وەک ئاشکرایە، شەقیقە یەکێکە لە جۆرەکانی ژانەسەر. بەڵام جیاواز لە جۆرەکانی تری ژانەسەر، شەقیقە ئازارێکی شێوە پل لێدەری هەیە کەسەکە دەڵێت وەک ئەوەیە شتێک لەسەرمدابێت و پل لێدەدا؛ جیاکەرەوەیەکی دیکەی شەقیقە ئەوەیە کە تەنیا لە یەک لای سەردا هەستی پێدەکرێت و هەندێ جاریش مل و چاو و پشتیش پێوەی ژان دەکەن و ماوەی ئازارەکەش لە ٤ كاژێرەوە دەست پێدەکات و لە هەندێک کەسدا تا سێ ڕۆژ دەخایەنێت
.با بزانین شەقیقە چەند جۆری هەیە
:دوو جۆری سەرەکی لە شەقیقە بوونی هەیە:
• شەقیقەی ئەورا (شەقیقەی کلاسیک)
• شەقیقە بەبێ ئەورا (شەقیقەی باو)
ئۆرا کۆمەڵێک نیشانەی سیستەمی دەمارییە. ئەم نیشانانە دیاریکردنی پێشوەختەیە و کەسەکە دەبێ بەم نیشانانەدا بزانێت کە واخەریکە توشی ژانەسەرەکە دەبێت، نیشانەکانیش بریتین لە:
• بەرچاو ڕەش بوون (بینینت بۆ شتەکان نائاسایی دەبێت و سێبەرێکی ڕەش لە بینین دەردەکەوێت)
• ئازاری چاو
• بینینی ئەستێرە، هێڵی زیگزاگ، یان بریسکە
• بینینی باریک (کەسەکە تەنها توانای بینینی ئەو شتانەی کە نزیکن)
• بێ تەرکیزی
• سەرگێژ خواردن و هەست کردن بە بێ هێزی
رەنگە بپرسیت بێت ئەم نیشانانە کەی دەردەکەون، ئەم نیشانانە بەزۆری ۱۰ تا ١٥ خولەک پێش ژانەسەرەکە دەست پێدەکات
شەقیقەی بێ ئەورا ـش ئەو شەقیقەیە دەگرێتەوە کە زۆرینەی حاڵەتەکان دەگرێتەوە و هیچ نیشانەیەکی پێشوەختەی نییە و جۆرە باوەکەیەتی و لەناکاو توشی دەبیت
هۆکارەکانی شەقیقە چین؟ چ شتێک وا دەکات توشی ژانەسەر بەگشتی و شەقیقە بەتایبەتی ببین؟
ژانەسەری شەقیقە بەهۆی چالاکی نائاسایی مێشکەوە دروست دەبێت. ئەم چالاکییە دەکرێت بەهۆی زۆر شتەوە نائاسایی خۆی نیشان بدات. بەڵام هۆکارێکی تەواو دروستمان لەبەردەست نییە کە بڵێین ئەمە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ توشبوون بە ژانەسەری شەقیقە، زۆرینەی پسپۆڕانی پزیشکی پێیان وایە خودی هۆکارەکە لەمێشکەوە سەرچاوە دەگرێت و پاشانیش ڕێڕەوەکانی دەمار و کیمیکە ماددەکان هاوکارن لە سازبوونی ئەم جۆرە ژانەسەرەدا
ژانەسەری شەقیقە بەتێکڕایی توشی کەسانی سەروو ۱۰ ساڵ تا ٤٥ ساڵیدایە و لە ڕووی ڕەگەزیشەوە ڕەگەزی مێ زۆرتر توشی شەقیقە دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەی زۆرینەی حاڵەتەکانەوە کە لەکاتی دووگیانبووندا زیاتر دەبن شەقیقە لەئافرەتانی دووگیان کەمتردەبێت،
لەسەرەوە وتمان کە هۆکاری سەرەکی بۆ شەقیقە هێشتا ڕوون نییە و نەسەلمێندراوە بەڵام هەندێک هۆکاری لاوەکی هەن کە دەکرێ لەبەرچاویان بگرین، وەک:
• گۆڕانکاری هۆرمۆنەکان
• گۆڕینی کاتی خەوتن، (بەتایبەتی لەکاتی گەشتدا )
• خواردنەوەی ماددە کحولییەکان
• جگەرەکێشان و ڤەیپ و ئامڕازەکانی دیکەی دوکەڵ کردن
