دەروازەیەک بۆ پەرەسەندنی زمان: ئەرێ زمان بەبێ پەرەسەندن ڵاڵە؟

“ئەو گریمانەیە هێندە نائەگەرانە دەرناکەوێت، کە نێرەکان یان مێیەکان، یانیش هەردووکیان، پێش ئەوەی هێزی دەربڕینی خۆشەویستی دوولایەنە بۆ یەکتریدەربڕین بەدەست بهێنن، کۆششیان کردوە دڵی یەکتری کەمەندکێش بکەن لە ڕێگەی ئاواز و ڕیتمەوە.”

_چاڕلز داروین؛ کتێبی ڕەچەڵەکی مرۆڤ، هەروەها بژاردەی پەیوەست بە ڕەگەزەوە (١٨٧١)١

 

بیردۆزی پەرەسەندن، هاوشێوەی بیردۆزەکانی دیکەی زانست، نزیکترین لێکدانەوە و ڕاڤەیە بۆ یەکێک لە ڕەهەندەکانی کەتوار [واقع] هەمان بێت. کەچی، لە دیسکۆرس و کۆمەڵگای ئێمەدا هێرشێکی ناڕەوا هەیە بۆ سەر بیردۆزی پەرەسەندن. ئەمەش واتای ئەوەیە، بەشێکی زۆری گەلی ئێمە بەبێ هەبوونی هۆی گونجاو و جوینەوەی چەند هەڵەتێگەیشتنێکی باوی تاقەتپڕوکێن، زۆر بە گەرموگوڕیەوە نکۆڵی لە کەتوار دەکات. گەر لە کۆمەڵگاکەماندا خەڵک بە ئاگا نەیەنەوە و کەتوار کە وەک خۆی هەیە پەسەند نەکەن، ئەوا دابڕانمان لە دونیای کەتوار بەردەوامی دەبێت.

دەبوو زانکۆکانی کوردستان، بەتایبەتی بەشەکانی پەیوەست بە بایۆلۆژیا و پزیشکی، زیاتر گرنگیان بە چەسپاندنی زانست بدایە، لە نێویشیاندا ئەم بیردۆزە. ئەمە جێی داخە، تاکی کورد بە هەموو شتێک دەخرۆشێت و ئاسان لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە بێت یان دینی، بێ ئەوەی لە بابەت تێگەیشت بێت یان بیر بکاتەوە، پەلامار دەدات. هەر ئەم سستی و لاوازییە یان لە دەسپێکەوە نەبوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە وا دەکات تەنانەت ئەوانەی گوایە پسپۆڕ، مامۆستای زانکۆ، توێژەری بواری زانست و زانستدۆستن بە هەمان ڕادەی نەخوێندەوارێک لەو بیردۆزانە دەڕوانن و ئاسان لە لایەن سەرگەورە و ئاغا ناحاڵییەکانیانەوە دەخرۆشێنرێن.

هەر چەندە لەم وتارە نامەوێت ڕۆ بچمە نێو سەرچاوەی هەڵەتێگەیشتنەکان و ڕەخنەبارانکردنی ئەو دەقە کوردیانەی دژە-زانست و دژە-پەرەسەندنن و کەچی بەرگەکانیان بە زانستدۆستی ڕازێونراونەتەوە، بکەم. لێرە، ئامانجی من ناساندنێک و دەروازەیەکی کورتە بۆ تەماشاکردنی زمان لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە. لێ، بە سەرقەڵەم ئاماژەدان بە هەندێک لەو سەرچاوانە، پێم وایە دەسپێکێکی باش بێت تا ڕەوایەتی بەو دوو پەرەگرافەی پێشووم بدەم.

هەر وەک چۆن ئەو ڕەفتار و خاسیەتانەی هەمانن بەشێکیان دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی بایۆلۆژی باوانمان، بەشێکی زۆرریش لەو دەقە نکۆڵگەرایانەی دژە-پەرەسەندنن، پێم وایە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ کتێبی ”داروین لە تەرازووی ژیریدا”٢، کە باوانەکتێبێکە پڕی ئاڕگۆمێنتی لاواز و ناپەیوەستە بە بیردۆزەکەوە و شێواندنیەتی. هەر ئەم کتێبە نابەرپرس و ناڕاستگۆیەیە کاریەگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ کتێب و گوتارە نکۆڵیگەراییەکانی پاش خۆی. سەلام ناوخۆشیش، کە زمانەوانێکی کورد بوو و بە کەسایەتییەکی گرنگی زمانەوانی دادەنرێت لە کوردستان، نووسینێکی کورتی سەبارەت بە پەرەسەندنی زمان هەیە لە نێو کتێبی “کوردۆلۆجیدا” کە تەواو ناحاڵیبوونی ئەو نیشان دەدات سەبارەت بە پەرەسەندن٣، بە هەمان شێوە ئەم ناحاڵیبوونە وەک خۆی بۆ چەندان کتێبی دیکە سەبارەت بە زمان گواستراوەتەوە، ئەمیش بووەتە باوانەنووسینێک بۆ نووسینەکانی پاش خۆی، ڤایرۆسی فیکری کێشەکەی ئەوەیە بە خانەیەک تێر ناخوات و هێرش دەهێنێتە سەر خانەخوێیەکانی دیکە. بۆ نموونە، خانەخوێیەک لەو خانەخوێیانە کتێبی “سەرەتایەک بۆ فەلسەفەی زمان”ـی هیوا جەلالە٤.

وەختێک بەڵگە لە پێناوی هەست و سۆز ڕەت دەکەیتەوە بە کورتی وەک ئەوە وایە بڵێیت “هەر بە هەوەس ڕاستە.” هەوەس و بای حەز و ئارەزووی خۆت دەکەیت بە پێوەر. گەر تاکێک یان کۆمەڵێک بە هەوەس دان بنێن یان نەنێن بە دیاردە سرووشتی و مرۆڤییەکانی دەوروبەریان هەر بە هەوەسیش ئەو چەشنە لە ‘توێژینەوەیە’ ڕەت دەکرێتەوە. ئەسڵەن زانست بۆیە گرنگە چونکە گرنگی نە بە هەوەسی کۆمەڵەی یەکەم دەدات نە ئەوەی دووەم، کامەیان ڕاستە یان نزیکترە لە ڕاستییەوە پەسەند دەکات. گەر کەسێک هەر بە هەوەس و ویستی دڵی خۆی بیردۆزێکی زانستی ڕەت بکاتەوە بێ بەڵگە، ڕێ خۆش دەکات بیردۆز لە دوای بیردۆزیش هەر بەدڵی خۆی ڕەت بکاتەوە یان بیردۆزی سەیروسەمەرە و پڕوپووچ پەسەند بکات. گەر بە هەوەس بێت هەرچییەک کێ بیەوێت ڕاستە یان درۆیە. ئەم کەشە زڕزانستییە و نکۆڵکاریە لە کەتوار کە لە کوردستاندا تێی کەوتوین ڕێک ئەو تابلۆیەی پیتەر بڕوگلم دێنێتەوە یاد بە ناوی “کوێر ڕێ نیشانی کوێر دەدات.”

 

بایۆلۆژیا بێ پەرەسەندن تاریکستانە

“هیچ بەڵگەیەک بەهێز نییە پاڵ بە کەسێکەوە بنێت دەرئەنجامێک پەسەند بکات کە لە ڕووی هەستوسۆزەوە ئەو دەرئەنجامە بۆی دزێو و مایەی قینلێبوون بێت.”

_سیۆدۆسیۆس دۆبژانسکی

بایۆلۆژیستی ئۆکرانی، سیۆدۆسیۆس دۆبژانسکی، لە پەیپەرێکی ساڵی ١٩٧٣ـدا دەڵێت “هیچ شتێک لە بایۆلۆژیادا واتا نادات بەدەستەوە بەبێ ڕووناکیی پەرەسەندن”. بە هەمان شێوە، دوور نییە بەبێ تیشکی ڕۆشنی بیردۆزی پەرەسەندن تێبگەین لەوەی بنچینەی هاتنە کایەوەی زمان چییە و چۆنە. جگە لەوەی زمان ئەرک و پێویستیی کۆمەڵایەتییە بۆ مرۆڤەکان، هاوکات دیاردەیەکی بایۆلۆژیشە. لقی بایۆلینگویستیک [زمانەوانیی بایۆلۆژی]، ئەو لقەی زانستە کۆگنێتیڤییەکانە کە دەکۆڵێتەوە لە بنچینە بایۆلۆژییەکانی توانستی مرۆڤ لە بەدەستهێنانی زمانێک یان زیاتر، ئەو دۆزە زانستییەیە کە پێی وایە بەدەستهێنانی زمان لە لایەن مرۆڤەوە پێویستی بە بنچینەیەکی بایۆلۆژی ئاڵۆز و فرەڕەهەند هەیە و ئەم تێڕوانینە بایۆلۆژیەش هیچ گومانێک هەڵناگرێت٥.

