لە یادی ڕۆژی شەهیدبوونی شەهید دکتۆر هێمن دا

شەهید دکتۆر هێمن، ناوی ڕاستەقینەی خۆی ئازاد احمد ساڵحە و لە ساڵی 1960 لە سلێمانی لە گەڕەکی سەرچنار لەخێزانێکی کوردپەروەر چاوی بەدنیا هەڵهێناوە، و دووهەم منداڵی خێزانەکەی بووە خاوەنی چوارخوشک و دووبرا بوو.

قۆناغەکانی خوێندن

قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی

شەهید دکتۆر ‌هێمن خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە قوتابخانەی سەرچنار لە شاری سلێمانی تەواوکردووە. هەر لەمنداڵیەوە کوڕێکی هێمن و لەسەرخۆ و گوێڕایەڵ بوو. خۆشەوویستی خوشک و برا و کەسوکار و ناسیاوەکانی بوو. دواتر لە دواناوەندی قوتابخانەی سەڵاحەدینی کوڕان بەردەوامیی بەخوێندندا و لە کۆتاساڵدا توانی پلەیەکی باش بەدەستبهێنێت.

قۆناغی زانکۆ

ساڵی 1977/1978 لەزانکۆی موسڵ کۆلیجی پزیشکی وەرگیرا.لەزانکۆش بەهەمانشێوە ناوی بەهێمنیی و لەسەرخۆیی دەرکردبوو. دەستی هاوکاریی بۆ خوێندکارە تازەکانی لەکۆلیجی پزیشکی وەردەگیران، درێژ دەکرد. کەسێکی ڕووخۆش و دەمبەپێکەنین وخوێندکارێکی زیرەک و بەتوانا و ووریا بوو.

تەواوکردنی کۆلێژی پزیشکی

لەساڵی ١٩٨٢/١٩٨٣ توانی بەسەرکەوتوویی کۆلیجی پزیشکی کۆتایی پێبهێنیت. شەهید لەگەڵ ئەوەی هەر لە هەرزەکارییەوە خولیای بوونە پێشمەرگە و بەرگریکردن لە نیشتمان و گەلەکەی ئاواتی گەورەی بوو، بەڵام بەرلە پەیوەندیکردن بەڕیزەکانی شۆڕشەوە، بڕیاڕیدا ئەزمونی پزیشکی کۆبکاتەوە تابتوانێت بەشێوەیەکی زانستییانە و پێشکەوتووانە هاوکاری پێشمەرگە و خێزانی پێشمەرگە بکات. هەربۆیەش ساڵی ١٩٨٣ وەک پزیشکی خولاو لەشاری هەولێر دامەزرا و دەستبەکاربوو.

کەسایەتیی دکتۆر هێمن

دکتۆر ئازاد دڵسۆز و خەمخۆری نەخۆشەکانی بوو و خۆشەوویستی نەخۆش و کەسوکارییان بوو. بەڕێز و لەخۆبووردەییەوە هەڵسوکەووتی لەگەڵ پزیشک و کارمەندانی تەندرووستیدا دەکرد و لەناو هاوڕێ و هاوپیشەکانیدا خۆشەوویست بوو.

کاتێک ڕژێمی فاشیستی حیزبی بەعس ڕۆژانە پتر و پتر دەستی چەپەڵی دەگەیشتە کوڕ و کچی گەنجی گەلەکەمان و ئازاریدەدان و لە زیندانە ترسناکەکانی ئەوسەردەمە بێسەروشوێنی دەکردن و هەندێکیان لەژێر ئازاروئەشکەنجەدا شەهید دەبوون و هەندێکیش لە سێدارەدەدران. جگە لەوەی بۆ لەناوبردنی نەتەوەی کورد و دابڕانی شۆڕش لە دێیەکان، دێیەکانی داگیردەکرد و خەڵکەکەی بەزۆرەملێ ڕادەگواستن و لەزێدی باوباپیریان دەریدەکردن و لە کۆمەڵگا زۆرملێکان نیشتەجێی دەکردن. بەبیانووی هاوکاریی پێشمەرگە کەووتە ڕاگوێز و ئەنفالی کورد. ڕاستەیەکی مێژووییە زۆربەی دانیشتووانی دیهات و شار و شارۆچکەکانی کوردستان پاڵپشتی تەواوی شۆڕش بوون و هاوکاریی هێزی پێشمەرگەیان دەکرد و داڵدەی خێزانەکانیان دەدا. لەڕاستیدا ئامانجی سەرەکی حکومەتی ئەوسەردەمەی عێراق لە ڕاگواستن و ئەنفال، لەناوبردنی بەکۆمەڵی نەتەوەی ستەمدیدەی کورد بوو.

پەیوەندیی بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران

شەهید دکتۆر هێمن هەر زوو هەستی بەئازار و نەهامەتیەکانی گەلەکەی کرد و زۆرجار بە ڕووداوە نەخوازراو و لەسێدارەدانی گەنجانی کورد دڵتەنگ دەبوو، بۆیە لەساڵی 1985 پەیوەندی بەڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە کرد و بەنهێنی کاری لەگەڵ دەکردن.

شەهید دکتۆر هێمن وەک هەموو پزیشکەکانیتر دوای تەواوکردنی ماوەی پزیشکی خولاو کە دووساڵە، دەبوایە پەیوەندیی بەسەربازییەوە بکردایە و لەشوێنێکدا لە دەوڵەتی عێراق وەک پزیشکێکی سەرباز کاری بکردایە. ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە بڵێسەی شەڕی بێئەنجامی نیوان دەوڵەتی ئێران و عێراق لەپەرەسەندندابوو.

