکانیان گواستنەوە بۆ ئێران. رۆژی دواتر بەڕێکەوتین واتە ڕۆژی ٢٦ی مانگ. گەیشتینە دەوروبەری قەڵادزێ، کەچی لە ڕادیۆکەوە گوێمان لێ بوو، کە هەڵەبجە تۆپباران کراوە و ئەو ماڵەی کە زۆربەی ئێواران لێی دەماینەوە (ماڵی ئەحمەد بەگ)، تۆپباران کرابوو، وابزانم یەک- دوو کەس مابوون، ئەوانی تر هەموویان شەهید بووبوون. بۆیە لە دوو ڕووداوی تۆپباران لە ماوەی دوو ڕۆژدا ڕزگارم بوو.
مێدسپایر: کە گەیشتنە گەڵاڵە چی ڕوویدا؟ ڕووداوەکانی ئەوێ چۆن بوون؟
دکتۆر نەوزاد: کاتێک گەیشتینە گەڵاڵە دکتۆر مەحمود عوسمانمان بینی وتی، لە هەڵەبجە پێویستمان بە نەشتەرگەرێکە، لە مەریوان و سەردەشت دامان ناوە و لە هەڵەبجەش یەکێکمان ئەوێت. بە منی وت، تۆمان بۆ ئەوێ داناوە. لەو کاتەدا هاوسەرەکەشم لە گوندی هاواری نزیک هەڵەبجە بوو.
هەر لە گەڵاڵە چووین بۆ لای حەمەی عەزیز، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو دانیشتبووین. لەو کاتەدا پیکابێک دەگەڕا و بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد، کە پاش کەمێکی تر کۆمەڵێک فڕۆکە دێن ناوچەکەمان، مەترسن ئەوانە فڕۆکەی خۆمانن و تۆپبارانی حکومەتی عێراق دەکەن. لەسەر ئەمە کاک حەمەی عەزیز بانگی کرد وتی، ئێمە کوا فڕۆکەمان هەیە؟ لە وەڵامدا وتی، وەڵا ئێمەش نازاین. ناوی بەرپرسێکی دیاری برد، کە ئەو پێی وتون وابڵێن.
شەوی دواتر هەر لە گەڵاڵە ماینەوە، چووین بۆ ماڵی کاک عەلی عەسکەری. لەو کاتەدا دکتۆر محمد باقریش لەوێ بوو، کۆمەڵێک خەڵکی شاری سلێمانیش هاتبوون بۆ ماڵی کاک عەلی. ماڵەکەیان لەسەر گردێک بوو، لە پشتی خانووەکە بەردێکی گەورەی تێدا بوو، ژێرەکەی کونێکی تیادا بوو، بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانی فڕۆکە. چەند جارێک بەهۆی هاتنی فڕۆکەوە خۆمان کرد بەو کوونەدا. ڕۆژی دواتر هەواڵمان بۆ هات، کە ئیدریس بارزانی ئەیەوێت من و دکتۆر محمد باقر ببینێت و پاشان گەڵاڵە بە جێبهێڵین. لە خوار ماڵی عەلی عەسکەریەوە لەسەر ڕێگای حاجی ئۆمەران پردێکی زەرد هەبوو، کە پێشیان دەوت، پردی زەرد. دەبوو لەوێوە بچیت بۆ بارەگاکەی کاک ئیدریس. خۆمان کۆ کردەوە و دەرچین، کاک عەلی عەسکەری هاواری کرد نابێت بڕۆن تا دنیا تاریک نەبێت، چونکە هێرشی فڕۆکە زۆر بووە. بە هەرحاڵ زۆری لێکردین و ئێمەش نەڕۆیشتین. بەڵام ئەوەی سەیر بوو، ئەوەندەی نەبرد فڕۆکەیەک هاتە ناوچەکە و پردەکەی بۆردومان کرد. دەستبەجێ کۆمەڵێک خەڵک شەهید بوون. بەم شێوەیە لەو سەفەرەمدا بۆ سێیەم جار لە مردن ڕزگارم بوو. دوای ئەوە کاک عەلی وتی، مەچن بۆ لای کاک ئیدریس، ئێستا ئەچن و سەرو کڵاشنکۆفتان ئەداتێ و ئەگەڕێنەوە. ئیتر من لەسەر قسەی کاک عەلی نەچووم، بەڵام دکتۆر محەمەد باقر ڕۆیشت.
دوای چەند سەعاتێک، گەڵاڵەمان بەجێهێشت و گەڕاینەوە بۆ هەڵەبجە.