خۆراکەکانیش ڕۆڵیان هەیە لە زیادبوونی ژانەسەری شەقیقەدا بۆنمونە خواردنی شیرینیەکان و خواردنە ترشێنراوەکان
چۆن بزانین شەقیقەمان هەیە یان نا؟
بەداخەوە کە هیچ پشکنینێکی دیاریکراومان نییە هاوشێوەی پشکنینی خوێنێک بێت و ڕاستەوخۆ ئەنجامت پێ بداتەوە و لە حاڵەتە زۆر توندەکاندا پزیشک پێشنیاری (وێنەی تیشکی تەنوری – CT SCAN ) و ( وێنەگیری زرنگانەوەی موگناتیسی – MRI) دەکات، بەڵام بەهۆی نیشانەکانەوە کە باسکرا دەتوانیت خۆت دەستنیشانی بکەیت کە شەقیقەت هەیە یان نا
سەبارەت بە چارەسەری شەقیقە، هیچ چارەسەرێکی تایبەتی بوونی نییە لە شێوەی دەرماندا کە بڵێین ئەمە چارەسەری کۆتایی شەقیقەیە، بەڵام بە خۆپارێزی و پشودان و دوورکەوتنەوە لە هۆکارەهاندەرەکان دەتوانین بەشێوەی (بەشەکی-جزئی) توندی ژانەسەر و نیشانەکانی کەم بکەینەوە و گەر تۆ کەسێک بیت بەشێوەیەکی نائاسایی شەقیقەت هەبێت ئەوا بەکارهێنانی هەندێک دەرمان کە پزیشک دەبێت بۆت بنوسێت یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی ژانەسەرەکەدا بۆنمونە دەرمانەکانی وەک: ( دژە خەمۆکی – پەستانی خوێن – دەرزی تۆکسین بۆتیوڵینەمی جۆری (ئەی))
ئاگاداربە کە بەکارهێنانی هەر دەرمانێک دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکدا بێت چونکە هەندێک لە دەرمانەکانی کە بۆ کەمکردنەوەی ژانەسەری شەقیقە بەکاردەهێنرێن کاریگەری لاوەکیان هەیە لەسەر کۆئەندامی سوڕان بەگشتی و دڵ بەتایبەتی
بەدەر لە بابەتی دەرمانە کیمیاییەکان و لە بواری دەرمانە گیاییەکاندا زۆرێک لە شارەزایانی ئەو بوارە پێشنیاری بەکارهێنانی گوڵە بەیبون(گوڵە چاو ئێشە – گوڵە چاوەپشیلە) دەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری شەقیقە
کۆتا پرسیاری گرنگ سەبارەت بە بابەتی شەقیقە کە دەبێت وەڵام بدرێتەوە، (ئایا شەقیقە لە هەمووکەس وەک یەکە؟)
وەڵام/ بێگومان نەخێر، هەرکەسێک کاردانەوەیەکی جیاوازی بۆ شەقیقە هەیە هەندێک کەس بەدەگمەن توشی دەبن و بە سەرخەو شکاندنێک ئازارەکەیان نامێنێ و هەندێک کەسیش سەرەڕای بەکارهێنانی دەرمان هێشتاش هەر گیرۆدەی دەستی ژانەسەرەکەن بەڵام بەتێکڕایی نیشانەکان و حاڵەتەکان دەگەینە ئەو ئەنجامەی هەموو شەقیقەیەک مەترسیدار نییە و تەنیا چەند حاڵەتێکی کەمی شەقیقەکان نیشانەن بۆ حاڵەتی مەترسیدارتری وەک جەڵتە یان نەخۆشییەکانی مێشک و ئەم دیاریکردنەش تەنیا پزیشکی پسپۆڕ دەتوانێت بیدات ئەویش بە ئەنجامدانی پشکنین گەلێکی زۆر
لەکۆتاییدا دەڵێین؛ “مادام چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە و سەلمێندراوی پزیشکی بوونی نییە کەوایە باشترین ڕێگە خۆپاراستنە”
بە هیوای تەندروستیەکی باش و دووربوون لە تەنگژەی دەروونی و جەستەیی.
ئامادەکردنی: ڕاستی عەبدوڵا ڕەزا
خوێندکاری کۆلێژی زانستی پزیشکی/ KUMS