سازدان و ئامادەکردن: وەرزێر عوسمان
وڵاتی ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرێک لە خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی و پزیشکە گەنجەکانی کوردستان نیازیان هەیە بۆ خوێندن و کارکردن ڕوویتێبکەن، هەڵبژاردنی وڵاتی ئەڵمانیا و خۆئامادەکردن بۆ فێربوونی زمان و گۆڕینی بڕوانامە، بڕیارێکی قورسە و هەوڵێکی باشی دەوێت، بۆ زیاتر ئاشنابوون بە چۆنیەتی کارکردن و خوێندن لە ئەڵمانیا، چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ بەڕێز د.ئەحمەد محەمەد، پزیشکیی نیشتەجێی دێرین و خوێندکاری بۆرد لە بەشی هەناوی لە وڵاتی ئەڵمانیا ئەنجامدا:
مێدسپایەر: ئەزموونی پزیشکە کوردەکان لە وڵاتی ئەڵمانیا چۆنە؟
د.ئەحمەد: تا ئێستا ئه‌زموونێكی زۆر باشه، لە ئێستادا زۆر پزیشکی كورد هه‌یه لە ئەڵمانیا كه پسپۆڕیان وه‌رگرتووە و هه‌ندێكیان پسپۆری وردیش ده‌خوێنن، ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە پزیشکەکانیش دوای بوون بە پسپۆڕ، گەڕاونەتەوە بۆ کوردستان. شایه‌نی باسه کە ژماره‌ی پزیشکی گه‌نجی کورد له ئه‌ڵمانیا زۆر نییه، بەلایەنی زۆرەوە 100 پزیشکی کورد لە وڵاتێکی گەورەی وەک ئەڵمانیان كه له دوای ساڵی ٢٠١٤ هاتبن. تا ئێستا هیچ پزیشکێکمان کێشەی خوێندن و کارکردنی نییە، یان له گۆڕینی بڕوانامە، وەرگرتنی ڤیزە یان زمان كێشه‌ی بۆ دروست بووبێت، هه‌موو شتێك به‌باشی ڕۆشتووه، هه‌موومان كه‌وتووینه‌ته سه‌ر كاری خۆمان له‌و بەشەی كه خۆمان ئه‌مانه‌وێت.
مێدسپایەر: ئایا ئەزموونی وڵاتانی دەرەوە بۆ کارکردن و خوێندن، چەند گرنگە بۆ پزیشکێکی کورد؟
د.ئەحمەد: به‌راستی من ناڵێم كه ده‌بێت هه‌موو پزیشکێک بەڕەهایی بڕوانامه‌یه‌كی ئه‌وروپی له گیرفاندابێت، ئێمه زۆر پزیشکمان هه‌یه له كوردستان كه زۆر زیره‌كن و ئاستیان لە ئاستی جیهاندایه، به‌ڵام هێشتا لە بەشێکی زۆری پزیشکەکاندا كۆمه‌ڵێك کەموکورتی هه‌یه، بۆ نموونه بەشێکی زۆر لە پزیشکانی هەناوی نازانن ئامێری سۆنه‌ر به‌كاربێنن، ئه‌مه له ئه‌وروپا وا نییه، لێرە پزیشکانی هەناوی خۆیان شارەزای بەکارهێنان و خوێندنەوەی سۆنەرن، ئه‌گه‌ر نەیزانیت فێرت دەکەن و کۆرس وەردەگریت، بەڵام نازانم نییە.
کاتێک نەخۆشێک سەردانی نەخۆشخانە دەکات، گەر باری لەناکاونەبێت، پێویستە پزیشکەکەی ناردبێتی بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکەی، دەبێت پزیشک دەستنیشانی نەخۆشیەکەی بکات له ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا، به هیچ شێوه‌یه‌ك بواری Symptomatic management نییه، كه ئەمەش پزیشک ناچاردەکات بخوێنێتەوە و فێرببێت.