بایۆلۆژیا بە گشتی و بیردۆزی پەرەسەندن بەتایبەتی دەشێت کۆمەکمان بکەن لە تێگەیشتن لەم ڕەفتار و دیاردە ئاڵۆزەی مرۆڤ. باشە بۆ تەنها مرۆڤەکان زمانیان هەیە؟ ئایە ئاژەڵەکان چەشنێک لە زمانیان نییە؟ ئایە زمان چۆن هاتە کایەوە؟ پەرەیسەند یان لە لایەن مرۆڤەوە بەدەر لە بایۆلۆژیا داهێنرا؟ گەر پەرەیسەندووە، چۆن؟ هەر چەندە توێژینەوەی ناوازە کراون، ئەمانە و چەندان پرسیاری دیکە هێشتا چاوەڕێی وەڵامی پڕبەپێستترن. شەرمی ناوێت بوترێت کە هێشتا ڕازگەل و نهێنیگەلێکی زۆر لە دەوری هاتنە کایەوەی زمان و پەرەسەندنی هەن، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوەیە کە تۆماری باشمان لەبەردەست نییە بکۆڵینەوە لەوەی زمانی مرۆڤە دێرینەکانی پێش ئێمە چۆن بووە، ئەویش گەر وا دانێین زمانیان هەبووبێت. چەند ناوچەیەکی تایبەت بە زمان لە نێو مێشکی مرۆڤدا هەن، وەلێ وەختێک دەمرین شی دەبنەوە و بزر دەبن، وەکوو ئێسکوپروسک نین کە دەبنە بەبەردبوو و دەمێننەوە و زانایانی بایۆلۆژیای پەرەسەندنیش لێیان دەکۆڵنەوە، بەمەش داتای چاکیان دەست دەکەوێت.

ئەمە واتای ئەوە نییە پرسێکە کە هەرگیز ناتوانرێت وەڵام بدرێتەوە یان مەحاڵە سەرەداوگەلێک دەست بکەون. توێژینەوە لە پەرەسەندنی زمان بوارێکە لەم ساڵانەی دوایدا توێژینەوە لێی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردوە، ئەمەش واتای ئەوەیە زاناکان دەیانەوێت و ئارەزوو دەکەن ڕووبەڕووی ئەم ئالەنگارییە ببنەوە، ڕەنگە واش هەست بکەن کە دەشێت چەند مێتۆدێک هەبن کە بەڵگەی هەستپێکراو پێشکەش بکەن. کۆی ئەو توێژینەوە و نووسراوە زانستییانەی دەربارەی پەرەسەندن بڵاوکراونەتەوە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ دە هێندەی ڕێژەی توێژینەوەکانی ئەم بوارە بووە لە ساڵی ١٩٩٠، واتە ٣٠ ساڵە بە بەردەوامی ئەم بوارە تا دێت توێژینەوەی زیاتری لە بارەوە دەکرێت، هەر وەک لە هێڵکارییەکەی خوارەوەدا دەردەکەوێت٦.

هەر لە دەسپێکی پێشنیارکردنی بیردۆزەکەیەوە، زمان سەرنجی داروینی ڕاکێشاوە. داروین خۆی لە کتێبی “ڕەچەڵەکی مرۆڤ”، ڕاستی چەند ساڵێک بەر لە ئەویش زمانەوانی ئەڵمانی ئۆگەست شلایکەر تێبینیان کرد بوو کە لێکچوونێکی سەیر و نزیک هەیە لە نێوان ئەوەی چۆن زمانەکانی مرۆڤ دەگۆڕێن و چۆن پەرەسەندن کار دەکات (لێرە مەبەست لە پەرەسەندنی زمانەکانی مرۆڤ مەبەست لە گۆڕانە فیلۆلۆجییەکانە نەک پەرەسەندنی زمان وەک دیاردەیەکی بایۆلۆژی). بنواڕە بە پێی کات، هەندێک لە زمانەکان دەمرن و چەند نەوەیەک لە پاش خۆیان جێ دەهێڵن، پاشان ئەو نەوانەش دەبنە باوان بۆ نەوەگەلی دیکە و نەوەکانی دواتر وایان لێ دێت کە چی دیکە لە باوانیان یان زمانەئامۆزاکانیان ناچن، ئەمەش ڕێک وەک پەرەسەندنی بوونەوەرانە— زنجیرەیەک لە درووستبوونی لق و گۆڕانکاری جێنەتیکی بە پێی کات بۆ هاتنە ئاراوەی هەمەچەشنێتی. ئەمەی خوارەوە لیستێکە کە لە لایەن بایۆلۆژیست ماڕک پاجێڵەوە ئامادەکراوە سەبارەت بە هەندێک لەو تایبەتمەندییە هاوبەشانەن کە لە نێوان گۆڕان و پەرەسەندنی زمانەکانی مرۆڤدا هەن لەگەڵ پەرەسەندنی بایۆلۆژیانە٧:

هەر چەندە وا دەردەکەوێت کە سەختییەک هەبێت لەوەی کە چۆن زمانی مرۆڤ هاتۆتە کایەوە، لە ساتی هاتنە کایەوەی کتێبی ”ڕەچەڵەکی چەشنەکان”ـی چاڕلز داروینەوە تێڕوانینی نوێ بۆ چۆنیەتی هاتنە کایەوەی زمانەوە هاتوونەتە بوون. تەنانەت ١٠ ساڵ پاش دەرچوونی کتێبە بەناوبانگەکەی، لە کتێبی “ڕەچەڵەکی مرۆڤ، هەروەها بژاردەی پەیوەست بە ڕەگەزەوە” چاڕلز داروین زیاتر باس لە پەیوەندی نێوان پەرەسەندنی توانستە کۆگنێتیڤییەکان و هاتنە کایەوەی زمان دەکات لە ڕێگەی پەرەسەندنەوە لە مرۆڤدا. بەڵام، ئەوە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم بوو، کە چەرخی شۆڕشی کۆگنێتیڤی دێتە کایەوە و ڕیسەکەی ڕەفتارگەراکان دەکاتەوە خوری، بیرمەندان لەمەودوا گرنگی زیاتر بە پڕۆسێسە ئاوەزییەکانی پەیوەست بە زمانەوە دەدەن لەگەڵ بنچینە بایۆلۆژییەکانی ئەو توانست و پڕۆسێسانە، ئەمەش لەبەر کارە گرنگەکانی بیرمەندانی وەک نۆوام چۆمسکی و ئێریک لێنەبێرگ.

تا پەنجاکانی سەدەی پێشوو ڕەفتارگەراکان [ڕەفتارگەرایی؛ behaviorism] بە سەراپایی دەستیان بەسەر هەموو جومگەکانی سیکۆلۆژیادا گرت بوو. ئەمان پێیان وا بوو کە لە ڕێگەی ڕەفتارە دیار و بینراوەکانەوە دەتوانین توێژینەوە بکەین و پێویست ناکات ڕۆ بچینە نێو پڕۆسێسە ئاوەزییە نادیار و تێبینینەکراوەکانی مرۆڤەوە، سا ژینگە، کردار و پەرچەکردارەکانی ڕەفتار بەسە بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتاری بوونەوەران. هەر بۆیە ڕەفتارگەراکانی وەک ب. ف. سکینەر و جۆن واتسۆن سەرنجیان لەسەر پڕۆسێسە ئاوەزییەکان نەبوو و بگرە بە نازانستی و نائۆبژێکتیڤ لە قەڵەمیان دەدان. چونکە ڕەهەندەکانی ئاوەز، بە هۆش، هزر و سۆزەکانەوە، لە لای ئەمان، هیی ئەوە نەبوو بە شێوەیەکی زانستی لێیان بکۆڵرێتەوە، سا بۆیە لایان باشتر بوو فەرامۆشیان بکەن. پێیان وا بوو کە ئەم ڕەهەندانەی مرۆڤ پێوانەنەکراون و بۆیە هیچی ئۆبژێکتیڤ و بابەتیانەیان لێ هەڵناهێنجرێت.

ئەم تێڕوانینەی ڕەفتارگەراکان درێژ دەبووەوە بۆ بابەتی بەدەستهێنانی زمان لە لایەن ساوا و منداڵەکانەوە، کە بۆ ئەو کات و تەنانەت بۆ ئێستاش هێشتا مشتومڕی زۆری لەسەرە. لە ساڵی ١٩٥٧، سایکۆلۆژیست و ڕەفتارگەرای ئەمەریکی سکینەر کتێبەکەی خۆی، کە دەربارەی چۆنیەتی بەدەستهێنانی زمان بوو لە لایەن ساواکانەوە، بە ناونیشانی “ڕەفتارە زارەکییەکان”٨ بڵاو دەکاتەوە. کتێبەکەی سکینەر ڕوانین بوو لەوەی منداڵ چۆن فێری زمان دەبێت بە گوێرەی بیردۆزی ڕەفتارگەرایی. بە پێی سکینەر، ژینگە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە زمانی منداڵدا. منداڵ لە ڕێگەی پاداشت و سزاوە لەگەڵ لاسایی کردنەوە، هاوکات پتەوکردن پاڵپشتیکردنی ئەو فۆڕمە زمانەوانییانەی منداڵان دەبێت فێری بن لە لایەن باوانیانەوە، زمان بەدەست دێت. کەواتە پوختەی سکینەر لە بەدەستهێنانی زمان لای منداڵ ئەوەیە کە زمان وەک لیستێک لە وشە و ڕستەی نووسراو وایە و منداڵ بە لاساییکردنەوە و لەبەرکردنیان فێری زمان دەبێت.

