ئەو کاتەی بەدیار شاشەکانەوە بەسەریدەبەین ڕەنگە ببێتە هۆی سەرئێشە و تەوژمی شەقیقە بۆ هەندێک کەس. لەوانەیە بتوانیت ڕێگری لەو سەرئێشەیە بکەیت کە بەهۆی شاشەکانەوە تووشی دەبیت یان کەمی بکەیتەوە بە کورتکردنەوەی ئەو کاتەی بەسەریدەبەیت بەرامبەر شاشەی ئامێرەکەت، یان باشترکردنی ڕووناکی شاشەکەت و کەمکردنەوی تیشکەکەی، یان بە گۆڕینی شێوازی کارکردنت بەو جۆرەی مەودایەکی دوورتربیت لە شاشەی ئامێرەکانتەوە.
ئەو سەرئێشەیەی بەهۆی شاشەوە توشی دەبی و تەوژمەکانی شەقیقەی دوای بەکارهێنانی ڕەنگە کاریگەری لەسەر ژیان و کارکردنت هەبێت. نەک هەر توانای کارکردنت سنووردار دەکات، بەڵکو ئازارەکە دەتوانێت کار لە ئەرکە کۆمەڵایەتی و توانای تێکەڵبوونت لەگەڵ هاوڕێ و خانەوادەکەشت بکات.بە تێروانین لەو ماوە زۆرەی کە بەرامبەر شاشەی ئامێرەکان بەسەری دەبەین لە گەڕان بە ئینتەرنێتدا، یان لە قسەکردن لەگەڵ هاوڕێکانماندا، یان گەڕانی بەردەوام لە سۆشیاڵ میدیا، ئەوە گومانی تێدا نییە بەسەربردنی کاتێکی زۆر لەبەردەم شاشەیەکدا کاریگەری درێژخایەنی لەسەر تەندروستیمان دەبێت.
لێرەدا چەند ئامۆژگارییەک بۆ خۆپاراستن لە “سەرئێشەی شاشە” و تەوژمی شەقیقەی پەیوەست بەو بابەتەوە دەخەینەڕوو:
ئاشکرایە هەمیشە ناتوانرێت ڕێگری لە سەرئێشەی شاشە بکرێت، بەڵام هەندێک هەنگاو هەیە کە دەتوانیت بیگریتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە حاڵەتەکە.
ڕووناکی ئامێرەکەت ڕێکبخە
ئەو ڕووناکییەی لە مۆنیتەرەکەتەوە یان ئامێرە ئەلیکترۆنیەکەتەوە دێت لەگەڵ ڕووناکی دەوروبەرتدا دەبێتە هۆی گرژبوونی چاو و سەرئێشەی شاشە.
بۆ کەمکردنەوەی گرژبوونی چاوەکانت , کە ڕەنگە ببێتە هۆکاری سەرئێشە و تەوژمی شەقیقە، با ڕووناکی ژوورەکەت – هەم ئەو ڕووناکییە سروشتییەی یەتە ناو ژورەکەت و ئەو گڵۆپانەشی لە دەورتن – لە هامان ئاستی ڕووناکیدابن لەگەڵ ئەو شاشەیەی بەکاریدێنی. هەروەها باش وایە ئامێرەکەت ڕووی لەو لایەبێ کە پشتی کردبێتە پەنجەرە و گڵۆپی ژوورەکەت و هەر سەرچاوەیەکی ڕووناکی تر بۆ ئەوەی وێنەدانەوەی ڕووناکییان لەسەر شاشەکەت دیار نەبێت.
زوو پشوو بدە
خۆ بەدوور گرتن لە شاشەی ئامێرەکان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ و گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانیان لە کاتێکی دیکەی ڕۆژەکەدا لەوانەیە گرژبوونی چاوەکان کەمبکاتەوە و ئەوەش لەو سەرئئێشەیەی کە بە هۆی شاشەوە تووشیدەبی و تەوژمەکانی شەقیقە دەتپارێزێ.
زۆرجار یاسای ٢٠-٢٠-٢٠ وەک ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی گرژبوونی چاو سوودی هەیە: هەر ٢٠ خولەک جارێک پشوویەکی ٢٠ چرکەیی بدە بۆ بینینی شتێک لە دووری ٢٠ پێ ( ٦ مەتر) لێتەوە.
لەکاتێکدا توێژینەوە لەسەر کاریگەری ئەم شێوازە کەمن، بەڵام لەوانەیە ئامرازێکی یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی لەبیرت بێت زوو زوو چاو لەسەر شاشەکەت هەڵبگریت.
هەر بە ڕاستی دوور بە لە شاشەکەوە
ئەگەر بەردەوام بەرامبەر بە مۆنیتەرەکەت کاردەکەیت و بەدەست سەرئێشەی شاشە و تەوژمی شەقیقەوە دەناڵێنی، با شاشەکەت لایەنی کەم ٥٠-٦٠ سانتیم لە چاوتەوە دووربێت.
چاویلکەی ڕووناکی شین لەچاوکە
چاویلکەی شین کە ڕووناکی شین دەگەڕێنێتەوە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی سەرئێشەی شاشە، بەڵام… توێژینەوە لەم بوارە کەم و کوڕی هەیە. ڕێگەی باشتر هەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە سەرئێشەی شاشە، بەڵام زەرەری نییە جووتێکی هەرزان تاقی بکەیتەوە .
پارێزەری شاشە (درع ) ی تایبەت تاقی بکەرەوە
ئەگەر درەوشانەوەی شاشەکەت دەبێتە هۆی گرژبوونی چاو و سەرئێشە، هەوڵبدە کە پارێزەرە شاشەیەکی دژە ڕەنگدانەوە بەکاربێنی ( ئەنتی گلەیر ).
کارەکانت بگوازەوە بۆ سەر کاغەز
چاپکردنی ئەو پەڕە و فایلاینەی کە زۆر دەیانخوێنیتەوە، دەتوانێت ئەو کاتە کەم بکاتەوە کە لەبەردەم شاشەیەکدا بەسەری دەبەیت. بەڵام گەڕانەوە بۆ کاغەز کەمتر دۆستی ژینگەیە بۆیە بەپێی پێویست چاپ بکە و ئاگایەکت لە ژینگە بێت.
چارەسەری سەرئێشە و شەقیقە
دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی شاشە بۆ زۆر کەس لەوانەیە واقیعی نەبێ — بە تایبەت ئەگەر زۆربەی کاتەکانی کارکردنت لەبەردەم مۆنیتەرێکدا بەسەر بەریت.
لەم حاڵەتەدا، ڕەنگە سوودوەرگرتن لە هەندێک چارەسەر یارمەتیدەر بن بۆ کەمکردنەوەی سەرئێشە و ئازاری شەقیقە و ڕێگریکردن لە خراپتربوونی.
سەردانی پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمار بڕیارێکی دروستە بۆ ئەو کەسانەی بەدەست هەموو جۆرەکانی شەقیقەوە دەناڵێنن و کار لە ژیانی ڕۆژانەیان دەکات. پزیشکەکان بە گشتی دوو جۆر دەرمان بەکاردێنن یەکێک بۆ ڕەواندنەوەی تەوژمە لەناکاوەکانی شەقیقە و یەکێکیش بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تەوژمەکان دەگرێتە خۆ.
هەندێک لە دەرمانە باوەکان کە بۆ تەوژمە لەناکاوەکانی شەقیقەی توند بەکاردەهێنرێن بریتین لە:
- دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆید (NSAIDs)
- تریپتانەکان
- دژە ڕشانەوە
- ئێرگۆتامین
هەندێک دەرمانی خۆپاراستن لە دووبارەبوونەوەی تەوژمەکانی شەقیقە بریتین لە:
- ڕێگریکەرانی کەناڵی کالیسیۆم
- CGRP
- بێتا-بلۆکەرەکان
- دەرمانەکانی دژە خەمۆکی
- دەرمانەکانی دژ بە گەشکە
بۆتۆکس
هەروەها ڕەنگە چارەسەری بۆتۆکس بەکاربهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لە شەقیقەی درێژخایەن. لە ساڵی ٢٠١٩ توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەرزی ژەهری بۆتولینیۆم جۆری A ( بۆتۆکس )لەوانەیە جارەکانی تووشبوون بە سەرئێشەی شەقیقە کەم بکاتەوە.