مێدسپایەر: بەڕای ئێوە وڵاتی ئەڵمانیا چەند گونجاوە بۆ پزیشکی کورد؟ خاڵە باشەکانی ئەڵمانیا بۆ پزیشک کامانەن؟
د.ئەحمەد: به‌بڕوای من ئه‌ڵمانیا وڵاتێكی زۆر گونجاوه بۆ پزیشکانی کورد، هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە ئەڵمانیا تەنها داوای گۆڕینی بڕوانامەت لێده‌كه‌ن و دوای ئه‌وه ده‌توانیت بۆ پسپۆڕی بخوێنیت، چونکە لە ئه‌ڵمانیا ئه‌كیوت و كرۆنیك و ته‌ده‌روج نییه و کاتت بەوانە ناڕوات. خاڵێکی باشی تری ئەڵمانیا ئەوەیە کە له زۆربه‌ی هه‌رێمه‌كان پێش ئه‌وه‌ی گۆڕینی بڕوانامەت كردبێت، ده‌توانیت کار بكه‌یت به c1. خاڵێكی تر ئه‌وه‌یه كه له ئه‌ڵمانیا نه‌خۆشخانه زۆره و سیسته‌می ته‌ندرووستیەکی زۆر پێشكه‌وتووی هه‌یه، هه‌موو ئاسانکاریەک هه‌یه و مووچەی پزیشک باشە. خاڵێكی تری باش ئه‌وه‌یه بۆ بابەتی ئیقامە زۆر باشن، بۆ نموونه تۆ له كوردستانه‌وه سه‌ره‌تا به ڤیزەی زمان دێیت بۆ ئەڵمانیا، كه لێره زمانه‌كه‌ت ته‌واو كرد ڤیزەکەت بۆ ده‌كه‌ن به ڤیزەی گۆڕینی بڕوانامە، کاتێک ڤیزەی گۆڕینی بڕوانامەت ته‌واوكرد، ڤیزەت بۆ ده‌كه‌ن به ڤیزەی کارکردن، هه‌ر دوای مانگێك له ڤیزەی کارکردن یاخود هەر سه‌ره‌تا هه‌ر له‌گه‌ڵ دۆزینەوی کار، ڤیزەت بۆ ده‌كه‌ن به Blue card ، كه ئەم بلو كارده بۆ چەند پیشەیەکی تایبەت و دیاریکراوی زۆر کەمە، و پزیشک یەکێکە لەو چەند پیشە کەمە کە دەتوانێت ئەو جۆرە ڤیزەی هەبێت، بەم بلو کاردە بە 5 بۆ 6 ساڵ جنسیە وەردەگریت، هه‌روه‌ها تۆ ده‌توانی به‌م کاردە دایک و باوک و هاوسەرەکەتی پێ ڕابکێشیت بۆ ئەڵمانیا. لێرە هیچ جیاوازییه‌ك نییه له نێوان پزیشکی كورد و پزیشکی ئەڵمانی، نە له رووی مووچە یان نە کاروەرگرتن یان هه‌ر شتێكی تر، هه‌موو شتێك به پێی یاسا و ڕێکخستن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. هەروەک دەزانن ئه‌ڵمانیا وڵاتێكی گه‌وره‌یه، گەر له شارێك بێزار ببیت، ده‌توانیت کار و خوێندنت بگوازیتەوە بۆ شارێكی تر، تەنانەت کاتێک بۆرد ده‌خوێنیت، هه‌ر شەش مانگ جارێك دەتوانیت شاره‌كه‌ت بگۆریت و به‌دڵی خۆت بچیت له شارێكی تر به‌رده‌وام بیت.