پەیوەندیکردن بە شۆڕش

شەهید دکتۆر ئازاد خزمەتکردنی گەلەکەی خستە سەرووی هەموو حەز و ئارەزووە تایبەتەکانی خۆی و بڕیاڕیدا پەیوەندی بەشۆڕشەوە بکات و لەساڵی ١٩٨٦/١٩٨٧ پەیوەندی بە ڕێزەکانی شۆڕشەوە کرد.

لەناو شۆڕشدا لەنەخۆشخانەکانی شۆڕش تیماری بیرندار و نەخۆشەکانی دەکرد و لەماوەیەکی کەمدا، بە ڕەوشتەبەرزەکەی ناوی دەرکرد و بوو بەیەکێک لەپزیشکە چالاکەکانی شۆڕش. هەرکارێک یان ڕاسپاردەیەکیان پێبسپێردایە، بە گیانێکی لێبووردەیی و بێکەموکوڕی بەئەنجامی ئەگەیاند.

لەدوای پرۆسەی بەدناوی ئەنفالەکان و کیمیابارانی هەڵەبجە لەساڵی ١٩٨٨ لەلایەن ڕژێمی فاشیستی سەدام حسێنەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان کشایە دواوە و لەسەرسنوری عێراق/ ئێران لە نۆکان و قاسمەڕەش نیشتەجێ بوون.

هەرلە قاسمەڕەش لەوێ نەخۆشخانەیەکی بچوک بەناوی (نەخۆشخانەی شۆڕش)ەوە کرایەوە. شەهید دکتۆر هێمن لەگەڵ پزیشکە هاوکارەکانی وەک بەڕێزان کاک (دکتۆر شڤان، دکتۆر فایەق و دکتۆر زریان و هەندێ پزیشکیتر) کاری پزیشکی ئەکرد و لەقاسمەڕەش وەک زۆر لە پێشمەرگەکانیتر نیشتەجێ بووبوو.

شەهیدبوونی دکتۆر هێمن

لەساڵی ١٩٨٨/٨/١٩ لەکاتێکدا خۆی و کارمەندێکی پزیشکی بۆ سەردان و چارەسەرکردنی نەخۆشێک چووبوون ئێوارەی هەمانڕۆژ، لەکاتی گەڕانەوەیاندا لە لۆفەکانی قاسمەڕەش جێبەکەیان خلیسکا و کەوتنەخوارەوە و بەداخەوە شەهید دکتۆر هێمن لەتەمەنی ٢٩ ساڵیدا لەگەڵ کارمەندەکەی هاوکاری پێکەوە شەهیدبوون.

شەهید دکتۆر ئازاد لەکاتێکدا ژیانی سەدان و بگرە هەزاران کەسی ڕزگار ئەکرد، بەداخەوە کەس نەیتوانی ژیانی خۆی و هاوپیشەکەی ڕزگار بکات و چاویان بۆ هەمیشە داخست و چوونە دونیای هەمیشەیی.

ناشتنی تەرمەکەی

هەرئەوکاتە تەرمەکەی شەهید دکتۆر ئازاد بۆماوەیەکی کاتی بەنهێنی لە (دێی شێنێ) نێژررا و لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمان لەساڵی ١٩٩١ تەرمەکەی گوێزرایەوە بۆ گردی شەهیدان و لەوێ بۆهەمیشە گیانی پاکی بە خاکی پیرۆزی نیشتیمان سپێردرا.

نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر هێمن

لە دوای دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم، لەسەردەستی بەڕێز (کاک دکتۆر زریان کە ئەوکات بەڕێزیان وەزیری تەندرووستی بوون) دا نەخۆشخانەی گشتی جاران بۆ ڕێز لێنان لە ئەرک و ماندووبوونی شەهید دکتۆر هێمن، ناوەکەی بۆ هەمیشەیی گۆڕڕا بە (نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر هێمن).

سوپاس و پێزانین بۆ دکتۆر هێمن

تۆی بەڕێزیش هەرکاتێک بەبەردەم ئەم نەخۆشخانەیەدا تێدەپەڕیت یان لەوێ کاردەکەیت، یاخود خۆت یا کەسوکارت چارەسەروەر وەردەگرن، ئیستێک بکە و بیرت بێت شەهید دکتۆر هێمن و هاوپیشەکەی گیانی پاکی خۆیان لەڕێگەی چارەسەرکردنی نەخۆش و ئازادی نیشتیمانەکەیان بە خاکی پاکی نیشتیمان سپارد.

لە ڕۆژی شەهیدبوونیاندا ئەڵێین، هەزارسڵاو لەگیانی پاکی شەهید دکتۆر هێمن و هاوکارەکەی و گشت شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری گەلەکەمان. ئارامگەتان پڕ نور و یادتان هەمیشە زیندووبێت.

تێبینی: بەداخەوە چەند هەوڵماندا هیچ زانیاریەکمان لەسەر ئەوکارمەندە شەهیدە دەستنەکەووت. گەر بەڕێزێکیش ناوی ئەزانێت و زانیاریی لەسەری هەیە، ئەوا سوپاسی ئەکەین گەر بۆمان بنێرێت.

د. ڕێزان ئەحمەد

Comments

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

  • Tears

    Tears are the clear liquid secretion that your eyes continuously produce for various different purposes. Annually, each of our eyes produces on average up to half a barrel of tears...

  • Alzheimer

    Alzheimer's disease is the most common type of dementia that affects memory and behavior. Let's start directly by discussing the causes. The exact cause of Alzheimer's disease is up to...

  • Malaria

    Malaria is a parasitic infectious disease, where chills and fever are among the obvious symptoms of this disease. Other symptoms of this disease include: Generally, the first symptoms appear...

en_USEnglish