گۆڕینی شێوازی ژیان
گرتنەبەری ڕێکارەکانی گۆڕینی شێوازی ژیان و چارەسەرە تەواوکەرەکان لەوانەیە ئازارەکانی پەیوەست بە شەقیقە کەم بکەنەوە.
یەکێک لە پێداچوونەوەکانی ساڵی ٢٠١٩دەریخست کە چالاکییە تەواوکەرەکانی وەک یۆگا , تای چی، و مایندفولنێس ڕەنگە یارمەتیدەر بن بۆ شەقیقە.
گۆڕانکاری لە خۆراکدا، وەک نەهێشتنی خۆراکە دەستپێکەرەکانی وەک کافاین و کحول، ڕەنگە سەرئێشە یان حاڵەتەکانی شەقیقە لە هەندێک کەسدا کەم بکەنەوە.
ئەگەر دەرزی ئاژنین هەڵبژاردەیەکی بەردەستە ئەتوانی سوود لەوەش وەربگری.
پێداچوونەوەیەکی سیستماتیکی لە ساڵی ٢٠١٩دا باس لەوە دەکات کە ڕەنگە دەرزی ئاژنین یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی جارەکانی تووشبوون بە هێرشەکانی شەقیقە و لەوانەیە سەلامەتتر بێت لە دەرمان. بەڵام توێژەران پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لێکۆڵینەوەی کوالیتی بەرزی زیاتر پێویستە.
زۆربەی بەڵگە پشتگیریکەرەکان بۆ ئەم بوارانە یەکلاکەرەوە نین. توێژینەوەی زانستی تایبەتی زیاتر پێویستە.
چۆنیەتی ناسینەوەی سەرئێشەی شاشە
نیشانەکانی سەرئێشەی شاشە لەگەڵ جۆرەکانی سەرئێشەی بەردەوام یان تەوژمی شەقیقەدا هاوشێوەن، لەگەڵ چەند کاریگەرییەکی لاوەکی زیادەی تر بەهۆی شاشەکەوە.
هەندێک لە نیشانە باوەکانی شەقیقە بە تایبەت لە قۆناغی تەوژمەکەدا بریتین لە:
- هەستکردن بە ئازار بەشێوەی لێدانی خوێنبەرەکان لە لایەکان یا پێشەوە، یان پشتەوەی سەر.
- زیادبوونی هەستیاری بە ڕووناکی و دەنگ
- هێڵنج
- بینینی شێوە، پەڵەی گەشاوە، یان فلاش.
نیشانەکانی سەرئێشەی شاشە لەوانەیە ئەمانەش بگرێتەوە :
- سەرئێشەی پشت چاوەکان
- هیلاکی چاو
- بینینی ناڕوون
- توند بوونی ماسولکەکانی مل و شان
- وشکبوونەوەی چاوەکان
ئەگەر سەرئێشەی شاشەکە بووە هۆی ئەوەی کە تووشی شەقیقە بیت، لەوانەیە هەموو ئەم نیشانانەت هەبێت.
لە کۆتایی دا
سەرئێشەی شاشە و تەوژمەکانی شەقیقە زۆرجار لەگەڵ زۆر بەکارهێنانی شاشە ڕوودەدات. ئەگەر پێویستت بە بەسەربردنی زیاتر لە ٢ کاتژمێر لەبەردەم شاشەیەکدا بوو بە بەردەوامی، ئەوا هەندێک ڕێکاری خۆپارێزی لەبەرچاو بگرە، وەک ڕێکخستنی ڕووناکی شاشەکە و بەکارهێنانی پارێزەری شاشە و پشوودانی زۆر.
هەروەها، خراپ نییە ئەگەر لەگەڵ پزیشکێک قسە بکەیت دەربارەی ئازارشکێنەکانی شەقیقە. بە گۆڕینی شێوازی کارکردن و ژیان و وەرگرتنی ئامۆژگاری دروست لەلایەن پزیشکەوە، چارەسەری ئازاری شەقیقە دەکرێت.