مێدسپایەر: چۆن دەتوانیت ببیتە پزیشک لە ئەڵمانیا؟ تێچووی بە نزیکەیی چەنده بۆ پزیشکێک کە لە کوردستان خوێندبێتی؟
د.ئەحمەد: ڕاستیەکەی ئەم بابەتە زۆر دوورودرێژە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی: سەرەتا پێویستە ئاستی A1 و A2ی زمانی ئەڵمانی لە کوردستان بخوێنیت و دەربچیت، دوای ئەوە دەتوانیت بە ڤیزەی زمان بێیتە ئەڵمانیا و B1 و B2 بخوێنیت، بەمە واتە تۆ ئەڵمانی دەزانیت و تەواوتکردووە، هەر بۆیە پێویستە ئیتر ڤیزەکەت بگۆڕیت بە ڤیزەی گۆڕینی بڕوانامە، بۆ ئەمەش پێویستە C1 بخوێنیت کە زمانە پزیشکیەکەیە بە ئەڵمانی. بۆ بابەتی تێچووی پارەش، نزیکی 20 هەزار دۆلارت دەوێت.
مێدسپایەر: خوێندنی ماستەر و بۆرد لە بەشە پزیشکیەکاندا لەئەڵمانیا چۆنە؟
د.ئەحمەد:لە ئه‌ڵمانیا خوێندنی ماستەر له به‌شه پزیشكییه‌كاندا نییه، خوێندنی بۆردیش بەگشتی هاوشێوەی كوردستان وایه، بۆ نموونه خوێندن لە بەشی بێهۆشکاری هه‌ر ٥ ساڵه، بۆ به‌شه‌كانی تر هه‌مووی ٦ ساڵه، هەروەها بۆ كاردیۆلۆجی، په‌ڵمۆنۆلۆجی، گاسترۆئینترۆلۆجی و پسۆریە وردەکانی تری هەناوی، ئه‌بێت ٣ ساڵ له هه‌ناوی بخوێنیت، كه پێی ئه‌وترێت كۆمن تراكت، هاوشێوەی كوردستان وایه، بۆ به‌شه نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانیش به هه‌مان شێوه، گەر بته‌وێت شکاوی بخوێنیت، پێویستە 2 بۆ 3 ساڵ نه‌شته‌رگه‌ریی گشتی بخوێنیت. بەڕای من، لە ئەڵمانیا خوێندنی به‌شه هه‌ناوییه‌كان باشتره له بەشە نەشتەرگەرییەکان، له‌به‌رئه‌وه‌ی له به‌شه نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان به ئاسانی ڕێگەی کرنی پرۆسیجەر و نەشتەرگەریەکانت نادەن، لێرە ته‌ندروستی له سه‌رووی هه‌مووشتێكه‌وه‌یه، نه‌خۆش له ته‌مه‌نی ١٨ ساڵییه‌وه هه‌موو مانگێك پاره ده‌دات به بیمەی ته‌ندروستی، کەواتە ئه‌م نه‌خۆشه هێڵی سووره بخرێتە بەردەست پزیشکێک کە بەتەواوی شارەزایی نییە، بۆیە فێربوون لە بەشە نەشتەرگەرییەکان کاتی زیاتر دەوێت. بۆیە من پێموایە بەهۆی ئەو سیستم و بارودۆخە، لە کوردستان له به‌شه نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان خێراتر فێرده‌بیت وه‌كو له ئه‌ڵمانیا، به‌ڵام بۆ به‌شه هەناوییەکان وانییه و زووتر بەرپرسیاریەتیت ده‌خه‌نه سەرشان، زۆربەی کارەکان خۆت دەیکەیت، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا پزیشکی پسپۆڕیش چاوی لەسەرتە، هەرکات پێویستت پێی بوو هاوکاریت دەکات. وەرگیران لە خوێندن بۆ پسپۆڕی قورس نییە، جگە له هەندێک بەشی وەکو دێرماتۆلۆجی و ڕەیدیۆلۆجی نەبێت، کە وەرگیران لەو بەشانە قورسترە بەهەمان شێوەی کوردستان، به‌ڵام ئه‌ویش ئەستەم نییه و پزیشکی کورد هەیە لەو بەشانە دەخوێنێت لێرە.
