چیرۆکی ئێمە و دەروونچارستان
ئەمانزانی دەرونچارستانمان هەیە. بەڵام، لەلامان شوێنکی تەماویبوو. نەمان ئەزانی، ئاخۆ چارەویستی لێیە یان نا؟ ئەبێت چی شوێنێکبێت؟. کەسی لێیە؟ ئاخر تێڕوانینی کۆمەڵگە، تەنانەت کاریگەری لەسەر هزری یەکێک لە چینە هەرە زانستخوازەکەی کۆمەڵگەش هەبوو. ئەم ناڕوونییە هەر لە ئاوەزمانا مایەوە؛ هەتا سەردەمی خوێندنی نەخۆشییە دەروونییەکان هات، کە دەبوایە بە پراکتیکی و تیۆری بیخوێنین.
ڕۆژەکان لەدوای یەک ماڵئاوایی لێئەکردین بەڵام، بە کاسەی بەتاڵ، جێی نەهێشتین. شتانێک فێربووین، کە جیاوازبێت لە هەرچیەیک کە تا ئێستا خوێندومانە. تێگەیشتنێک تێی گەیاندین، کە بەڵێ ئەم شوێنەش گەنجینەیەکە لە گەنجینەکانی نیشتمان. کۆمەڵێک سوارچاکی زۆر ئازا لەوێ خزمەت دەکەن؛ لەگەڵ چارە ویستەکاندا دەجەنگن، تا لەو پەشێوی دەروونییە ڕزگاریان بکەن؛ نەک تەنها خۆیان بەڵکو خانەوادەکانیشیان. تێگەیشتنێک تێیانگەیاندین، لە بەهێزی چارەسەر و کاریگەریە ناوازەکەی، کە لە شوێنی خۆی بکرێ. وە تێشیانگەیاندین، کە چەندە ئاساییە نەخۆشی شەکرە و فشاری خوێنت هەبێت؛ ئەوەندەش ئاساییە شیزۆفرینیا و پەشێوی دووجەمسەریت هەبێت. بۆیە ئێمەش پەیاممان بۆ کۆمەڵگە ئەوەیە: کە چەندە لات ئاساییە بۆ نەخۆشییەکی جەستەیی سەردانی دکتۆر بکەیت؛ پێویستە ئەوەندەش بەلاتەوە ئاساییبێت بۆ نەخۆشییەکی دەروونی سەردانی دکتۆر بکەیت. وە با هیچ وشەیەکی (نەشیاو) بەکارنەهێنین بۆ چارەویستەکانی دەروونچارستان.