هەر چۆنێک بێت، ئەم باڵادەستییەی ڕەفتارگەراکان تا سەر بەردەوام نەبوو و پاش ئەم کتێبە هێندە ناخایەنێت شۆڕشێک سەرهەڵبدات و تەختی ڕەفتارگەرایی بە ماوەیەکی کەم تەفروتونا بکات. پاش چەند مانگێک زمانەوان و فەیلەسوفی ئەمەریکی نۆوام چۆمسکی بە توندی تێڕوانینی سکینەر و ڕەفتارگەراکانی دیکە بۆ بەدەستهێنانی زمان لە لایەن منداڵانەوە ڕەخنەباران دەکات، کتێبێک بڵاو دەکاتەوە بە ناونیشانی “ستراکتۆرە سینتاکتییەکان”٩ و تێیدا ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی لێکدانەوەی ڕەفتارگەراکان کورت دەهێنێت. لێرەوە بە هەوڵی چۆمسکی و چەند بیرمەندێکی دیکەش کۆتایی دێت بە ڕەفتارگەرایی و قۆناغێک دەست پێ دەکات کە ناسراوە بە “شۆڕشی کۆگنێتیڤی” یان “شۆڕشی پڕۆسێسە ئاوەزییەکان” چونکە گۆڕانکاری بوو لە پارادایمی توێژینەوە لە سایکۆلۆژیا، زاناکان لەوە بەدواوە سەرنجیان خستە سەر پرسیارەکانی پەیوەست بە پڕۆسێسەکانی نێو ئاوەز، بەمەش توێژینەوە لە ڕەفتاری دیار و نادیار پەیوەست بە چالاکییەکانی مێشکەوە زیاتر گەشەیان کرد.

چۆمسکی پێی وا بوو کە ژینگە  توخمی سەرەکی نییە لە بەدەستهێنانی زمان لە لایەن ساواکانەوە، بەڵکوو ئەوە پێکهاتەی مێشکی ئەوانە کە ئەسڵەن ڕێگەیان دەدات فێری زمان ببن، خۆ گەر پێکهاتەیەکی بایۆلۆژی بەرپرس لە فێربوونی زمان نەبوایە لە نێو مێشکی مرۆڤ، ئەوا هەرگیز نەدەکرا فێربوونی زمان ڕووبدات. ناکرێت پشت بە ژینگەی دۆرمادۆری منداڵ ببەستین لە لێکدانەوەی دیاردەی بەدەستهێنانی زمان، چونکە ئەو زانیارییە زمانەوانیانەی لە ژینگەی دەوروبەرەوە بە منداڵ دەگات خەوشدارە و هەژارە، سا چۆن منداڵ دەتوانێت بە ماوەیەکی زۆر کەم و بەو زانیارییە کەمە بەردەستە زمانەوانییانەوە فێری زمان ببێت؟ هاوکات، ناشکرێت فێربوونی زمان تەنها لیستێکی ڕستە و وشە و دەستەواژە بێت بۆ لەبەرکردن، ئاخر بە گوێرەی چۆمسکی ڕەفتارگەراکان خەسڵەتێکی زۆر گرنگ و بەرچاوی مرۆڤیان فەرامۆشکردوە کە ئەویش خەسڵەتی داهێنەرانەیە [کریەیتیڤیتی؛ creativity]، زمانی مرۆڤ سیستەماتیکە و یاساکانیشی سنووردارە، بەڵام بەو یاسا کەمانەوە مرۆڤ دەتوانێت ناکۆتا ڕستە درووست بکات و شتانێک بڵێت کە هەرگیز نەوتراون. کەواتە ئەو وەختەی مرۆڤ لەدایک دەبێت، لە دەسپێکەوە پڕچەکە بە کۆمەڵێک پێکهاتەی ئاوەزی کە ڕێگەی دەدەن زمان بەدەست بهێنێت، بنچینەی ئەو پێکهاتانەش دەبێت مێشکی و دەشێت لە بنەمادا جێنەتیکی بن.

هەر لێرەوەیە کە چۆمسکی بیردۆزەکەی دادەنێت بە ناوی “ڕێزمانی گەردوونی” یان “گرامەری گەردوونی” [universal grammar]، کە دەڵێت لەبەر ئەوەی زمان ناوەکییە و بنچینەیەکی بایۆلۆژی هەیە، یاسا بنەڕەتییە گرامەرییەکانی زمان یەکن لە نێو ئاخێوەرانی هەموو سەر گۆی زەوی. ئەوە ڕاستە جیاوازی هەیە لە نێو هەندێک توخمی زمانەوانی و شێوازی ڕێکخستنی ڕستەکانی زمانێک بۆ زمانێکی تر، بەڵام کە لە ڕووی پێکهاتە و بنەماوە لە هەموو زمانەکان دەکۆڵینەوە پابەندی چەند یاسایەکی گەردوونین و هیچ زمانێکی سەر زەوی نییە لەو یاسایانە لا بدات. جا ڕاستی لەو کاتەوەی چۆمسکییەوە توێژینەوەی زۆر هەن کە گرامەری گەردوونی یەکلا دەکەنەوە و وا دەردەکەوێت کە هەموو زمانەکان لە بنەما و پێکهاتەدا هەر یەک بن، دواجار هەموومان وا پەرەمان سەندووە کە سیستەمی دەماری و بۆماوەمان بەو شێوەیە بێت کە زمان بەدەست بهێنین، بۆیە بە گوێرەی پێکهاتەی بایۆلۆژی و کاتەهێڵی پەرەسەندنمان شتێکی سەیر نییە هەموو زمانەکان لە بنەمادا وەک یەک بن.

پەرەسەندن بۆ تێگەیشتن لە بنچینەی هاتنە کایەی زمان گرنگە، داخۆ بۆچی (ڕەنگە) ئێمە تاکە بوونەوەرین کە خاوەنی زمانین، ئەی چی سەبارەت بە بوونەوەرەکانی دیکە؟ لە کاتەهێڵی پەرەسەندنی ئێمە چ شتێک ڕوویدا کە ئێمە لە بوونەوەرەکانی دیکە جودا بکاتەوە؟ ئەرێ بۆ دەنگ و ئاوازی ئاژەڵەکانی تر، وەک هۆمۆ ساپیەنس، نەبوونە خاوەن گرامەری گەردوونی و سیستەمێکی ڕێکوپێکی وەک زمان؟ ئەم پرسیارانە بەبێ ڕەچاوکردنی پەرەسەندن ناتوانرێ وەڵامدۆزی بکرێن. جۆن ماینارد سمیس، بایۆلۆژیستی بەڕیتانی، لەگەڵ ئێرۆس سزاسماری، بایۆلۆژیستی هەنگاری، ٨ قۆناغی ڕاگوێستنی [ترانزسیۆن؛ transition] سەرەکییان لە مێژووی پەرەسەندن دەستنیشانکردوە١٠.

ئەم قۆناغانە بریتیین لە گۆڕانکاری بنەڕەتی و ڕیشەییانە لە ڕێڕەوی مێژووی پەرەسەندنمان هاتوونەتە ئاراوە. ئەم گۆڕانکارییە ڕادیکاڵانە لە خۆکۆپیکردنەوەی مۆڵکیوڵە بەراییەکانەوە دەست پێ دەکات لە قۆناغە سەرەتاکانی ژیان لەسەر زەوی، پاشان هاتنە کایەوەی کرۆمۆسۆمەکان، ئینجا قۆناغی هاتنە کایەی دی-ئێن-ئەی لە ئاڕ-ئێن-ئەیەوە، ئینجا قۆناغی ڕاگوێستنی زیندەوەرە ناوک سەرەتاییەکانە [Prokaryote] بۆ ناوک ڕاستەقینەکان [Eukaryote]، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی دیکەی پاش هاتنە کایەوەی خانە ئاڵۆزەکان، ڕاگواستنە لە خۆزاوزێکردنەوە بۆ هاتنە کایەی سێکس و زاوزێکردنەوە، ئەمەش ڕێگەی بە هەمەچەشنی دا لە ڕووی جێنەتیکییەوە. ئینجا، قۆناغی ڕاگواستنە لە پێشەنگییەکانەوە [Protist] بۆ هاتنە کایەی ئاژەڵەکان، ڕووەکەکان و کەڕوەکان. بە مانایەکی دیکە، پاش پێشەنگییەکان تاکایەتی لە پەرەسەندندا دێتە ئاراوە. قۆناغی پاش ئەمە، بوونەوەرە تەنیاکانن گروپ و کۆڵۆنییەکان درووست دەکەن، بەم پێیە کۆمەڵایەتیبوون و دابەشکردنی ئەرکەکان لە نێو بوونەوەرانی گرووپێک دێتە ئاراوە. دواهەمین و نوێترین قۆناغی ڕاگوێستن لە پەرەسەندن بریتییە لە هاتنە کایەوەی کولتوور و کۆمەلگا پڕایمت و مرۆڤییەکان و لەوانەش هاتنە کایەوەی زمان کە دەتوانێت بەدەر لە بۆهێڵەکان زانیاری بگوازێتەوە:

هەر چەندە ئەم قۆناغانەی ماینارد سمیس  و سزاسماری لە مێژووی دوورودرێژی پەرەسەندن دەستنیشانیان کردوە، هەندێکیان بە شێوەیەکی بەرچاو لە یەکتری جودان، بەڵام هەندێک خاڵی هاوبەشیشیان هەیە، یەکێک لەو خاڵە هاوبەشانە بریتییە لە هاتنە کایەوەی ڕێگە و مێکانیزمی نوێ بۆ گواستنەوەی زانیاری. دەرکەوتنی زمانیش گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لە مێژووی پەرەسەندنی بوونەوەران، ئاخر لە ڕێگەی زمانەوە دەتوانین زانیارییەکان بگوازینەوە، ئەمەش زۆر هاوشێوەی گواستنەوەی زانیارییە لە ڕێگەی جینەکانەوە. دەشێت کولتوور یەکێک بێت لەو شتانەی ئێمەی مرۆڤ لە بوونەوەرانی دیکە جیا دەکاتەوە.

خۆی، ڕەنگە پوختترین، لەوانەشە بێخەوشترین، پێناسە بۆ چەمکی کولتوور هی سایکۆلۆژیستی هۆڵەندی گییرت هۆفستێدە بێت: کولتوور بریتییە لە پڕۆگرامکردنی بە کۆمەڵی ئاوەز کە ئەندامانی گرووپێک لە خەڵک، یان چەشنێک لە خەڵک، لە یەکێکی تر جیا دەکاتەوە، هەر هۆفستێدەیە زمان بە داینەمۆی کولتوور دا دەنێت١١. هاوکات، ڕیچارد دۆکنسی بایۆلۆژیستی ئینگلیزە، لە کتێبە گرنگەکەی— جینی خۆپەرست١٢— ئاماژەی بۆ دەکات کە هەر وەک چۆن جین [بۆهێڵ] یەکەی سەرەکی هەڵسوڕاندنی زانیارییە لە بایۆلۆژیادا، لە گواستنەوەی کولتووریشدا دەشێت شتێکی هاوشێوە هەبێت کە وابەستەی بۆهێڵەکانمان نییە، ناو لەو شتە دەنێت “میم” یان “مێم”. مێم بریتییە لە بیرۆکە یان ڕەفتارێک کە لە نێو کولتوورێکدا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە، هاوشێوەی پەرەسەندن و شێوازی کارکردنی بۆهێڵەکانیشە، ئاخر هەندێکیان خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ ژینگە و هەندێکی دیکەیان پەرەدەسێنن و گۆڕانیان بەسەردا دێت.

تۆ لە زمان بڕوانە، چەند بە خێرایی دەگۆڕێت، شعرەکانی نالی بخوێنەرەوە، ئەو زمانە تەواو لەو زمانە کوردییەی ئێستا بەکاری دەهێنین جیاوازە، تۆ بڵێیت کوردیزمانێک لە ١٠٠ ساڵی داهاتوودا بتوانێت لە نالی تێبگات؟ وشەکانیش بە مێکانیزمێکی هاوشێوەی هەڵبژاردەی سرووشتیدا دەڕۆن، کام لەو وشانەی کۆمەکی مانەوەمان دەکەن پشت بەوانە دەبەستین و بەمەش هەندێک وشە زیاتر بەکار دەبرێن و هەندێکیش لەبیردەچنەوە یان فەرامۆش دەکرێن و لە مێژوودا بزر دەبن. وەختێک کە پەتای کۆڤید-١٩ پەیدابوو، وشەگەلێک کە بەکارمان نەدەهێنان، بوونە وێردی سەر زمان: کەرەنتینە، ماسک، ڤاکسین، هتد. ئاخر، لەم سەردەمە، ئەم وشانە یارمەتیمان دەدەن بمێنینەوە و بۆهێڵەکانمان بۆ نەوەی داهاتوو بگوازینەوە.

لە توێژینەوەیەکی سەرنجڕاکێشی چەند توێژەرێکی بواری پەرەسەندنی زمان، توێژەران هەڵساون بە بەراوردکردنی ڕێژەی گواستنەوەی زانیاری لە ١٧ زمان کە سەر بە ٩ خێزانەزمانی جیاوازن (ژاپۆنی، ئینگلیزی، کۆری، ئیسپانی، باسک ،ڤیێتنامی بەشێک بوون لەو زمانانە)١٣. ئەم زمانانە زەریایەک لە جیاوازیان هەیە لە هەموو ئاستە زمانەوانییەکان، جا لە سیستەمی دەنگییەوە بگرە تا سیستەمی مۆرفۆلۆژیا و بەیەکەوەبەستنی توخمەکانی نێو ڕستە. تەنانەت بەکارهێنانی بڕگەکان لەو زمانانەدا جیاوازە، ئێستا قسەکەرانی ئیتاڵی ڕەنگە خێراترین ئاخێوەران بن لە جیهان، هەتا ٩ بڕگە لە چرکەیەکدا دەردەبڕن، کەچی ئەڵمانییەکان بۆ هەر چرکەیەک ٥ بۆ ٦ بڕگە دەڵێن. یان، جیاوازی نێوان جۆرەکانی بڕگە لە نێوان ژاپۆنی و ئینگلیزی ١:١١ـەن، واتە زمانی ئینگلیزی ١١ هێندە زیاتر لە زمانی ژاپۆنی بڕگەی هەیە (ژاپۆنی=٦٤٣؛ ئینگلیزی=٦٩٤٩). لێرە پرسیارەکە ئەوەیە: ئایە کەم و زۆری بڕگەکان دەبێتە هۆی ئەوەی جیاوازی هەبێت لە ڕێژەی گواستنەوەی زانیاری زمانێک لە دانەیەکی تر؟ ئایە ئیتاڵییەکان زانیاری زیاتر دەگوازنەوە وەختێک قسە دەکەن وەک لە ئەڵمانییەکان؟

لە توێژینەوەکە، تۆماری قسەکردن لە ١٧٠ ئاخێوەری ڕەسەنی ئەو زمانانە (١٧ زمان) کۆ کرانەوە. هەر یەک لە بەژداربووان دەقێکی ئامادەکراوەی دەخوێندەوە کە لە تەواوی زمانەکاندا لە ڕووی ماناوە هاوشێوە بوون (١٥ دەقەی هاوشێوە لە ڕووی سێمانتیکییەوە بۆ زمانەکان ئامادە کرا بوون)، بەژداربووەکە چەند جارێک دەقەکەی دەخوێندەوە تاوەکوو ئاشنا ببێت بە دەقەکە  و لە کاتی تۆمارکردندا کەمترین هەڵە بکات، ئینجا دەنگ و ئاخاوتنی تۆمار دەکرا. توێژەرەکان چڕی زانیاری زمانەکانیان پێوا و بە بیت (bit) پێوانەیان کرد. زمانی ژاپۆنی ٦٤٣ بڕگەی هەیە، چڕی زانیاریی هەر بڕگەیەکیش ٥ بیتی لە خۆ گرتووە، هەرچی زمانی ئینگلیزییە، بە ٦٩٤٩ بڕگەوە، هەر دانەیەکیان ٧ بیت زانیاری هەڵدەگرێت. زمانی ڤیێتمانیش، کە خاوەنی سیستەمێکی دەنگی ئاڵۆزە و شەش تۆنی هەیە کە دەشێت هەر یەک لە تۆنەکان جیاکاری بڕگەیی بهێنێتە ئاراوە، هەر بڕگەیەک بارگاوییە بە ٨ بیت زانیاری.

دوای ئەوەی ئاخاوتنی هەموو بەژداربووان تۆمار کران، توێژەران هەوڵیان دا ڕێژەی گوتنی بڕگە بۆ هەر چرکەیەک بپێون. بێگومان لە دەرئەنجامەکان دەرکەوت کە خێرایی زمانەکان لە یەکتری جیاوازن. هێواشترین زمان ٤.٣ بڕگە بوو لە چرکەیەکدا، خێراترینی زمانیش ٩.١ بڕگە بوو لە چرکەیەکدا.  بۆ نموونە، قسەکەرانی ژاپۆنی و ئیسپانی ٪٥٠ زیاتر بڕگە لە چرکەیەکدا دەردەبڕن وەک لە قسەکەرانی تایلەندی و ژاپۆنی (تەماشای وێنەی پۆستەکە بکە). هەر چەندە ئەم جیاوازیانە لە خێرایی و چڕی زانیاریی (وەک نموونەی نێوان ئینگلیزی و ژاپۆنی، کە چۆن ئینگلیزی چڕی زانیاریی بڕگەکانی زیاترە) بەدی دەکرێن لە نێوان زمانەکان، کەچی هەموویان بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە چرکەیەکدا وەک یەک ٣٩ بیت زانیاری دەگوازنەوە. وتە، وێڕای ئەوەی زمانەکان لە پێکهاتە، خێرایی، و ئاستەکانی دیکەدا جیاوازن، لێ هەموو بە هەمان ڕێژە لە چرکەیەکدا زانیاری دەگوازنەوە.