مێدسپایەر: زمانی ئەڵمانی چەند کێشە بۆ پزیشکە کوردەکان دروست دەکات لە کاتی کارکردن و خوێندن؟
د.ئەحمەد: زمانی ئه‌ڵمانی زمانێكی بێ‌سنوور قورسە، شتێك نییه به مانای فێربوونی ئه‌ڵمانی به‌و مانایه‌ی كه تۆ بتوانیت كۆنترۆڵی ته‌واوی زمانه‌كه بكه‌یت، به‌ڵام بۆ بابەتی کارکردن و خوێندنی پزیشکی هیچ کێشەیەکی نییە و کەس لەسەر نەزانین و تێنەگەیشتن لە زمانەکە لۆمەت ناکات و کێشەت بۆ دروست ناکات.
مێدسپایەر: ڕێگریەکان چین کە وا دەکەن پزیشکێکی کورد نەتوانێت بۆ خوێندن و کارکردن بێتە ئەڵمانیا؟
د.ئەحمەد:هەموو پزیشكێك چانسی ئه‌وه‌ی هه‌یه بێته ئه‌ڵمانیا، تاكه مه‌رج ئه‌وه‌یه ده‌بێت به‌ڵگه و تاوانت پاك بێت، ئیتر پێموایە هیچ ڕێگریەکی تری وەها نییه.
مێدسپایەر: شێوازی کارکردن لە ئەڵمانیا بەگشتی چۆنە؟
د.ئەحمەد: هەموو ڕۆژێک ده‌بێت پزیشك کاتژمێر ٧:٣٠ی بەیانی له ده‌وام بێت تاوەکو ٤ی ئێواره، نابێت لە دەوام دوابکەویت، گەر دواکەوتیت یاخود نەهاتیت پێویستە ئاگاداریان بکەیتەوە و هۆکارت هەبێت. لە ئەڵمانیا شه‌ممه و یه‌كشه‌ممان ده‌وام نییه، به مه‌رجێك ئێشگر نەبیت، هەروەها جگە لە پشووی شەممە و یەکشەممە، ساڵانە 30 ڕۆژ پشووت هەیە، کە پێویستە بەدڵی خۆت لەسەرەتای ساڵەکە دیاریبکەیت و دەشتوانیت دابەشی بکەیت بەو جۆرەی پێت خۆشە. لێرە به هیچ جۆرێك ده‌وامی ٢٤ کاتژمێری بۆ پزیشک نییە، ئەو شتە بەتەواوی قەدەغەیە، له ده‌وامدا مافی خۆت وه‌رده‌گریت، بۆ نموونه من ئەگەر ڕۆژێک یان بەچەند ڕۆژێک ٨ کاتژمێر زیاتر کار بكه‌م، ئەو كاته ئه‌توانم ڕۆژێکی ترم بکەمە پشوو. داهاتی پزیشک لە ئەڵمانیا لەنێوان 2500 بۆ 3500 یۆرۆ دایە، ئه‌گه‌ر ئێشکگریی زیاتر بكه‌یت، پاره‌ی زیاتر وه‌رده‌گریت.
مێدسپایەر: پێشنیاری تۆ بۆ پزیشکانی گەنج چییە؟
د.ئەحمەد: ئەوەی ڕێگریەکی لەبەردەم نییە و نیازی چوونەدەوەرەی هەیە بۆ خوێندن و کارکردن، باشترە زوو ئەو بڕیارە بدات و خۆی ئامادەبکات و بێتە دەرەوەی وڵات، چونکە ئەوکات زۆر ئاسانتر و باشتر بە کەشی ئێرە ڕادێت و خۆشترە بۆی.
تێبینی: ئەم چاوپیکەوتنە لە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدراوە.