وڵاتی بەریتانیا بۆ پزیشکان

 

سازدان و ئامادەکردن: وەرزێر عوسمان، ژێوار عیماد

 

وڵاتی بەریتانیا، یەکێکە لە باوترین ئەو وڵاتانەی کە پزیشکانی کوردستان بۆ خوێندن و کارکردن ڕووی تێدەکەن. بۆ تێگەیشنی زیاتر لە چۆنیەتی چوون بۆ بەریتانیا بۆ کارکردن و خوێندنی پزیشکی، لەگەڵ د.ئاکام شوان، پزیشک و خوێندکار لە بەشی نەشتەرگەری بۆریەکانی خوێن لە وڵاتی بەریتانیا، دیمانەیەکمان ئەنجامدا:

 

مێدسپایەر: ئەزموونی ئێوە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بۆ خوێندن و کارکردن چۆنە؟

د.ئاکام: وه‌كو ئه‌زموون، پێش ئه‌وه‌ی بێم بۆ به‌ریتانیا بۆ کارکردن و خوێندن، چووم بۆ چه‌ند وڵاتێک وه‌كو ته‌ماشاكه‌ر، وه‌كو ئیسرائیل و توركیا و چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی، به‌ڵام بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م، كه‌ درێژترین ماوەیان 4 هه‌فته‌ بوو له‌ ئیسرائیل، بۆ ئه‌وه‌ی بزانم سیسته‌مه‌كه‌یان چۆنە.

 

مێدسپایەر: چی جیاوازیەکی سەرەکیتان هەستپێکردووە لەنێوان سیستمی تەندروستی کوردستان و وڵاتانی دیکەدا؟

د.ئاکام: سیستمی کارکردن و خوێندنی کوردستان بەبەراوردی زۆربەی وڵاتان، زۆر جیاواز و دواکەوتووە، بۆیه‌ كه‌ شوێنه‌كه‌ت ده‌گۆریت بۆ ژینگەیەکی جیاوازتر، یان له‌ سیسته‌مێكی جیاوازتر ده‌ستده‌كه‌یت به‌ كارکردن، یان به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ كه‌ دە‌چیت سیسته‌مێكی نوێ ده‌بینیت، ئه‌گه‌ر وه‌كو تەماشاکەریش بێت، ئه‌وكاته‌ هه‌ست به‌و جیاوازیە زۆرە ده‌كه‌یت له‌ نێوان ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌خۆش چۆن دەبینرێت و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، یه‌كه‌مجار نه‌خۆش چۆن بڕیار ده‌درێت كه‌ پزیشک بیبینێت، چۆن ڕەوانە دەکرێت بۆ لقێکی تر و پزیشکێکی تر، چۆن دەبرێتە لای پزیشكی پسپۆر و زۆری تر، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كوردستاندا سیسته‌مێكی دیاریکراومان نییه‌، بەڵکو‌ سیسته‌می حكومی له‌گه‌ل سیسته‌می تایبەتدا سه‌راپا هه‌مووی تێكه‌ڵ بووه‌، له‌ سیستمی هیچ وڵاتێك ناچێت.‌ وڵاتی به‌ریتانیا سیستمی NHSی هه‌یه‌، كه‌ سیسته‌مێكی ته‌ندروستییه‌ كه‌ بەتەواوی خۆڕاییە، كه‌س پارەی بیمەی تەندروستی نادات به‌رامبه‌ر به‌ خزمەتگوزاریەکانی NHS، بەڵکو پاره‌یNHS  لەڕێگای پارەی باجەوە دابینده‌كرێت. واتا ئه‌گه‌ر كه‌سێك بۆی گونجاو نه‌بێت كه‌ باج بدات له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ داهاتی كه‌مه‌، یان خوێندكاره‌، یان خانه‌نشینه،‌ ئه‌وكاته‌ ‌هەموو خزمەتگوزاریە تەندروستیەکەی خۆڕاییە. هه‌ندێك وڵاتی تر هەیە،‌ بۆ نموونه‌ وه‌كو ئه‌لمانیا یان ئیتاڵیا یان وه‌كو ئیسپانیا، کە خزمەتگوزاری تەندروستیان تێکەڵاوە، واتا له‌ رێگای بیمەی تەندروستی و حکومەتەوە دابینت دەکرێت، حكومه‌ت به‌شێكی پارەی خزمەتگوزاریەکە ده‌دات و به‌شەکەی تری خۆت ده‌یده‌یت. به‌ كورتی له‌ ئه‌زموونی خۆمه‌وه‌، كه‌ وا 2 ساڵ ده‌بێت كه‌ له‌ وڵاتی به‌ریتانیا کاری پزیشکی ده‌كه‌م، لایه‌نی باشی زۆری هه‌یه‌، چونكه‌ چاوت ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ کتێبە پزیشکیەکاندا نووسراوە و خوێندووتە، لێره‌ جێبەجێدەکرێت، ئه‌و پێویستی و ئاسانکاریانەی كه‌ حه‌ز ده‌كه‌یت بیبینیت، لێره‌ هه‌یه، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا بەرپرسیاریەتیت زۆر زیاتره‌ بەرامبەر نەخۆش به‌به‌راوردی کوردستان، واتا دەبێت وەکو پێویست ئاماده‌بیت به‌ شێوه‌یه‌كی باش زانستیە پزیشکیەکە جێبەجێبکەیت. له‌وانه‌یه‌ ئه‌ویش هه‌ندێكجار قورسیت بۆ دروست بكات، به‌ڵام له‌ راستییا پزیشکی ده‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ بێت، یان سیستمی ته‌ندروستی به‌و شێوه‌یه‌ بێت. ده‌توانم بڵێم کاری پزیشکی له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ به‌ به‌راورد به‌ کوردستان، زۆر گرانترە، چونکە بەرپرسیاریەتیت‌ زیاتره‌، ده‌بێت به‌رده‌وام هه‌وڵبده‌یت ئه‌پده‌یت بیت و به‌شداربیت له‌ كۆرس و لێكچه‌ر و كۆنفرانس و سیمینار، ئەم ناچارکردنە بە ڕۆیشتن لەگەڵ نوێترین زانیاریەکاندا، تا ئاستێكی زۆر ده‌چێته‌ قاڵبی باشییەوە وەک لەوەی کە ئیختیاری بێت، کە لە کوردستاندا بەو جۆرەیە، زۆر پزیشک دەبینیت كه‌ له‌وانه‌یه‌ چه‌نده‌ها ساڵ بێت زانسته‌كه‌ی ئه‌پده‌یت نەکردبێتەوە و كێشه‌شی نه‌بێت و كه‌سیش نییه‌ لێیبپرسێته‌وه‌.