گەر لە هێڵکاریەکەی خوارەوەش بڕوانین، دیارە کە گرافی لای چەپ (SR= speech rate) دەرخەری ئەوەیە کە چەن بڕگە لە چرکەیەکدا گوتراوە بۆ هەر زمانێک، زمانی ژاپۆنی لە سەرەوە خێراترینە، تایلەندیش لە خوارەوە هێواشترینە. لای ڕاستیش (IR= information rate) نیشانی دەدات کە چەند زانیاری لە چرکەیەکدا گواستراوەتەوە. وەک ئەوەی لە گرافەکانی لای چەپ (بڕگە/چرکە) دیارە، زمانەکان جیاوازیان زۆرە، کەچی لە لای ڕاست (زانیاری/چرکە) هەموویان لە ڕێژەی گواستنەوەی زانیاری (٣٩ بیت) هاوشێوەن:

باشە بۆچی ئەمە وایە؟ خۆی لە ڕوانگەیەکی پەرەسەندنەوە، ئەمە دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە هاوبەشییەکی زۆر لە نێو زمانەکاندا هەیە وەلەو زمانێک لە زمانێکی دیکە لەسەر ئاستی ناوچەیی جیاوازن، ئەمەش واتای وایە زمان گەردوونییە. لێکدانەوەیەکی دیکەش پەیوەستە بە سنوورداری مێشکمان لە پڕۆسێسکردنی زانیارییە زمانەوانییەکان، ئەمەش هەمدیس دەشێت پەیوەندی هەبێت بەوەی کە چۆن پێکهاتەی مێشکمان بەدرێژایی مێژووی پەرەسەندن داڕێژراوە.

وەک دیارە، گەر بایۆلۆژیا و بیردۆزی پەرەسەندن لە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنمان بۆ ئەوەی زمان چۆن هاتۆتە کایەوە یان چۆن لە مێشک و دەروونی مرۆڤدا دەگوزەرێت فەرامۆش بکەین، ئەوا ڕەنگە هەرگیز نەگەینە وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارە مەزنانەی سەبارەت بە زمانی مرۆڤ هەمانن. گەر بەبێ ڕۆشنی پەرەسەندن بایۆلۆژیا تاریک بێت، ئەوا بەبێ بایۆلۆژیا زمانیش تاریکستانە.

 

باخچە نهێنییەکەی پەرەسەندن

“ماری بە حەپەساوی تەماشای چواردەوری خۆی کرد، خۆی لە ناو باخچە نهێنییەکەدا بینیەوە… ماری بیری کردەوە و لە دڵی خۆیدا وتی: (ئەم شوێنە سەیرترین شوێنە لە جیهاندا).”

_فرانسیس هۆدگسۆن بیرنێت؛ باخچە نهێنییەکە (و: سۆزان جەمال، ل. ٢٨-٢٩).

هەر بەڕاستی زمان خاسیەتێکی سەیری مرۆڤە. ئێمە ئەم کەرەستەیە بەکار دەهێنین بۆ گواستنەوەی زانیاری لە مێشکی خۆمانەوە بۆ مێشکی بەرانبەرەکەمان، لە بەرانبەردا لە مێشکی ئەوی کەشەوە زانیاری دێتە نێو مێشکی خۆمان. کەوایە لە ڕێگەی زمانەوە یەکێک دەتوانێت هزرێک لە نێو ئاوەزت بچێنێت، تۆش هەمان شت لە ئەودا بکەیت، بەبێ ئەوەی کەستان پێویستیتان بە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی مێشکی یەکتری هەبێت١٤. خۆی بەشێکی زۆری زمان نائاگایانە لە مرۆڤدا ڕوودەدات، وەختێک بە زمانی دایکمان قسە دەکەین، بیر ناکەینەوە کامە کاری تێپەڕە یان تێنەپەڕ، دەمی ڕابردوو بەکار بهێنین یان ڕانەبردوو، چاوگی فڵان کار کامەیە و کامە ڕەگیش ڕیزپەڕە و دوای یاسا ئاساییەکان ناکەوێت، هەموو ئەم پڕۆسێسە زمانەوانییانە لە ئاوەزدا بەدەر لە ئاگایی خۆمان ڕوو دەدەن. لە ساواییشەوە کە فێری زمان دەبین، فێربوونەکە بەدەستهێنانە وەک لەوەی فێربوونێک بێت بە هەوڵ و کۆششی بیرکردنەوە، ئاخر ساواکان بە نائاگایی فێری تەواوی یاسا و فەرهەنگی زمانەکەی خۆیان دەبن.

دوو ئەزموونی درککردنی زۆر سەیرم لەگەڵ زماندا هەبووە، یەکێکیان ئەوە بوو لە تەمەنێکی بچووک بۆم دەرکەوت کە خۆ من شتێک بەکار دەهێنم و دەوروبەم لێم تێدەگەن و لێیان تێدەگەم، دانەیەکیشیان بە گەورەیی بوو کە خۆ من ئێستا زمانێکی دیکە دەزانم کە پێشتر نەمدەزانی، کەچی ئێستا دەتوانم بە هەمان ڕادەی زمانی دایکم بەکاری بهێنم. ڕەنگە ئەم ئەزموونی درککردنە زۆرێک بەسەرماندا هاتبێت، کە لە ساتێکدا و لەپڕ بە هۆش خۆت دێیتەوە خۆ تۆ شتێکی زۆر سەیر دەکەیت کە پێشتر هێندە بیرت لێ نەکردوەتەوە. هەر چۆنێک بێت، توانستی تۆ لەوەی کە دەتوانیت زمان بەکار بهێنیت و لە ڕێگەیەوە دەربارەی خودی زمان قسە بکەیت پێی دەگوترێت ئاگامەندی مێتازمانەوانیانە [metalinguistic awareness]. ئەم بەهرە کۆگنێتیڤییەیە کە مرۆڤ لە ڕێگەیەوە دەتوانێت پەی بە کەین و بەینی زمانەکەی ببات و بتوانێت ئەنەڵیزەی بکات. سا بۆیە پانینی لە ٤٠٠ـی پ.ز توانیویەتی ڕێزمانی سانسکریتی بنووسێت، یان دیۆنیسوس تراکس لە دەوروبەری ١٠٠ پ.ز “هونەری گرامەر”ـی نووسی بۆ زمانی گریکی کۆن، کەچی تا ئێستا پشیلەیەک نەبووە گرامەری میاواندن، سەگێک نەبووە یاسا زمانەوانییەکانی وەڕین، کەرێکیش نەبووە ڕەوانبێژی زەڕینی، داڕشتبێت.

زۆرێک لە زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی، وەک مرۆڤ، ئاژەڵەکان زمانیان نییە. ئاژەڵەکان دەتوانن پەیوەندی بە یەکترییەوە بکەن لە ڕێگەی دەنگ و ئاماژەکانی جەستەوە، خۆ مرۆڤیش ئەم خاسیەتانە بەکار دەهێنێت، بەڵام لە کرۆکدا هاوشێوەی زمانی مرۆڤ نییە. هەر بۆیە کە دێتە سەر باسی ئەوەی کە بەڕاستی کامە خاسیەتە مرۆڤ لە بوونەوەرانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئەو وەڵامەی کاندیدی سەرەکییە بریتییە لە زمان. لەگەڵ ئەوەی زمانی مرۆڤ و پەیوەندی نێوان ئاژەڵان هەندێک هاوبەشییان هەیە، هێشتا کۆدەنگییەک هەیە لەوەی پەیوەندی نێوان ئاژەڵان، وەلەو هەندێکیان ئاڵۆزن، ناگەن بەو نمرە ئاڵۆزی و سیستەماتستییەی لە نێو زمانی مرۆڤەکاندا هەیە. چاڕلز هۆکێت، زمانەوانی ئەمەریکی، لە شەستەکانی سەدەی پێشوو لیستێک لە خەسڵەتگەلێکی پێشنیار کرد بۆ زمانی مرۆڤ، کە تێیدا ١٣ خەسڵەتی لە خۆگرت بوو، پاشان سێ خەسڵەتی دیکە زیادکرایە سەر لیستەکە. بەشێکی ئەو خەسڵەتانە لە پەیوەندییەکانی مرۆڤ و ئاژەڵاندا هاوبەشن و لە هەردوولا دەدۆزرێنەوە، کەچی چەند دانەیەکیان وا دەردەکەون کە تەنها گرێدراو بن بە زمانی مرۆڤەوە١٥:

خاسیەتی جێگۆڕکێ [displacement]، بۆ نموونە، بریتییە لە قسەکردن سەبارەت بە شتێک کە حاڵی حازری لەو شوێنەدا نییە یان بەردەست نییە. ئەم خاسیەتەیە وا دەکات مرۆڤ بتوانێت قسە لەبارەی شتانێکەوە بکات کە لەمەوپێش ڕوویان داوە، یان شتانێک ئەگەرین ولە کەتواردا بوونیان نییە. خاسیەتێکی دیکە کە لە زمانی مرۆڤدا بەدی دەکرێت بریتییە لە بەرهەمهێنی یان بەرھەمدەری [productivity]، ئەمەش ئەو توانستەی ئێمەیە لە گوتنی هەر شتێک بمانەوێت، تەنانەت گەر ئەو شتانە ڕێتێنەچووبن یان هەرگیز نەوترابن، هاوکات دەتوانین لێشیان تێ بگەین— ئاسۆی زمان واڵایە و بێسنوورە. بۆ نموونە ئەم ڕستەیە: “نالی هۆنراوەکانی بە زمانی چینی نووسیوە، پاشان ئێمێلی دیکنسۆن لە چینیەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەریگێڕاون.” ئەم ڕستەیە هەردوو خەسڵەتی جێگۆڕکێ و بەرهەمهێنی تێدایە، کەچی لە پەیوەندی ئاژەڵاندا ئەم خەسڵەتانە بەدی ناکرێت.

