ڕۆبەرت ساپۆلسکی، پرۆفیسۆری بواری بایۆلۆجی و پسپۆڕی زانستی مێشک و دەمار وکوێرەڕژێنەکانە لە زانکۆی ستاندفۆردی ئەمریکی. ساپۆلسکی خاوەنی یەکێک لە کۆرسە بەناوبانگ وبەسوودەکانە کە زانکۆی ستاندفۆرد لە سایتی یوتیوب بە خۆڕایی فەراهەمی کردووەبەناوی(Human behavioral biology) کە تیایدا بە ٢٥ وانە ڕەفتاری مرۆڤ لێکدەداتەوە لە هەموو ڕووەبایۆلۆجییەکانەوە. ساپۆلسکی خاوەنی چەندین توێژینەوە و پەرتووکە؛ لە بەناوبانگترینیان پەرتووکی«Behave»ە. ساپۆلسکی زیاد لە ٣٠ ساڵ سەرقاڵیتوێژینەوە و تێبینیکردنی ڕەفتاری چیمپانزییەکانبووە لە وڵاتی کینیا؛ ئەو لە توێژینەوەکانیدا زیاتر گرنگی بە کاریگەرییەکانی فشارەدەروونییەکان دەداتکە چۆن جێپەنجەیان لەسەر ڕەفتار و دیدگامان بۆ ژیان جێدەهێڵن.
مێدسپایەر، بە خۆشحاڵییەوە، چاوپێکەوتنی ئەم جارەی لەگەڵ ئەم زانایەدا ئەنجامداوە. دەتواننخوێنەری دەقی چاوپێکەوتنەکە بن لەخوارەوە.
مێدسپایر: چ هۆکارێک بووە هۆی هاندانت بۆ بەدەستهێنانی پسپۆڕی لە بواری زانستی مێشک و دەمار؟
ساپۆلسکی: پێموایە زۆر ڕوونە، چی لەمە سەرنجڕاکێشترە؟، وە چی لەوە کارەساتبارترە کاتێک نەخۆشییەکی مێشک و دەمار مرۆڤبوونی کەسێک لەناو دەبات؟
مێدسپایر: لە یەکێک لە وانەکانتدا باس لەوە دەکەیت کە گەر دەرفەتت پێبدرێتەوە و کات بگەڕێتەوە دواوە توێژینەوەکانت لەسەر پلی پێشەوەی مێشک دەکەیت، لە بری ئەمیگدالا (بەشێکی دیکەی مێشکە)، دەتوانیت زیاتر لەسەر ئەم باسە بدوێیت؟
ساپۆلسکی: ڕاستە، من زۆرینەی کاتەکانم لە تاقیگەدا لە لێکۆڵینەوە لە ئەمیگدالا و هیپۆکامپەس بەسەربردووە، بێگومان هیپۆکامەس (شوێنی هەڵگرتنی بیرەوەریەکان)، ئەمیگدالا (شوێنی درووسبوونی هەستی ترس) شتانێکی سەرنجڕاکێشن بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام فرۆنتاڵ لۆب (پلی پێشەوەی مێشک) بە ڕاستی سەرنج ڕاکێش و سەرسوڕهێنەرە، بە تایبەتی ڕۆڵی سەرەکی لە خۆکۆنتڕۆڵکردن، ڕێکخستنی هەستەکانمان — یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە دیاری دەکات ئێمە کێین، وە ئەو پێچ و لۆچانەی پلی پێشەوەی مێشک کە بە باشی کار ناکەن ڕەنگە هۆکاری نیوەی کێشەکانی جیهان بن.
ئەوەی کە زۆر سەرنجی منی ڕاکێشاوە ئەوەیە کە ئەم بەشەی مێشک کۆتا بەشە بەتەواوەتی پێدەگات، کە تا دەگەینە تەمەنی ٢٥ ساڵی؛ دەرئەنجامەکانی ئەمە زۆر بەلای منەوە سەرسوڕهێنەرن، چوون ئەگەر پلی پێشەوە کۆتا ناوچەی مێشک بێت گەشە بکات، ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەزموونی ژیان و ژینگەی دەوروبەر زۆرترین کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئەم گەشە کردنە، وە لە بەرامبەردا هۆکارە بایۆلۆجییەکان کەمترین کاریگەرییان دەبێت لەسەری. بە واتایەکی دی توێکڵە پلی پێشەوە ئەو بەشەی مێشکتە کە بەختی سەرەتای ژیانت، بە باش و خراپەوە، زۆرترین دەستی هەیە لە نەخشاندیندا.