 

مێدسپایەر: کەواتە ئێوە ئەزموونی وڵاتانی دەرەوە چەند بە پێویست دەزانن بۆ پزیشکێک؟ 

د.ئاکام: به‌ دڵنییاییه‌وه‌ وه‌كو پێویستی ناتوانیت بڵێی سەد لە سەد پێویسته‌، بە مانای ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر پزیشكێك ئه‌زموونی ده‌ره‌وه‌ی نه‌بێت بڵێی پزیشکێکی باش نییه‌، یان زه‌ربێكی پیابهێنیت و بڵێی ئەزموونێکی باشی نییە، به‌پێچەوانەوە پزیشێک دەتوانێت هیچ ئه‌زموونێكی وەهای نه‌بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ڵام ئه‌زموونێكی زۆر باشی له‌ كاری رۆژانه‌ی پزیشكیدا هەبێت لەکوردستان. بەڕای من بینینی سیستم و وڵاتێکی ترب، ئه‌گه‌ر كاتێكی كه‌میش بێت، هه‌فته‌ بێت یان مانگ یان چه‌ند ساڵێك خوێندن بێت لە وڵاتانی دەرەوە،‌ زۆر باشتره لە تەنها بینین و کارکردن لە کوردستاندا،‌ چونكه‌ ئه‌زموونی جیاوازت فێرده‌كات.‌ له‌ هه‌موو سیسته‌مێكدا كه‌ ده‌یبینیت، باشی و خراپی خۆی هه‌یه،‌ بۆ نموونه‌‌ به‌ریتانیا سیسته‌مێكی هەیە کە لە ناوەڕۆکدا سۆشیالیستییه‌، واتە حكومه‌ت پاره‌ی خزمەتگوزاری تەندروستی ده‌دات، بۆ هه‌مووكه‌س به‌خۆڕاییە و جیاوازی نییە، بەڵام ئه‌مریكا وانییە، چونكه‌ سیسته‌مەکەی ته‌واو تایبەتە و زۆر جیاوازه‌، كه‌ هه‌ر یەکێکیان باشی و خراپی خۆیان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌زموونی چه‌ند وڵاتێكی جیاواز ببینیت، زۆر باشتره‌، چونكه‌ تێدەگەیت هه‌ر سیسته‌مێكیان چۆن كارده‌كات. non clinical skills  بۆ پزیشك زۆر گرنگه‌ و سوودی هه‌یه‌ بۆ پزیشك له‌ ژیانی رۆژانه‌ و کاری پرۆفیشناڵانەیدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ڕای من ئه‌گه‌ر ئه‌زموونی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتت هه‌بێت، جا لە هەر وڵاتێك بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وڵاتێكی زۆر دواكه‌وتووش بێت، به‌شی ئه‌وه‌ شت زیاتر فێردەبیت له‌وه‌ی كه‌ ته‌نها له‌ كوردستان بمێنیته‌وه‌، تەنانەت ئه‌گه‌ر تەنها له‌ كوردستانیش بیت، گەر له‌ سلێمانییەوە بچیته‌ هه‌ولێر بۆ ماوەیەک تره‌ینینگ بكه‌یت، یان له‌ به‌غداد، یان له‌ چه‌ند سه‌نته‌رێكی جیاوازی هەمان شاردا تره‌ینینگ بكه‌ی، زۆر باشتره‌ له‌وه‌ی ته‌نها له‌ یه‌ك سەنتەر و نەخۆشخانەدا تره‌ینینگ بكه‌ی. بۆیه‌ وه‌كو پێویستی، ناتوانیت بلێیت پێویسته‌، به‌ڵام بێگومان زۆر باشتره‌. 

 

مێدسپایەر: وڵاتی بەریتانیا بۆ پزیشکی کورد چەند گونجاوە؟ ئەو خاڵە باشانە چین کە وادەکەن پزیشکێک بەریتانیا هەڵببژێرێت؟