وەلێ، یەک ڕیزپەڕی سەیر هەیە بۆ جێگۆڕکێ. ئەوەی ئەم ڕیزپەڕە سەیرتر دەکات ئەوەیە، ئەم خەسڵەتە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە نێو پەیوەندی نێوان هەنگەکاندا بەدی دەکرێت. هەنگەکانی هەر شارەهەنگێک ئەرکی جیاوازیان لەسەر شانە، وەختێک هەنگێکی گەڕۆک دەگەڕێت و سەرچاوەیەکی شیلەی گوڵ دەدۆزێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆڵۆنیەکەی و لەوێ سەما بۆ هەنگە پیشەوەرەکان دەکات، جا بە گوێرەی دووری و شوێنی سەرچاوەی شیلەی گوڵەکە، سەمای هەنگە گەڕۆکەکەش دەگۆڕێت، هاوکات جۆری جیاوازی هەنگ شێوازی جیاوازی سەماکردنیان هەیە (وەک چەشنێک لە هەبوونی شێوەزار!)١٦:

یەک لەو سێ خاسیەتە زیادکراوانەی دواتر هۆکێت خستییە ناو لیستەکەیەوە، خاسیەتی تەفرەگۆیی یان ڵێڵبێژیی [prevarication] بوو. ئەمەیش بریتییە لە توانستی تەفرەدان و درۆکردن، کە مرۆڤەکان زۆر بەباشی دەتوانن زمان بەکار بهێنن تاوەکوو زانیاری هەڵە بڵاو بکەنەوە، یانیش ناڕاستگۆبن بەرانبەر مرۆڤەکانی تر. هۆکێت ئەم خاسیەتەی بە خاسیەتێکی تایبەت بە زمانی مرۆڤ دانا. وەلێ، دەتوانین تەفرەگۆیی هاوشێوەی ئەوەی مرۆڤەکان بە زمان دەیکەن لە پەیوەندی نێوان ئاژەڵەکانی دیکەش بدۆزینەوە، بێگومان وەک ڕەفتاری خەڵەتاندنی مرۆڤ ئاڵۆز نییە. کۆکۆ گۆریلایەک بوو کە لە لایەن دکتۆر پێنی پاتێرسۆنەوە فێری ١٠٠٠ وشەئاماژەی نێو زمانی ئاماژەی ئەمەریکی کرا بوو، چەند جارێک بەدی کراوە کە ویستویەتی درۆ لەگەڵ ڕاهێنەرەکانی بکات یان هەڵیانبخەڵەتێنێت. جارێکیان شتێکی تێک و پێک دا بوو، کە لێی دەپرسن چی بووە، خەتاکەی خستبووە سەر پشیلەکە و بە زمانی ئاماژەی ئەمەریکی گوتبووی کە پشیلەکە وای کردوە و پەنجەی تۆمەتیشی بۆ بۆ پشیلەکە درێژ کردبوو١٧.

بەشێک لە ئاژەڵان هەن دەنگ دەردەبڕن بۆ ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵەکەیان لەوەی مەترسی نێچیرگر هەیە. بەڵام تێبینی کراوە کە دەشێت ئاژەڵان ئەو دەنگەیان بەکار بهێنن بۆ هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵەکەیان لەوەی دەنگەکە دەردەبڕن بەبێ ئەوەی لە ڕاستیدا مەترسی هەبێت، ئەمەش زۆر جار بە مەبەستی لابردنی سەرنجی ئەندامانی کۆمەڵەکەیەتی لە پێناو بەدەستهێنانی خۆراک. بۆ نموونە، مەیموونە ئاڵتوونییە لووت-قیتەکان [golden snub-nosed monkeys] دەنگی ئاگادارکردنەوەی هەڵخەڵەتێنەر دەردەبڕن بۆ ترساندن و دوورخستنەوەی هاوەڵەکانیان تاوەکوو خۆیان دەستیان بە خۆراک بگات، سا توێژینەوە دەریخستوە، وەختێک ململانێ بۆ خۆراک لە کۆمەڵەکە زیاد دەکات، ڕێژەی دەربڕینی دەنگی ئاگادارکردنەوەی مەترسیی چەوتیش لەگەڵیدا بەرز دەبێتەوە١٨. ڕەفتاری هاوشێوە لە مەیموونەکانی چەشنی کاپوچینیش [capuchin monkey] تێبینی کراوە١٩.

 

چەشنێک لە مەیموون—مەیموونی ڤێرڤێت—چەند دەنگێکی جیاواز دەدەبڕن بە گوێرەی هەبوونی مەترسیی نێچیرگرێک. واتە گەر مەترسیی بازێک یان هەڵۆیەک هەبێت، ئەوا مەیموونێکیان وەختێک ئەو نێچیرگرە دەبینێت دەنگێک دەردەبڕێت، وەلێ گەر پڵنگێک لە شوێنەکەیان نزیک بێتەوە، دەنگێکی تەواو جیاوازتر دەردەبڕێت، بە هەمان شێوە دەنگێکی دیکەی تایبەتیان هەیە بۆ مارەکان، بەمەش مەیموونەکانی دیکە بە گوێرەی دەنگە دەربڕاوەکە خۆیان دەشارنەوە و ئامادەباشی وەردەگرن، هەر یەک لە دەنگەکان بە جیا کاریەگری دەخاتە سەر ڕيفتاریان، ئەمە لە تاقیکردنەوی زانستیشدا پشتڕاست کراوەتەوە٢٠.

بەم پێیە بێت، ئەم چەشنە لە مەیموون لە توانایدا هەیە تاکێکی نەیاری لە کۆمەڵەکەی لە ڕێگەی درۆوە یان پێدانی زانیاری هەڵەوە بە کوشت بدات. بۆ نموونە، وەختێک نەیارێکی لە دەوەنێک نزیک دەبێتەوە و لە نزیک ئەوێش پڵنگێک خۆی حەشارداوە، مەیموونەکە دەتوانێت ئەو دەنگە ئاگادارکردنەوەیە دەرببڕێت کە نیشانەیە بۆ باز یان هەڵۆ، بەمەش مەیموونە نەیارەکەی ڕادەکاتە نێو دەوەنەکەوە بۆ خۆشاردنەوە، بێئاگا لەوەی پڵنگەکە دەیخوات. هەر چەندە ئەمە ئەگەری هەیە لە ڤێرڤێتەکاندا، وا دەردەکەوێت کە ئەم ڕەفتارە تێیاندا تێبینی نەکراوە، بەڵام ئەوەی تێبینی کراوە ئەوەیە کە ڤێرڤێتەکان لە باتی ئەوەی درۆ بکەن بە دەنگ، بە بێ دەنگیەوە دەتوانن فێڵ لە ئەندامانی کۆمەڵەکەیان بکەن. بۆ نموونە لە توێژینەوەکاندا تێبینی کراوە کە مەیموونی ڤێرڤێت، بەتایبەتی ئەوانەی پلەی کۆمەڵایەتی و هیرارکیان لە کۆمەڵەکەیان کەمترە دەشێت بە مەبەست کۆمەڵەکە ئاگادار نەکەنەوە وەختێک نێچیرگرێت دەبینن، واتە بە مەبەست زانیاری بەش ناکەن٢١. ڕەفتاری بەشنەکردنی زانیاری لە پڕایمتەکانی دیکەشدا هەن، ڕەنگە چیمپانزییەکان زانیاری لەگەڵ ئەندامانی دیکەی کۆمەڵەکەیان بەش نەکەن وەختێک دارێکی میوە دەدۆزنەوە، ئەگەری کەمترە بۆ چیمپکی گۆشەگیر دەنگی خواردن دەرببڕێت وەختێک دارێکی بەرداری دۆزیوەتەوە٢٢.

بەهەرحاڵ، لە ساڵی ١٨٦٦ کۆمەڵەی زمانەوانی پاریس باسکردن و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی لەمەڕ هاتنە کایەوەی زمان (کە ئێستا ئەو لقە لە توێژینەوە سەبارەت بە هاتنە کایەی ڕیشەی زمان ناسراوە بە گڵۆسۆجێنێسیس glossogenesis) قەدەغە کرد، بە پاساوی ئەوەی هەموو باسەکانی سەر ئەو بابەتە مەزەندە و پێوابوونن وەک لەوەی دامەزراو بن لەسەر بەڵگە، بە واتایەکی دیکە باسوخواسەکانی ئەم بابەتە لە سنووری بیروبۆچوونی کەسەکان تێپەڕی نەدەکرد. بێگومان هەر سانسۆرێک لەسەر بابەت و گفتوگۆ زانستییەکان زیاتر دوامان دەخات لەوەی یەکلایی بکەینەوە بیرۆکەیەک ڕاستە یان نا، سا دەشێت ئەمە یەکێک بووبێت لە هەڵە مەترسیدارەکان لەزانستدا.