مێدسپایر: بە بۆچوونی شارەزاییانەی خۆت، بۆ ئەوانەی خولیای لێکۆڵینەوەیان هەیە لە مێشکی مرۆڤ، پێشنیار دەکەیت توێژینەوە دەربارەی چی بکەن لە داهاتوودا؟
ساپۆلسکی: تێگەیشتن لە جیاوازیە بنەڕەتیەکانی مێشک لە نێوان تاکەکاندا، ئەوە ڕاستیە کە بێجگە لە هەندێک نەخۆشی پەیوەست بە گەشەی مێشکەوە کە جیاوازی دروست دەکات، مێشکی مرۆڤەکان زۆر لەیەکەوە نزیکن بەڵام وەک یەک نین. بۆیە گرنگە هۆکاری ئەو جیاوازییانە بزانین کە لە نێوانی تاکەکاندا هەن.
مێدسپایەر: دەتوانیت پێمانبڵێیت باوەڕە فەلسەفییەکانت چین دەربارەی هۆش (فیزیکاڵیزم، ئایدیالیزم، دوالیزم)؟
ساپۆلسکی: پێموایە من وەک “ناتەبایی تووند” هەژمار دەکرێم — هیچ مەجالێک نییە کە زیندەوەرێکی بایۆلۆژی کە لەسەر یاسا فیزیاییەکانی گەردوون بنیات نراوە ئیرادەی ئازادی هەبێت، “منێک” بوونی نییە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئازادە لە بەند و کۆتەکانی بایۆلۆجی. دەبێت ئەم یان ئەوی تریان هەڵبژێریت و لە ڕووی فەلسەفییەوە من بە تەواوی لەو ئاراستەیەدام کە ئێمە لە کارلێکە بایۆلۆجییەکان (و کارلێکەکانی لەگەڵ ژینگە) کەمتر و زیاتر نین.
مێدسپایەر: پێت وایە چەمکی “کێشەی سەختی هۆشیاری” تەحەدایەکی ڕاستەقینە دەخاتە ڕوو و بۆچی؟
ساپۆلسکی: بە دڵنیاییەوە تەحەدایەک بۆ من دەخاتە ڕوو. هۆشیاری لەوە ئاڵۆزترە من لێیتێبگەم — هەر چەند ساڵ جارێک پێداچوونەوەیەکی توێژینەوە نوێیەکان دەخوێنمەوە لەو کەسانەی کە هەوڵدەدەن لە ئاستی دەمارە-بایۆلۆژیدا لە هۆش تێبگەن، وە یەک وشە تێناگەم لەو نوسینانەی کە دەیانخوێنمەوە. بۆ من هۆشیاری “تایبەتمەندییەکی ئاڵۆزی هەڵکەوتووە” — هەرچەنە ئەم وتەیەی من هەموو شتێک ڕوون دەکاتەوە و هیچیش ڕوون ناکاتەوە.