د.ئاکام:  ئێمه‌ وەکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کورد بەتایبەت کێشەیەکمان هەیە،‌ بەردەوام خۆمان بەکەم دەبینین له‌ چاو رۆژئاوادا، بەڵام ئەوە بزانە کە وه‌كو پزیشك كه‌ له‌ كۆلێژی پزیشكی ده‌رده‌چیت، له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌ دەرچوویەکی باشترین زانكۆكانی به‌ریتانیا باشترنەبیت، خراپتر نیت، به‌ڵام له‌دوای دەرچوونت لە کۆلێژی پزیشکی، ئه‌وە سیستمەکەیە كه‌ وادەکات كه‌ پزیشكێكی ئه‌وروپی باشتر لە پزشکێکی کورد دەربکەوێت. ئه‌مه‌ هه‌مووی ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و له‌ سیسته‌مێكی باشتردا کارده‌كات و پزیشکێکی کورد له‌ شوێنێکدا کاردەکات كه‌ سیسته‌می تێدانییه‌. بێگومان‌ سیسته‌می ته‌ندروستی وڵاتی به‌ریتانیا زۆر گونجاوه‌ بۆ هه‌موو پزیشكێك، نه‌ك ته‌نها بۆ پزیشكی كورد. ئەو خاڵە باشانەی وڵاتی بەریتانیا، سەرەتا ئەوەیە كه‌ به‌ریتانیا لە وڵاتە زۆر پێشکەوتووەکانی جیهانە و  سیستمێکی تەندروستی زۆر باشی هه‌یه‌، ئه‌زموون و مێژوویه‌كی زۆر باشیان هه‌یه‌ له‌ بواری پزیشكییدا و سیسته‌مێكی ڕێکخراویان هه‌یه،‌ بۆیە ده‌توانیت زۆر به‌ ئاسانی جێت تیایدا ببێتەوە ‌و  خۆت به‌ره‌وپێش به‌ریت. خاڵێکی باشی زۆر گرنگ سەبارەت بە پزیشکێک کە لە کوردستان خوێندبێتی و بیەوێت بێتە بەریتانیا، زمانە. ئەگەر پزیشکێک وڵاتانی تری ئه‌وروپا، بۆ نموونه‌ ئه‌ڵمانیا و هۆڵەندا یان سوید یان دانیمارك و نه‌رویج هەڵبژێرێت، زمان دەبێتە یەکەمین کێشەی، بەڵام ئەم کێشەیە بۆ بەریتانیا کەمترە، چونكه‌ ئینگلیزی لە قوتابخانە دەخوێنرێت و له‌ کۆلێژ به‌ ئینگلیزی دەخوێنیت، بۆیە به‌ڕای من هەلی ئه‌وه‌ی كه‌ ئینگلیزییه‌كه‌ت باشتر بكه‌یت و گۆڕینی بڕوانامە بكه‌یت به‌ ئینگلیزی له‌ به‌ریتانیا، زۆر ئاسانترە وەک لەوەی بۆ نموونە زمانی ئه‌ڵمانی یان سویدی له‌ سفره‌وه‌ فێرببیت. جگە لە زمانیش، بڕوانامەی بەڕیتانیاش گرنگە، چونکە بۆ نموونە ئه‌گه‌ر‌ كه‌سێك له‌ به‌ریتانیا خوێندبێتی یان له‌ به‌ریتانیا بۆردی ته‌واو كردبێت، كه‌ لێره‌ پێی ناوترێت بۆرد، پێی ده‌ڵێن تره‌ینینگ، ئه‌گه‌ر به‌ ڕێگای ترەینینگی به‌ریتانیادا رۆشتبێت، بڕوانامەکەی باوەڕپێکراوە له‌ زۆربه‌ی وڵاته‌كانی جیهاندا، زۆر به‌ئاسانی دەتوانیت لە چەندین وڵاتدا کاربکەیت و زۆر ده‌رگات بۆ ده‌كاته‌وه،‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ بڕوانامەی شوێنێكی ترەوە نه‌توانیت. خاڵێكی باشی تری به‌ریتانیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ پێویست ناكات له‌ پزیشکی داببڕێیت، پێویستبکات بۆ ماوه‌ی ساڵ و نیوێك یان دوو ساڵ زمان بخوێنیت له‌و وڵاته‌ و تاقیکردنەوەی گۆڕینی بڕوانامە بكه‌یت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ وڵاتی بەریتانیا دەتوانیت بۆ ئەوەی GMC registration  ت هه‌بێت، هه‌موو شته‌كانت له‌ وڵاتی خۆت بكه‌یت و هه‌موو تاقیکردنەوەکانت بکەیت، كه‌ی کارت دۆزیه‌‌وه،‌ ئینجا دەتوانیت بێیتە به‌ریتانیا، واتە دەتوانیت دوای چەند ڕۆژێکی کەم لە هاتنت بۆ بەریتانیا، ده‌ستبكه‌یت به‌ کاركردن له‌و وڵاته‌. بەڕای من ئه‌م خاڵە سەبارەت بە بەریتانیا‌ زۆر باشە‌ و كاتێكی زۆر باشت بۆ دەگەڕێتەوە، واتە بۆشاییەک دروستنابێت لە ناو کارکردنی پزیشکیتدا بۆ خوێندن و گۆڕینی بڕوانامە لەو وڵاتەدا، وەکو ئەوەی لە ئەڵمانیا بەو جۆرەیە، کە ماوەیەک لە پزیشکی دادەبڕێیت، کە بۆ بیرچوونەوە و پراکتیسکردنی پزیشکیەکەت ناخۆشە، تەنانەت لە سیڤیەکەتدا دەوری دەبێت. وه‌كو دەشزانرێت کە وڵاتی به‌ریتانیا وڵاتێكی پێشكه‌وتووه و‌ یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەپێشەوەیە، بەگشتی ده‌توانیت بڵێیت کە بیمەی تەندروستی و کوالێتی ژیان و درێژی تەمەنی چاوەڕوانکراو و خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان لە بەریتانیادا، زۆر باشترن لە کوردستان‌. به‌ڵام ئه‌م شتانه‌ شتێكن پەیوەندی بە کەسەکان خۆیانەوە هەیە، له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵك هه‌بێت كه‌ خولەکێکی كوردستان نەدات به‌ هه‌موو به‌ریتانیا و مافی خۆشێتی، چونكه‌ وا ڕاهاتووه‌ و ژیانی ئه‌و وا خۆش و گونجاوە لە کوردستاندا بژی. چه‌نده‌ها هۆکار هه‌یه‌ كه‌ وا له‌و كه‌سه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ كوردستان بێت یان له‌ به‌ریتانیا بێت.

 

مێدسپایەر:هاتن بۆ بەریتانیا بۆ پزیشک چۆنە و ڕێگاکان بە کورتی چین؟

 د.ئاکام: به‌گشتی بۆ ئه‌وه‌ی تۆ بته‌وێت له‌ به‌ریتانیادا کاری پزیشکی بكه‌یت، دەبێتGMC registration  ـت هه‌بێت، واتەGeneral medical council  كه‌ وه‌كو سەندیکای پزیشکانی کوردسان وایه خۆت تۆماربکەیت،‌ کە كاری هه‌موو پزیشكان رێك ده‌خات.GMC registration  به‌ چه‌ند رێگایه‌كی جیاواز ده‌كرێت، دوو ڕێگای زۆر باومان هەیە: یەکەمین رێگا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاقیکردنەوەیPLAB  بكه‌یت، کە کورتکراوەیprofessional and linguistic assesement board   ـە، وه‌كو تاقیکردنەوەی گۆڕینی بڕوانامەیە. ئەم ڕێگەیە بۆ كه‌سێك گونجاوترە كه‌ تازه‌ زانکۆی تەواوکردبێت، یان دوو ساڵی موقیمی کردبێت و هێشتا یەکلایینەبووبێتەوە لەوەی کە‌ چ لقێکی پزیشکی هه‌ڵده‌بژێرێت. ڕێگایەکی باوی تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ postgraduate qualification  ـێكت هه‌بێت، واتە بڕوانامەیەکیpostgraduate  ـت هه‌بێت لە institute  ـێکی به‌ریتانیا کە باوەڕپێکراوبێت، بۆ نموونە تاقیکردنەوەکانی کۆلێژە شاهانەییەکانی بەریتانیاroyal college ، بۆ نموونە کۆلێژی شاهانەی پزیشکانی نەشتەرگەری  MRCS ی هه‌یه،‌ کۆلێژی شاهانەی پزیشکانی هەناویMRCP ی هه‌یه و بۆ هەموو لقەکانی تریش بەهەمان شێوە. ئه‌گه‌ر ئه‌و تاقیکردنەوەیەت كردبێت، ده‌توانیت له‌ رێگای ئه‌و بڕوانامەیەوەGMC registration  بكه‌یت و پێویستت بە PLAB  نابێت، لەڕێیەوە دەتوانیت کار بدۆزیته‌وه. ئەم ڕێگایە بۆ كه‌سێك باشه‌ كه‌ ته‌واو خۆی یەکلایکردبێتەوە کە دەچێتە چ لقێکی پزیشکیەوە، له‌و لقەشدا وا باشترە كه‌ ئەزموونی هه‌بێت بۆ ماوەی ساڵێک بەلایەنی کەمەوە. بۆ نموونه‌ كه‌سێك نیازی ئەوەی هەیە بچێتە لقی هەناوی یان لەو بەشەدا ئەزموونی هەیە و دەیەوێت لەو لقەدا کاربکات، ئەوا بەڕای من وا باشترە تاقیکردنەوەیMRCP  بكات وەک لە PLAB، بەڵام بۆ كه‌سێك لە ئاستێکی وەکو خوێندکاری کولێژ کە هێشتا کۆلێژی تەواونەکردووەundergraduate  و دەیەوێت بێت بۆ بەریتانیا، بیر له‌ تاقیکردنەوەی PLAB بكاته‌وه‌ گونجاوترە، چونکە گەر لە‌ سەرەتای كاری پزیشكییه‌وه لێرە کاربکات،‌ دەرفەتی زۆر باشتری هه‌یه‌ بۆ هه‌مووشتێك.

 