بەهەرحاڵ، تا ئێستاش نادیاری و نهێنیگەلێکی زۆر لە دەوروبەری پەرەسەندنی زماندا هەیە.  توێژەرگەلێکی زۆر، تەنانەت ئەوانەی لە نێو بوارەکەدا شەونوخونیانە، ئەم ڕاستییەیان دووپات کردوەتەوە، بە گومانەوە لەو توێژینەوانە دەڕوانن هەمانن سەبارەت بە پەرەسەندنی زمان (کە خۆی دەبێت زانست وەها کار بکات و هەموو بیرۆکەیەک دەسبەجێ پەسەند نەکات). ترسی ئەوان لەوە نییە کە ناکرێت پەرەسەندنی زمان ڕاست بێت، کێشەکەی ئەوان دیاریکردنی ئەو کەمایەسیانەیە کە ئەو توێژینەوانە هەیانن، کە پێیان وایە دەرئەنجامەکانیان نیوەچڵن و بە تەواوەتی پرسەکە یەکلایی ناکەنەوە یان دەرئەنجامە بەدەستهاتووەکان بە دیاریکراوی پەیوەندیدارنین بەو پرسەوە.

بێگومان ئەمان ناڵێن کە ئەو توێژینەوانە بێکەڵکن، وەلێ ئەوان پشتگیری لە وردبینی زیاتر و نەهێشتنی کەمایەسییەکانی توێژینەوە دەکەن ، هاوکات بەکارهێنانی مێتۆدی زانستیی ڕاست و درووست و گونجاو لەگەڵ ئەو بەڵگە و داتایانەی لێیانەوە بەدەست دێن، هەر بۆیە لیستێک لە نۆژەنکردنەویە ئەو ڕێگایانەیان پێشکەشکردوە٢٣. دواجار گەر بمانەوێت بزانین پەرەسەندن ڕاستە یان نا، ئەوە هەر لە ڕێگەی توێژینەوەی زانستییەوەیە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت یان نا.

هەندێک جار بۆ مرۆڤ قورسە، جا لەبەر هەر هۆیەک بێت، پەسەندی بکات کە وەک ئەوەی ئەو بیری بۆی دەچێت هێندە بوونەوەرێکی ناوازە نییە و ڕەگوڕیشەی زیرەکی، توانستی قسەکردنی، ڕەفتارەکانی، هتد، لەگەڵ باوباپیرانی و بوونەوەرەکانی دیکە هاوبەشن یان لە یەک سەرچاوەوە دەشێت پەرەیان سەند بێت:

”ئێمە زۆر جار گوێبیست بووین، زیرەکیی ئێمەی مرۆڤە، لە ئاژەڵەکانی دیکە جیامان دەکاتەوە. هەرچەندە دەکرێت ئەمە درووست بێت حاڵی حازری، وەلێ تێڕوانینی ئێستامان ئەوەیە، چەند لقێکی هاوتەریب هەن لە مێژووی پەرەسەندنی هۆمینیدەکان، تەنها یەک لەو لقانە، هۆمۆ ساپیەنسەکانی [مرۆڤی ژیر] هێناوەتە بوون. بەڵگەکان بۆ ئەوە دەچن، مرۆڤە نیاندرتاڵەکان، گەلێک ژیر بوون، توانستی زمان و کەرەستە درووستکردنیان هەبووە، هاوکات هاوسەردەمی باپیرانی ئێمە بوون [ancestor]، بەڵام لەوانەوە پەرەمان نەسەندووە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی، زیرەکی بە لایەنی کەمەوە دوو جار سەری هەڵداوە، جارێک لە مرۆڤە مۆدێرنەکان، جارێکیش لە نیاندرتاڵەکان، سەرەڕای ئەوەی دەزانین پێش ئەمانیش مرۆڤانی دیکە هەبوون و چیتر بوونیان نەماوە. ئەوەش دەزانین کە سەگەکان، وەک نموونە، هاوشێوەی ئەسپ و باڵندەکان، لە سەدان وشە تێ دەگەن، هەندێک لە ئەیپەکانیش دەتوانن لە ڕێگەی زمانی ئاماژەوە، پەیوەندی ببەستن. لەمانەوە، وا دەر دەکەوێت، ژیری سەربوردەیەکی بێهاوتا و دەگمەن نەبێت.”٢٤

 

نەخشەی باخچە نهێنییەکان

“پەرەسەندنی مرۆڤ سەرەتا وا دەردەکەوێت کە شتێکی ئێجگار ناوازە بێت. ئاخر چۆن دەکرێت ئەو پڕۆسەیەی بووەتە هۆی هاتنە کایەوەی هێلکە شەیتانۆکە و درەختی بەڕوو بووەتە هۆی هێنانە کایەوەی بوونەوەرێک کە دەتوانێت هەڵبفڕێتە سەر مانگ و ئینتەرنێت دابهێنێت و بە بەلەم بە ئۆقیانووسەکاندا بپەڕێتەوە؟”

_ستیڤن پینکەر

لەگەڵ ئەوەی هێشتا باخچەی پەرەسەندنی زمان بەشێکی زۆری گەڕانی بۆ نەکراوە و بە نهێنی ماوەتەوە، کەچی چەندان سەرەداو و توێژینەوە هەن کە سەختە فەرامۆشیان بکەین. لە ئێستادا زۆر مێتۆدی ناوازەی زانستی نوێ بەگەڕ دەخرێن لە دۆزینەوەی نهێنییەکانی پشت هاتنە کایەوەی زمان.

لە توێژینەوەیەکی سالی ٢٠١٤ـدا دەرکەوتووە کە ئەو جینانەی لە مرۆڤدا هەن بۆ فێربوونی دەنگ، بە هەمان شێوە ئەو جینانە لە باڵندەکانیشدا چالاکن. کەچی هەمان ئەو جینانە لە ئاژەڵەکانی دیکەدا چالاک نین. لە توێژینەوەکەدا بەراوردی جینەکانی [Gene expression] ئەو باڵندانە کراوە کە توانای فێربوونی دەنگیان هەیە [vocal learning]، واتە دەتوانن فێری ئاواز و دەنگی نوێ ببن، لەگەڵ ئەوانەی کە ئەو باڵندانەی کە ئەو توانستەیان نییە، پاشان ئەمانەش بە جین ئێکسپرێشنەکانی مێشکی مرۆڤ بەراورد کراون، دەرئەنجامەکان نیشانیان داوە کە ٥٥ جینی لێکچوو هەیە لە نێوان ئەو باڵندانەی دەتوانن فێری خوێندنی نوێ بن لەگەڵ مرۆڤەکان٢٥. فێربوونی دەنگی (vocal learning) هەیە کە تا وەکو ئێستا لە هەشت کۆمەڵەی ئاژەڵان بەدیکراوە لەوانە مرۆڤ و سێ جۆر باڵندە و فیل و سیتەیشا (نەهەنگەکان لە خۆدەگرێت) و پینەپێد و شەمشەمەکوێرە. فێربوونی دەنگی ئەو توانای گۆڕان و فێربوونی دەنگەکانە کە زۆر گرنگە بۆ فێربوونی قسە کردن، وە ئەمە تایبەتمەندیەکی دەگمەنە لە هەموو ئاژەڵێکدا نابینرێت.

ئاخر، بۆیە هێندە سەیر نییە کە هاوشێوەبوونی زۆر سەرنجڕاکێش لە نێوان فێربوونی زمانی مرۆڤ لەلایەن ساواکانەوە و  فێربوونی گۆرانی لە لایەن بەچکەکانی باڵندەوە هەن. لە هەردوو دۆسیەی بەدەستهێنانی زمانی منداڵان و بەدەستهێنان توانستی گۆرانیچڕین لە باڵندەکاندا، تێکەڵەیەکە لە هەبوونی ئامادەگی ناوەکی و بەرکەوتن بە قسەکردن یان گۆرانی باڵندەکان. لە هەردووکیشیاندا قۆناغێک هەیە کە ناسراوە بە ”قۆناغی هەستیار” کە بریتییە لە ماوەیەکی دیاریکراو لە گەشەکردنی منداڵاندا گەر تێپەڕێت و منداڵ بەر ئینپوتە زمانەوانییەکان نەکەوێت یان لە باڵندەکانیشدا بەچکەکان بەر دەنگی گۆرانی باڵندەکان نەکەون، ئەوا کێشەی قسەکردن و گۆرانیچڕین دێتە کایەوە و ڕەنگە هەرگیز نەتوانن لەمەودوا بەباشی فێری ئەو دیاردەیە بن. هاوشێوەبوونێکی دیکە ئەوەیە لە هەردوو مرۆڤ و باڵندەکاندا قۆناغی گوێگرتن پێش بەرهەمهێنان دەکەون٢٦.