مێدسپایر: کەواتە پاش گەڵاڵە لەسەر داوای سەرکردایەتی ئەوکات گەڕایتەوە بۆ هەڵەبجە؟
دکتۆر نەوزاد: پاش گەڵاڵە بە هەمان ڕێگادا، کە هاتبووین ڕۆشتینەوە بۆ سلێمانی. کەسوکار و ماڵی باوکم لە سلێمانی وایان دانابوو کە مردووم، هەروەها هەواڵیان پێدابوون کە لە یەکێک لەو سێ ڕووداوەدا کوژراوم. من هاتمەوە سلێمانی و لەوێوە ڕۆیشتم بۆ هەڵەبجە. ئەوەی دڵی خۆشکردم ئەوەبوو، کە ماڵی باوکمم دڵنیا کردەوە لەوەی نەکوژراوم. لە سلێمانیەوە بە سواری تراکتۆر چووم بۆ عەربەت. لە چایخانەکەی عەربەت شۆفێرێکی پیکاپی لێ بوو پێمان وت، بمانبات بۆ هەڵەبجە، ئەویش وتی، ئەگەر دێنەوە بۆ سلێمانی دەتانگەیەنم، بەڵام بۆ هەڵەبجە ناچم. مەبەستی لەوە بوو، کە تەسلیم ببینەوە. من چەند کەسێکم لەگەڵ بوو، لێی توڕە بوون و خەریک بوو لێی بدەن. ئیتر بە تراکتۆرێکی تر گەیشتینەوە هەڵەبجە. کە گەیشتمەوە هەڵەبجە سەیرم کرد خەڵکی هەڵەبجە لەبەر بۆردومانی زۆری حکومەت بەشێکیان ناوچەکەیان بەجێدەهێشت بەرەو ئێران و بەشێکی تریشی بەرەو سلێمانی.
مێدسپایر: لەو کاتەدا باروودۆخی هەڵەبجە چۆن بوو؟
دکتۆر نەوزاد: کە گەیشتینەوە هەڵەبجە، بەشی هەرە زۆری دکتۆرەکانی شاری سلێمانی لەوێ بوون. بەڵام پاش زیادبوونی بۆردومانەکان چووبوون بۆ تەوێڵە. لەوێ دکتۆر ئومێدیان کردبوو بە سەرۆکی پزیشکان.
مێدسپایر: کام دکتۆر ئومێد؟
دکتۆر نەوزاد: دکتۆر ئومێد مەدحەت موبارەک. ئیتر چەند چادرێک بۆ دکتۆرەکان لەسەر ڕێگاکە هەڵدرابوون، بینایەکی قوتابخانەش کرابوو بە هۆڵی نەشتەرگەری و لەوێ نەشتەرگەریم دەکرد. چادرێکیشیان دابوو بە خۆم و هاوسەرەکەم.
دوای چەند ڕۆژێک سەرکردایەتی شۆڕش لەگەڵ حکومەتی ئێران ڕێکەوتنێکیان کردبوو لەسەر ئەوەی لە شارەکانی سەرسنووری عێراق ئێران چەند نەخۆشخانەیەکمان ڕادەست بکەن. لە شاری پاوە نەخۆشخانەیەکی گەورەی لێبوو، نەخۆشخانەیەکی جوان و باشبوو، ژووری نەشتەرگەری هەبوو، ئەوەیان ڕادەستی من کرد. شەوێک دکتۆر ئومێد هات وتی، خۆت کۆبکەرەوە و بچۆ بۆ ئێران. ئەو ڕۆژە لە نزیک دەربەندیخان شەڕ بووبوو، دوو برینداریان هێنابوو بۆ ئەوەی بیانبەن بۆ ئێران. ئیتر من و هاوسەرم و دوو بریندارەکەیان بە ئۆتۆمبێکی فریاکەوتن نارد بۆ پاوە.
١. شاری پزیشکی بەغداد گەورەترین پرۆژەی پزیشکی گشتییە لە عێراق، کە لە ساڵی ١٩٦١ کراوەتەوە. شارە پزیشکییەکە لە پێنج نەخۆشخانەی گەورە پێک دێت و کەوتۆتە سەر ڕۆخی ڕووباری دیجلەیە لە بەشی رەسافەی شاری بەغداد. سەرچاوە: https://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%85%D8%AF%D9%8A%D9%86%D8%A9_%D8%A7%D9%84%D8%B7%D8%A8_%D9%81%D9%8A_%D8%A8%D8%BA%D8%AF%D8%A7%D8%AF
٢-١١ی ئادار: مەبەست لێی ڕۆژی ١١ی ئاداری ١٩٧٠-یە، کە لەو ڕۆژەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێکەوتنێکی بەناوی کوردەوە لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی عێراق بەست، بەڵام ڕێکەوتنەکە ٤ ساڵی تێپەڕنەکرد، کە شەڕ دەستی پێکردەوە.
٣-سەفرە و زەرون دوو گوندی نزیک بە یەکترن. کەوتوونەتە قەزای ماوەت، پارێزگای سلێمانی، باشووری کوردستان. سەرچاوە:
https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D8%B2%DB%95%D8%B1%D9%88%D9%88%D9%86
٤- نورەدین گوندێکە، کەوتووەتە ناحیەی قەڵادزێ( ناوەند )، قەزای پشدەر، پارێزگای سلێمانی، باشووری کوردستان.