مێدسپایەر: قۆناغەکانی کاری پزیشکی و خوێندن لە وڵاتی بەریتانیادا چۆنە؟

د.ئاکام: بەڕای من تێگەیشتن لە شێواز و قۆناغەکانی کاری پزیشکی لە وڵاتێکداmedical hierarchy ، زۆر هاوکاریت دەکات لە تێگەیشن لەو وڵاتە و هەڵبژاردن و چۆنیەتی هاتن بۆی. سەبارەت بە بەریتانیا، به‌ شێوه‌یه‌كی  گشتی خوێندنی پزیشکیان ٥ ساڵه ‌و کاتێک کۆلێژ تەواودەکەن، دەبن به‌ Foundation Year 1(FY1) ، کە هاوشێوەی ستاجیری و موقیمی ساڵی یه‌كەمی کوردستان وایه‌ و لەو ساڵەدا FY1‌ provisional registration  ـیان هەیە. پاش تەواوکردنی ساڵی یەکەم دەتواننfull GMC registration  وەربگرن و دەبن بە Foundation Year 2(FY2)، بەڵام بڕیار وایە  لە چەند ساڵی داهاتوو تاقیکردنەوەی UKMLA جێی تاقیکردنەوەی PLAB بگرێتەوە، لەو کاتەدا هەموو پزیشکێک کە FY1  تەواودەکات، تەنانەت ئەوانەی لە بەڕیتانیاش پزیشکیان خوێندووە، دەبێت ئەو تاقیکردنەوەیە بکەن و دەربچن تا ببنە FY2. پاش تەواوکردنی FY1 و FY2 هەڵبژاردنەکانت ئه‌وه‌یه‌، یان ده‌توانیت تەقدیمی هەندێک لق بکەیت كه‌ پێیان دەوترێتRun Through، واتە پێویست به‌ تره‌ینینگی پێشوو ناكات، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێت ته‌قدیمی لقە هەناوییەکان بكه‌یت، دەبێت تەقدیم بکەیت بۆ پرۆگرامی‌Internal Medicine Training(IMT) ، كه‌ ٣ ساڵه‌ و لە IMT1 و IMT2 و IMT3 پێکهاتووە. کە ئەو سێ ساڵەت تەواوکرد، ئینجا ته‌قدیمی پسپۆڕی ورد(سه‌بسپێشه‌ڵتی) ده‌كه‌یت کە نزیکەی 4 بۆ 5 ساڵ دەخوێنیت بۆ ئه‌وه‌ی ببی به‌ پسپۆڕی ورد(سه‌بسپێشه‌ڵیست). هه‌مان شت بۆ لقە نەشتەرگەرییەکانیش ڕاستە، دەبێت تەقدیمی Core Surgical Training(CST)  بکەیت، بەڵام جیاواز لە لقە هەناوییەکان کە سێ ساڵە، لقە نەشتەرگەرییەکان دوو ساڵە، کە ئەوانیش ST1(CT1) و ST2(CT2) ـن. پاش تەواوکردنی ئەو دوو ساڵە، پزیشکەکان تەقدیمی پسپۆڕی ورد دەکەن و دەبن بە ST3  و 6 ساڵ پسپۆڕی ورد(سەبسپێشەڵتی) دەخوێنن، واتە لە ST3 تا ST8. لێره پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی نەماوە، ئه‌وانه‌ی كه‌ دەچنە ئەو پسپۆڕییەوە، ٣ ساڵی یه‌كه‌م وه‌كو نەشتەرگەری گشتی رۆته‌یشن ده‌كه‌ن، له‌ لقی جیاواز دەوام دەکەن، بەڵام زۆربه‌ی کاتەکەیان له‌ نەشتەرگەری گشتییە، پاشان دەبێت خۆیان جیابكه‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ دەبن بەupper GI surgeon  یان colorectal surgeon  یانsurgery  hepatobiliary یان breast  یانendocrine   یانbody wall surgery  بۆ نموونه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ hernia surgery  دەکەن، یاخود Acute emergency  surgery  ، کە له‌ فریاکەوتن دەوام دەکەن و ئه‌و نەشتەرگەریانە ده‌كه‌ن كه‌ کتوپڕن و پەیوەندیان بە سکەوە هەیە. هەندێک لقی تر هەیە  پێویست به‌ تره‌ینینگی پێشوه‌خته‌ ناکات و Run Through ـن، واتە له‌ دوای FY2 ـەوە ڕاستەوخۆ دەتوانیت ته‌قدیمی بكه‌یت، وه‌كو (Radiology-Gynecology-Histopathology..)، کە زۆربەیان ٦ بۆ ٧ ساڵن. ئەمانەی باسمانکرد بەرەوپێشچوون لە قۆناغەکانی کاری پزیشکیcareer progression  بوون، دوای ئەوەی كه‌ تره‌ینینگت ته‌واو كرد، ده‌بیت بە پزیشکی ڕاوێژکارconsultant  ، كه‌ وه‌كو پزیشکی پسپۆڕ Senior ی کوردستان وایه‌.

 

مێدسپایەر: بەنزیکەیی تێچووی چوونە بەریتانیا چەندە؟

د.ئاکام: سەبارەت بە تێچووی هاتن بۆ وڵاتی به‌ریتانیا، بەڕای من كه‌مترین پاره‌ی پێویستە به‌ به‌راورد به‌ هه‌ر وڵاتێكی تر، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ تێچووی تاقیکردنەوەکانی زۆر نییه‌، ڕاسته‌ له‌وانه‌یه‌ پێویستت به‌ چه‌ند گەشکردنێک ببێت، به‌ڵام وه‌كو وتم پێویست ناكات له‌ به‌ریتانیا ماوه‌یه‌كی زۆر بمێنیته‌وه بۆ‌ ئه‌وه‌ی كه‌ تاقیکردنەوەکان بكه‌یت. سەرەتا تاقیکردنەوەی زمان لە کوردستان دەکەیت، پاشان تاقیکردنەوەی PLAB 1 لە یەکێک لە وڵاتەکانی دراوسێ دەکەیت، بەڵام بۆ PLAB 2 دەبێت بێیتە بەریتانیا، کە پاش کردنی تاقیکردنەوەکە دەتوانیت ڕاستەوخۆ بڕۆیتەوە کوردستان. بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆلێژە شاهانەییەکان زۆرینەیان بەشی یەکەمیان له‌ عێراق ده‌كرێت و بەشی دووەم و سێیەم ده‌توانرێت له‌ هیندستان، یان میسر، یان له‌ هه‌ندێك وڵاتی دراوسێ بكرێت. بۆیە بۆ هاتنە وڵاتی بەریتانیا، ئەو سه‌رئێشه‌یه‌ت نییه‌ كه‌ تۆ بێیته‌ ئێره‌ و له‌سه‌ر حسابی گیرفانی خۆت له‌م وڵاته‌ بمێنیته‌وه‌ و مه‌سره‌فی رۆژانه‌ت هه‌بێت و ئیشت نه‌بێت تا ئەوکاتەی گۆڕینی بڕوانامەکەت تەواودەکەیت‌، بەڵکو تۆ دەتوانیت له‌ كوردستان بمێنیتەوە، مووچە و کارت هه‌بێت و له‌گه‌ڵیا تاقیکردنەوەی گۆڕینی بڕوانامەی به‌ریتانیا بكه‌یت و كه‌ی گەیشتە ئه‌وه‌ی كه‌ کارت دۆزییه‌وه‌، به‌ ڤیزای کارکردن دێیتە به‌ریتانیا و له‌وانه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی مانگێك لە گەیشتنت بەم وڵاته،‌ مووچەی خۆت هه‌بێت. گەر بە نزیکەیی باسی بڕی ئەو پارەیە بکەین کە پێویستت پێی دەبێت، لە بارێکدا هەموو تاقیکردنەوەکان بەیەکەمجار دەربچیت و هیچ کێشەیەکت نەبێت، لەنێوان 4 بۆ 5 هەزار دۆلارت پێویستە، کە به‌به‌راورد به‌ هه‌ندێك وڵاتی تر زۆر كه‌مترە، بەڵام ئەوەش هەیە کە ماوەیەکی زیاتری دەوێت تا دەگەیتە وڵاتەکە و جێگیردەبیت، کە هەندێک وڵاتی تر هەر بە وەرگرتنی ڤیزەی زمان دەچیتە ئەو وڵاتەوە.