مێدسپایەر: تێگەیشتنت لە ویستی ئازاد وەک وەهمێک چۆن کاریگەری لەسەر تێڕوانینی تۆ بۆ ژیان هەبووە؟
ساپۆلسکی: من بەڕاستی بەڕاستی باوەڕم بە کاریگەرییەکانی نەبوونی ئیرادەی ئازاد هەیە — کە هیچ کام لە ئێمە هیچمان بە ئازایەتی خۆمان “بەدەست نەهێناوە”، وە “شایەنی” هیچ شتێک نین، کە هیچ هۆکارێکی ڕاستەقینە نیە وابکات پێداویستییەکانی ئێمە گرنگتر بن لە هینی کەسانی تر، و ڕق لێبوونەوە لە هەر کەسێک، مەبەستم لە هەر مرۆڤێکە لەسەر زەوی، لەبەر ئەوەی هەر شتێکیان کردبێت وەک ڕق لێبوونەوە وایە لە زریانێک، یان ڤایرۆسێک، چونکە لە کۆتاییدا بەرپرسیار نەبوون لە ئەنجامدانی ئەو کارە. جیهانێک کە خاڵییە لە خاوەندارییەتی و ڕق و کینە. دوای هەموو ئەمانەی کە ووتمان، لە ڕاستیدا من دەتوانم ئەوپەڕی بۆ سێ چرکە بەم شێوەیە بژیم هەر چەند مانگ جارێک، چوون ژیان کردن بەم شێوەیە زۆر قورسە. پێم دەڵێن کە ئەم دەرەنجامانەی پێیگەشتوم هاوشێوەی چەمکی بودایی “لەخودبوونەوە”ن — کە تەنها ئەوەندە دەتوانم بڵێم دەربارەی ئەو چەمکە چونکە من بە تەواوی بێ زانیاریم لەبارەی ئایینی بوداوە.
مێدسپایەر: لە ژێر ڕۆشنایی تێبینییەکەتدا کە دەڵێیت: “بوونەوەرە پەرەسەندووەکان ئەوەندە زیرەک و ڕێکخراون کە کاتە بەتاڵەکانیان بە درووستکردنی فشار لەسەر یەکتر و خراپکردنی تەندروستی خۆیان بەسەر دەبەن.”، پێتوایە کۆمەڵگا دەتوانێت چ هەنگاوێک بنێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم فشارە درێژخایەنانە؟
—ساپۆلسکی: کاتێک خەڵک پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نەبوو — خۆراک، ئاو، شوێنی نیشتەجێبوون، سەلامەتی، پێموایە دوای نەبوونی ئەمانە گەورەترین سەرچاوەی فشاری کۆمەڵایەتی نایەکسانییە. لە سەرانسەری کۆمەڵێک وڵاتدا، تا نایەکسانی لە کۆمەڵگایەکدا زیاتر بێت، تەندروستی خراپتر دەبێت، تەمەنی تاکەکان کورتتر دەبێت، توندوتیژی زیاتر دەبێت، زیاتر قسەی ناشرین و گێچەڵ بەسەر منداڵاندا دەکرێت. ژیان لە جیهانێکی زۆر نایەکساندا “سەرمایەی کۆمەڵایەتی” لەناو دەبات، توانای ئەوەی مرۆڤەکان هەست بە متمانە و ئارامی بکەن لەنێو یەکدیدا لەناو دەبات.
مێدسپایر: ئایا ڕووداوە کارەسەتبارەکانی وەک شاڵاوی ئەنفال و کارەساتی هەڵەبجە، هیچ کاریگەریەک یان مانەوەیان دەبێت لەڕووی بایەلۆجیەوە، لەسەر نەوەکانی داهاتووی کوردستان؟
ساپۆلسکی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، بۆ نموونە نەوەی ڕزگاربووەکانی کارەساتی هۆڵۆکۆست، بە تێکڕایی بایۆلۆجیەن، میکانیزمی وەڵامدانەوەی پەستانیان جیاوازە، بە شێوەیەکی ناتەندرووست.
بۆ کوردەکانیش، گواستنەوەی ڕەفتارەکانی ناپەیوەست بە جینەوە، لە سەرنجامی کارەساتەکاندا، بەدڵنیاییەوە دیاردەیەکی تێبینیکراوە، وە ئەو ڕەفتارانەی پەیوەستیشن بە جینەوە، بۆ چەند نەوەیەکی دوای ئەو کەسانەی ڕزگاریان بووە دەمێننەوە، ئەمە بۆ ڕزگاربووەکانی جینۆسایدی ئەرمەنیەکان و جینۆسایدی کەمبۆدییەکان و جینۆسایدی ڕواندیە توستیەکانیش هەروایە.