 

مێدسپایەر: تاقیکردنەوەکانی زمان چۆنن و زمانی ئینگلیزی تا چەند کێشە دروستدەکات بۆ ئەو پزیشکانەی هەوڵی بەریتانیا دەدەن؟

د.ئاکام: به‌ڕاستی ده‌توانم بڵێم زمانی ئینگلیزی تا ڕادەیەکی زۆر كێشه‌ دروست ده‌كات، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و پزیشكانه‌ی كه‌ تازه‌ کۆلێژ تەواودەکەن، بەهۆی لەبارتربوون و زیادبوونی خولیا بۆ زمانی ئینگلیزی لەچاو پێشووتردا، ئاستی زمانیان زۆر باشترە. بەڕای من گەر کەسێک کێشەی تەنها زمان بێت، بەرزکردنەوەی ئاستی زمانی ئینگلیزیەکەی زۆر ئاسانترە لە فێربوونی زمانێک لە سفرەوە. دوو تاقیکردنەوەی زمان هەن، یەکەمیان IELTS Academic ـە، کە کەمێک قورسترە چونکە ئینگلیزیی گشتی پێویستە، پێویستە بەلایەنی کەمەوە کۆنمرەی 7.5 بهێنیت لەو تاقیکردنەوەیە و بەو مەرجەی نمرەی هیچ بەشێکی تاقیکردنەوەکەشت لە 7 کەمتر نەبێت. تاقیکردنەوەیەکی تر هەیە بەناوی OET(Occupational English Test)، کە ئەمەیان پێویستی بە ئینگلیزی پەیوەست بە پزیشکیەوە هەیە، لەم تاقیکردنەوەیەش پێویستت بەلایەنی کەم ئاستی Bـە لە هەر چوار بەشەکەیدا. ئەم دوو تاقیکردنەوەیە هەریەکەیان باشی و خراپی خۆی هەیە، OET ئاسانترە و پەیوەستە بە پزیشکیەوە، بەڵام نرخی گرانترە و هەروەها لە عێراقدا نییە و پێویستە سەردانی وڵاتی تورکیا یان میسڕ یان دوبەی بکەیت، بەڵام IELTS هەرزانترە و لە سلێمانی و شارەکانی تریش هەیە، بەڵام قورسترە.

 

مێدسپایەر: خوێندنی ماستەر و بۆرد لە وڵاتی بەریتانیا چۆنە؟ ئایا وەرگیران بۆ خوێندن و هەڵبژاردنی لقەکان لە بەریتانیا چۆنە و پزیشکان کە دێنە ئەو وڵاتە دەتوانن بچنە کام لەو لقە پزیشکیانە؟

د.ئاکام: دوو شت هه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌بێت جیایانبكه‌ینه‌وه‌ لەیەکتر، دەبێت مێدیكه‌ڵ تره‌ینینگ كه‌ كلینیكه‌ڵ تره‌ینینگه‌ و بڕوانامەی پرۆفێشناڵە Professional Degree، جیابکەینەوە له‌ بڕوانامەی ئەکادیمی Academic Degree. تۆ ده‌توانیت وه‌كو پزیشكێك بێیته‌ به‌ریتانیا و بەبێ ئه‌وه‌ی كه‌ کاری پزیشکی بكه‌یت، ماسته‌ر و PHD بهێنیت له‌ لقێکی پزیشکیا، به‌ڵام ئه‌م بڕوانامەیە زیاتر تیۆریی و ئه‌كادیمییه‌ و ناتوانیت کاری پزیشکی پێوه‌ بكه‌یت. ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه‌ له‌ كوردستان، كه‌ بڕوانامەی ئەکادیمی له‌گه‌ل بڕوانامەی پرۆفێشناڵ تێكه‌ڵكراوه،‌ هەندێک کەس ده‌بینیت كه‌ دێنە ئه‌وروپا و ماسته‌رێك دەخوێنن کە بڕوانامەیەکی ئەکادیمییە، واتە ئه‌گه‌ر‌ له‌ به‌ریتانیا بمێنێته‌وه‌ هیچی پێ ناكرێت، ته‌نانه‌ت هه‌ر ناتوانێت کاری پزیشکێکی ئاسایی پێ بكات هه‌تا GMC registration نەکات، به‌ڵام کە دەگەڕێتەوە كوردستان، ده‌ڵێت ماسته‌رم هه‌یه ‌و به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان کاری پزیشکێکی پسپۆڕ بەو بڕوانامەیەوە ده‌كات. سەبارەت بەوەی كه‌ بۆرد بخوێنیت یان ئه‌وه‌ی كه‌ لێره‌ پێی ده‌وترێت ترەینینگ، دوو ڕێگە هه‌یه،‌ كه‌ به‌ پێی لقەپزیشکیەکان ده‌گۆرێت. ئەگەر كه‌سێك تاقیکردنەوەی PLAB بکات، وه‌كو ئەوە وایه‌ ئاستی FY1ی ته‌واوكردبێت، یان ده‌توانێت ببێت به‌ FY2  یان ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی هه‌بێت كه‌ 2 ساڵ دوای تەواوکردنی کۆلێژ خزمه‌تی كردووه‌، ده‌توانێت وەکوSenior House Officer(SHO)  یان وه‌كوcore training  ده‌وام بكات. له‌وانه‌یه‌ له کۆتایی‌ ساڵی داهاتووداUKMLA  بەتەواوی جێی تاقیکردنەوەی PLAB بگرێتەوە، بەڵام زانیاری تەواوم نییە کە پاش دەرچوون لەو تاقیکردنەوەیە ڕاستەوخۆ دەچیتە FY2 یان نا. دوای ئه‌وه‌ پزیشک پێویستە خۆی ئامادەبکات و ته‌قدیمی تره‌ینینگ بكات، كه‌ بۆ هه‌موو لقەکان ده‌توانیت ته‌قدیمی بكه‌یت، بۆ هه‌مووشی ئەگەر هەیە وه‌ربگیرێیت، واتە هیچ لقێک نییه‌ كه‌ بڵێیت ئاستەمە وه‌ربگیرێیت لێی، به‌ڵام بێگومان هه‌ندێك لق هه‌یه‌ زۆر ڕکابەری لەسەرە. ئه‌گه‌ر بەراوردی بكه‌ین به‌ كوردستان، به‌ریتانیا تا ڕادەیەک به‌پێچەوانەوەی کوردستانە، هه‌ندێك لق هه‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستان هیچ ڕکابەری له‌سه‌ر نییه‌، به‌ڵام لێره‌ زۆر ڕکابەری لەسەرە، بۆ نموونه‌ له‌ كوردستان (Radiology – Dermatology) ڕکابەری زۆری لەسەرە، بەڵام لە بەریتانیا بۆ نموونەNeurosurgery  پڕ ڕکابەرییە، بەڵام لە کوردستان زۆر ئاسانە لەو لقە وەربگیرێیت و بگرە لەوانەیە ئاسانکاریشت بۆ بکەن تا بچیتە ئەو لقە، به‌هه‌مان شێوەش‌ بۆ Cardiothoracic Surgery. من وەکو خۆم 3 ساڵ و نیو کاری پزیشکییم كردبوو له‌ كوردستان، پاشان هاتمه‌  به‌ریتانیا، به‌ڵام من PLABم نه‌كرد، بەڵکو MRCSم كرد چونکە نزیکەی 2 ساڵ و نیو له‌ Cardiothoracic and Vascular  وه‌رگیرابووم، نەمدەویست بچمەوە سەرەتا و موقیمی بکەم، بۆیە MRCSم کرد و دەستمکردەوە به‌  ئەقدەمیی لەVascular and Endovascular Surgery، کە نزیکەی ساڵ و نیوێک non training jobم كرد، پاش ئەوە له‌training  وەرگیرامەوە، واتە ده‌بێت بزانی کە دوو ڕێگە هەیە:Training وNon-Training  . بۆ كه‌سێك کەundergraduate  بێت و بیر له‌ به‌ریتانیا بکاتەوە، باشترین رێگا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كسه‌ر دوای تەواوکردنی کۆلێژ خۆت ئامادەبکەیت و PLAB بكه‌یت و کاری موقیمیت له‌م وڵاته‌ بكه‌یت، واتاFY1 وFY2  لێرەبكه‌یت و پێشکەوتن لەقۆناغەکانی کاری پزیشکیت career progression لێرە بێت. باشترە پێش تەواوکردنی کۆلێژ، تاقیکردنەوەی زمانەکە بکەیت و ڕاستەوخۆ پاش تەواوکردن تاقیکردنەوەکان بکەیت و بێیتە ئێرە، تا هەموو ژیانی پزیشکیت لێرە بێت و لێرە دەستپێبکەیت.