من دەتوانم بڵێم، بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ئەم کاریگەرییانە پەیوەستن بە مێتابۆلیزمەوە (زیندەچالاکی خانە)، ئەم کەسانە ئاسان تر توشی نەخۆشیەکانی پەیوەست بە کۆئەندامی دڵ و نەخۆشیەکانی پەیوەست بە هەرسەوە دەبن، لە چاو تەمەنیاندا، وە هەروەها ئاسانتر توشی نەخۆشیەکانی پەیوەست بە دەروونەوە دەبن بە تایبەتی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.
مێدسپایر: بۆ ئەوکەسانەی خولیای زیاتر ئاشنابوونیان بۆ مێشک هەیەوە و دەیانەوێت بەشداربن لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست پێیەوە لە ناوچەیەکی کەم گەشەکردووی وەک کوردستان و ناوچەکەی تێیدایە، چ ڕێنماییەکت هەیە بۆیان؟
ساپۆلسکی: لەسەر ئاستی ڕێکخستن، ئەم وڵاتانە پێویستیان بە کارکردن و هەوڵدانێکی زۆرە بۆ ئەوەی خاوەن بیر و ئەقڵەکانیان ئەو وڵاتانە جێ نەهێڵن، بەتایبەتی کاتێک باشترینەکانیان و تێگەیشتووەکانیان دەیانەوێت بچنە ڕۆژئاوا و لەوێ بمێننەوە.
ئەگەر ئەمریکا بە نموونە وەرگرین، لەو ناوچانەی کە هەژارترن، بەشێکی باشی دکتۆرەکان ئەو ناوچانەیان بەجێهێشتووە یان بە مانا کۆمەڵایەتی و سیاسیەکەی بڵێین ڕایان کردووە لەو ناوچانە، کە ئێستا ئەو ناوچانە باجی ئەو بەجێ هێشتنە دەدەن، یان کینیا کە من شارەزاییم زۆرە تێیدا، هەمان کێشەی هەیە.
ئەگەر یەکێک کە بیەوێت لە وڵاتانی ڕۆژئاوا درێژە بە خوێندنەکەی بدات، هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی لەوێ بمێنێتەوە، لە ڕووە ئابووریەکەشی هەر وایە، ئەو کەسانەی کە خاوەن پارەن لە وڵاتە تازەگەشەکردووەکان، بە دوای ڕێگادا دەگەڕێن تاوەکو پارەکانیان ببەنە وڵاتەکانی دیکە کە جێگیرترن، کە ئەمە زۆر خراپە، بۆ کەسە زیرەک و تێگەیشتووەکانیش بەهەمان شێوەیە، بۆیە ئەم وڵاتانە پێویستیان بە کاری گەورە هەیە، بۆ ئەوەی کەسەکانیان وڵاتەکە بەجێ نەهێڵن، کاری زۆر زیاتر بە جۆرێک، کەسێک کە ژیانێکی ئاسان و دەوڵەمەندانەی هەبێت لە ئەمریکا بگەڕێتەوە تا خزمەت بە وڵاتەکەی خۆی بکات.
لەسەر ئاستی تاکەکەسیش، وا باشترە بۆ کەسەکان کە ڕاهێنان بکەن لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و دوایی بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان بۆ پێگەیاندنی کەسی نوێ، بەڵام هەر لە پەیوەندی زانستیدا بن لەگەڵ ئەو کەسانەی سەرپەرشتیان کردوون.
مێدسپایر: لە کۆتاییدا هیچ وتەیەکت هەیە، یان هەرشتێک کە بتەوێت باسی بکەیت کە ئێمە ئاماژەمان پێ نەکردبێت لە پرسیارەکانی پێشوودا؟
ساپۆلسکی: وا هەست ئەکەم زۆرینەی بابەتەکانمان باس کردبێت، ئێمە لێرەوە دڵمان شکاوە بەو زەمین لەرزەیەی کە ڕوویداوە لە لای ئێوە، هیوادارم خۆتان و ئەو کەسانەی خۆشتان دەوێن سەلامەت بن.
ڕێکخستن و کورداندنی: مێدسپایەر
سازدانی: دیاری ئەبوبەکر