 

مێدسپایەر: ئەوە تا چەند ڕاستە کە لقە نەشتەرگەرییەکان لە وڵاتانی ئەوروپا باش نین و بەئاسانی ڕێگەنادەن کە خۆت پرۆسیجەرەکان بکەیت؟

د.ئاکام: ئەوە دەکەوێتە سەر ئەو نەخۆشخانەیەی کاری تێدا دەکەیت و ئەو پسپۆڕەی لەژێر دەستیا کار دەکەیت و ئاستی خۆت، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە شێوازی کارەکەت ترەینینگە یان نا، کە خۆیان دەڵێن جیاوازی ناکەن لە نێوان ئەو دوو جۆرە کارکردنە، بەڵام لەڕاستیدا جیاوازی هەیە. گەر لە ترەینیگدا بیت، پسپۆڕەکە ئەرکە لەسەری فێرت بکات و ئیشەکانت بداتە دەست، بەڵام گەر لە ترەینینگدا نەبیت، دەکەوێتە سەر ئەو هۆکارانەی تر کە باسمان کرد. بەگشتی گەر لە کوردستان باشتر نەبێت، خراپتر نییە.

 

مێدسپایەر: ڕێگریە باوەکان چین، تا پزیشکێکی کورد نەتوانێت بۆ کارکردن و خوێندن بێتە بەریتانیا؟

د.ئاکام: سەبارەت بە رێگریەکی دیاریکراو، لەوانەیە پێش هه‌مووشتێك زمانه‌كه‌ بێت، به‌ڵام وەکو وتم ئه‌م نەوە تازەیە‌ لەوانەیە زۆرینەیان زۆر باشتربن له‌وانه‌ی كه‌ 10 بۆ 15 ساڵ پێش ئێستا ته‌واویانکردووە، بۆیه‌ بڕواناکەم كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ دروست بكات. رێگرییه‌كی تر له‌وانه‌یه‌ بابەتی ڤیزە بێت.‌ سەبارەت بە ڤیزەی كاركردن‌،‌ ئه‌گه‌ر کارت دۆزیەوە ‌و هه‌موو شته‌كانت تەواو بێت و داوای ڤیزەی کار بکەی لەڕێی ئەو نەخۆشخانەیەی کارەکەی داویتێ، ئەستەمە وەرگرتنی ڤیزەکەت ڕەتبکرێتەوە. ئەوەی کەمێک کێشە لەوانەیە دروستبکات، وەرگرتنی ڤیزەی گەشتکردنە لە کاتی هاتن بۆ بەریتانیا بۆ کردنی تاقیکردنەوەی PLAB 2 یان بتەوێت بەشێکی تاقیکردنەوەکانی MRCP یان MRCS لە بەریتانیا بکەیت، کە زیاتر پێویستی بەوەیە ئەکاونێکی بانکی متمانەپێکراوت هەبێت، مەبەستم لەوە نییە پارەی زۆر تیابێت، بەڵکو ماوەیەک بەسەر کاتی دروستکردنیدا تێپەڕیبێت و پارەی تێکرابێت و لێدەرهێنرابێت، تاوەکو لە ئەکاونتێکی ساختە نەچێت. ڕێگرییەکی تر بابەتی دووربوونە لە خێزان و هاوڕێکانت، کە لەوانەیە بۆ هەندێک کەس ڕێگربێت. بەڵام ئەم خاڵانەی باسمانکردن، ڕێگریەکی ڕەها نین و دەکەوێتە سەر کەسەکان خۆیان. 

 

مێدسپایەر: ئەو خاڵە سلبیانە چین کە وادەکەن پزیشکێک بەریتانیا هەڵنەبژێرێت؟

د.ئاکام: سیستمی بەریتانیا زۆر باش و پێشکەوتووە، بۆیە مەجالی هەڵەکردن کەمترە و بەرپرسیاریەتیت زیاترە و بەئاسانی هەڵەکانت بەسەرا تێناپەڕێت. لێرە لێپرسینەوە هەیە لەوەی تا چەند زانیاریەکانت نوێ و ئەپدەیتن، بۆیە ناچارت دەکەن بەوەی بەردەوام بخوێنیتەوە و ئەپ تو دەیت بیت. دەکرێت ئەو لقەی دەتەوێت، وەرگیران لێی زۆر قورس بێت و ئەمەش کێشەیەکە بۆخۆی. وەکو دەزانین لە پزیشکیدا ماوەی خوێندن زۆر و دوورودرێژە بەگشتی، بەڵام بەتایبەتر لە بەریتانیا ڕێگایەکی دوورودرێژتریشت لەپێشە. کەسێک کە لە بەریتانیا پزیشکی تەواوبکات و بیەوێت ببێت بە General Surgeon یان پسپۆڕی هەر لقێکی نەشتەرگەری، گەر هەموو قۆناغەکان سەرکەوتووبێت و هیچ دوانەکەوێت، نزیکەی 10 ساڵی پێویستە، کە ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی وا بکەن کە بەریتانیا هەڵبژاردەیەکی باش نەبێت. خاڵێکی سلبی تر سەبارەت بە بەریتانیا، داهاتی پزیشکە. وڵاتە ئەوروپییەکان بەگشتی داهاتی پزیشکیان نزیکە لەیەکەوە و جیاوازیەکی زۆریان نییە. داهاتی پزیشک لە وڵاتە ئەوروپییەکان بەگشتی زۆر نییە، بۆیە ڕاشکاوانە دەڵێم، گەر یەکێک بیەوێت بە کاری پزیشکی دەوڵەمەندبێت، باشترە بیر لە ئەمەریکا یا ن ئوستراڵیا بکاتەوە، یاخود هۆڵەندا، کە لە ئەوروپادا لەڕووی داهاتی پزیشک یەکەمە، چونکە وڵاتانی وەکو بەریتانیا و ئەڵمانیا و سوید و دانیمارک و نەرویج، داهاتی پزیشکیان هێندە نییە بتەوێت دەوڵەمەند ببیت، بەڵام ژیانێکی زۆر شایستە پێی دەژیت.

 

مێدسپایەر: ئامۆژگاریت بۆ خوێندکارانی پزیشکی و پزیشکانی گەنج چییە لەبارەی چوونەدەرەوە بۆ وڵاتانی تر؟

د.ئاکام: گەر بڕیارت داوە بچیتە دەرەوەی وڵات، هەتا زووتر بچیت باشترە، چونکە گەنجیت و تاقەتت باشترە و کاتی زیاترت هەیە. لەو تەمەنەدا بەئەگەری زۆرەوە هێشتا هاوسەرگیریت نەکردووە، بۆیە بڕیاردانت زۆر ئاسانترە لەوەی هاوسەرگیریت کردبێت و پێویستبێت دوو خێزان بڕیارێکی لەو جۆرە بدەن. خراپترین شت ئەوەیە بڕیاری چوون بۆ دەرەوەی وڵات بدەیت تەنها چونکە کەسانێکی تر ئەو کارەیان کردووە، بەڵکو پێویستە لەخۆت بپرسیت، بۆچی بڕیاردەدەم بڕۆمە دەرەوە، ئەم بڕیارە چۆن کاریگەری لەسەر ژیان و داهاتووم دەبێت، دەمەوێت لەوێ چی بکەم، پلانم هەیە تاکەی لەوێ بمێنمەوە و چەندین پرسیاری تر. دەمەوێت بە ڕاشکاوی ئەوە بڵێم، ئەوروپا بەهەشت نییە و کوردستان جەهەنەم، بەڵکو هەردوولا باشی و خراپی خۆی هەیە، بۆیە گەر تەنها دەتەوێت لە کوردستان ڕابکەیت و پێتوابێت ئەوروپا بەهەشتە، باشترە جارێکی تر بیر لە بڕیارەکەت بکەیتەوە. بەڵام گەر بۆ بەرەوپێشچوون لە پزیشکیشدا دێیتە ئێرە، ئەوە ڕوونە کە پزیشکی لێرە زۆر پێشکەوتووە و دەتوانیت سوود لەو دەرفەتە وەربگریت و خۆت بەرەو پێش ببەیت. بۆیە من ناتوانم بە کەس بڵێم بچێتە دەرەوەی وڵات یان نا، بەڵکو پێم باشە زۆر بەوردی بیر لەو بڕیارە بکەنەوە و بزانن کاریگەری لەسەر ژیانتان چۆن دەبێت.

 

تێبینی: ئەم چاوپێکەوتنە لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدراوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

پرسیارت هەیە؟

خۆشحاڵین بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان.

Questions?

Feel free to write a message.