هەمدیس هاوشێوە بوون هەیە لە ڕێڕەوەکانی فێربوونی دەنگی لە مرۆڤ و باڵندەکاندا. وێنەکەی خوارەوە بەراوردە لە نێوان ڕێڕەوە دەمارییەکانی دەنگدەرکردن لە نێوان مرۆڤ، باڵندە، مریشک و مەیموون. هەردوو مرۆڤ و باڵندە توانستی ئاڵۆزیان هەیە بۆ فێربوونی دەنگی، هەر چی مەیموونەکانن ئەو توانستە تێیاندا سنووردارە، کە دێتە سەر مریشکیش لەو پەلەوەرانەن کە توانستی فێربوونی دەنگییان نییە. لە مرۆڤ و باڵندەکان پەیوەندی و ڕێڕەوێکی ڕاستەوخۆ [direct projection] هەیە لە نێوان motor cortex (ئەو بەشەی مێشکە کە جڵەوی جوڵەی بەشەکانی لەش دەگرێتە ئەستۆ) و  laryngeal motor neurons (ئەو نیورۆنانە کە جوڵەکانی قوڕگ کۆنتڕۆڵ دەکەن)، هەر ئەمەشە ڕێگەیان پێ دەدات ئەو دەنگانەی فێریان دەبنن بەرهەمیان بهێنن. کە دێتە سەر ئەو ئاژەڵانەی توانستی فێربوونی دەنگیان سنووردارە وەک مەیموون، پەیوەستبوونێکی ناڕاستەوجۆ هەیە لە ناوچەی ventral premotor (یەک لە ئەرکەکانی دەشێت کۆنتڕۆڵکردنی vocal tractـەکانی نێو گەروو بێت) بۆ laryngeal motor neurons، هەر ئەمەشە سنوورداری ئەو توانستەیان تێیدا درووست دەکات. ئەو ئاژەڵانەشی کە توانستی فێربوونی دەنگییان نییە، ڕێڕەوێکی ڕاستەوخۆی دەمارییان نییە لە motor cortexـەوە بۆ laryngeal motor neurons (تکایە بۆ زانیاری ورد سەرچاوەکە بڕوانە)٢٧:

لەوەتەی ڕێڕەوی هاتوچۆکردنی دەنگ [vocal tract] بۆ دەربڕینی دەنگ گرنگە با کەمێک سەرنجیش لەسەر جیاوزا نێوان هیی مرۆڤەکان و ئاژەڵەکانی تر ورد بکەینەوە. ڕێڕەوی هاتوچۆکردنی دەنگ لە نێوان مرۆڤەکان و ئاژەڵەکانی تر جیاوازە، ئەم جیاوازییە بەرچاوانە تەنانەت لە نێوان مرۆڤ نزیکترین ئامۆزاکانیشییەوە هەیە، لێرە پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی مرۆڤ و ئەو ئامۆزایانەشی لە ئەیپەکان کە لە هەمان باوانەوە پەرەیان سەندووە بووەتە هۆی هاتنە ئاراوەی ئەم جیاوازیانە؟ سەرەتا با بزانین ئەو جیاوازیانە چین پەیوەست بە دەربڕینی دەنگ و فۆنیمەکان.

گەر چیمپانزییەکان بە نموونە وەربگرین، جیاوازییەکی بەرچاو و ڕوون لە نێوان ڕێرەوی هاتوچۆکردنی دەنگی ئێمە و ئەوان هەیە، بەڵام ڕێڕەوی هاتوچۆکردنی هی ئەوان هێندە جیاواز نییە لە ئاژەڵەکانی تری وەک مشک و ئەسپەکان. وەک لە وێنەکەی خوارەوە دیارە، ڕێڕەوی دەنگی مرۆڤ بە بەراورد بە هی چیمپ زۆر گەورەترە و شێوەشی جیاوازە، تەنانەت بۆ دوای زمانیش درێژ دەبێتەوە. هەروەها، لە مرۆڤدا قوڕقوڕاگە [trachea] پەیوەندییەکەی درێژدەبێتەوە بۆ لارینج [larynx] لەوێشەوە بۆ سییەکان و ئینجا سوورێنە [oesophagus] کە سورێنەش ڕێڕەوێکە بۆ گەدە. لە چیمپەکان و زۆرینەی شیردەرەکانیش کڕکڕاگەیەک، یان نەرمە ئێسکێک [cartilage]، هەیە ناسراوە بە ئێپیگلۆتیس [epiglottis] بۆ کە وەک داپۆشەرێک کار دەکات. وەختێک ئێپیگلۆتیس بەرزبووەتەوە، قوڕقوڕاگە دەبەسترێتەوە بە لووت و دەم داخراوە، لێ کاتێک ئێپگلۆتیس نزمبووەتەوە، دەم بە سوورێنەوە پەیوەست دەبێت، ئەم پێکهاتەیەش هاوکاری چیمپ دەکات لەگەڵ ئاژەڵەکانی تر تا شتیان لە قورگ نەگیرێت، بەڵام مرۆڤ هێندە بەبەخت نییە، چونکە لە مرۆڤدا فارینکس [pharynx] بە هەردوو ڕێڕەوی لووت و سوورێنە، کە هی خواردنە، بەستراوەتەوە، بەمەش مەترسی لە قورگگیران هەیە٢٨.

کەوایە لە ڕێڕوەی پەرەسەندنی مرۆڤدا خۆگونجاندنێک ڕووی داوە کە مەترسی لەسەر لە قوڕگگرتنی بۆ درووست بکات، بەڵام لە پێناوی چیدا؟ ئەو پێکهاتە فیزیۆلۆژیەی مرۆڤ ڕێگەی دەدات کە چەندان دەنگی هەمەچەشن لە بزوێن و نەبزوێنەکان درووست بکات، کەچی پێکهاتەی ئەو ئەندامانەی چیمپەکان ڕێگەیان دەدات تاکە بزوێنێک و چەند نەبزوێنێک درووست بکەن کە بەس نییە بۆ ئاڵۆزییەکی وەک زمانی مرۆڤ. وەلێ، گرنگە ئەوەش بزانین، زمان تەنها بە گۆڕانکاریی فیزیۆلۆژی نایەتە کایەوە، مێشک چۆن داڕێژراوە و ئاوەزیش چۆن پەرەدەسێنێت بە گوێرەی گۆڕانکارییە فیزیۆلۆژییەکانی مێشک، هێندەی پەرەسەندنی ئەندامەکانی قسەکردن گرنگن.

بەڵام توێژینەوەی دیکە دەریدەخەن کە توێکاری زار، زمان، قورگ و بۆری هەوا و بەشەکانی دیکەی پەیوەست بە قسەکردن لە هەندێک مەیموونەکان وەک هی مرۆڤەکان ئامادەن بۆ بەکارهێنانی زمان. سا لێرە پرسیارەکە ئەمەیە: ئەی بۆچی مەیموونەکان قسە ناکەن؟ وەڵامەکە بریتییە لە مێشک. مێشکی مرۆڤ ئەو ناوچانەی کە پێویستن بۆ بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی زمان پەرەیان سەندووە، کەچی لە مەیموونەکان پەرەیان نەسەندوە. کۆمەڵێک زانای زانکۆی پرینستن توێژینەوەیان لەسەر پێکهاتە فیزیۆلۆژییەکانی ئەو ئەندامانەی پەیوەستن بە قسەکردن لە مرۆڤ و مەیموونە مەکاکەکاندا[macaque monkeys] کردوە.

پاش ئەوەی بە تیشکی ئێکس، شێوازی جوڵە و ڕەفتارەکانی ئەندامەکانی سەرەوەی مەیموونە مەکاکەکانیان تۆمار کردووە، بە ژیریی دەستکرد و بە درووستکردنی مۆدێلی کۆمپیوتەری بۆ ئەو ئەندامانەی مەکاک، بۆیان دەرکەوتووە لە ڕووی توێکارییەوە مەکاکەکان بە هەمان شێوەی مرۆڤەکان توانستی ئەوەیان هەیە چەندان دەنگی هاوشێوەی سیستەمی دەنگی زمانی مرۆڤەکان درووست بکەن، وەلێ توانستی مێشكی و کۆگنێتیڤییان وەها پەرەینەسەندووە بتوانن زمان بەکار بهێنن. هاوکات هەر بە درووستکردنی مۆدێلی کۆمپیوتەری توانیویانە سیمیوڵەیتی ئەوە بکەن گەر مەکاکێک زمانی مرۆڤ بەکار بهێنێت دەنگ و شێوازی گۆکردنی چۆن دەبێت. واتە دەتوانین گوێمان لە مەیموونێکی مەکاک بێت کە زمانی مرۆڤ گۆ دەکات٢٩.

ئەم توێژینەوەیە ئەوە نیشان دەدات کە پێکهاتەی زار و قوڕگی مەیموونەکان بە شێوەیەکی وەها نییە نەتوانن دەستەیەک لە دەنگی پێویستی هاوشێوەی زمانی مرۆڤ بەرهەم بهێنن، بەڵکوو دەتوانن و ئەندامەکانیش ئامادەن بۆ قسەکردنی هاوشێوەی ئەوەی مرۆڤ، بەڵام ناتوانن، نەک لەبەر فیزیۆلۆژیای زاریان بەڵکوو نەبوونی ئەو بەشانەی مێشک کە پەیوەستن بە بەرهەمهێنان و تێگەیشتنی زمان.

 

مێکانیزمەکانی پشت پەرەسەندنی زمان

“پەرەسەندن تەنها بیردۆزە؟ ئێ خۆ هێزی کێشکردنیش بە هەمان شێوە بیردۆزە، کەچی نابینم خۆت لە باڵەخانەکانەوە هەڵبدەیتە خوارەوە.”

_ڕیچارد دۆکنس

تا ڕادەیەکی باش دەزانین توانستی زمانی مرۆڤ پەیوەستە بە نیورۆبایۆلۆژیای ئێمەوە، بگرە توێژینەوەی نوێ دەریدەخەن ڕەنگە بۆهێڵەکانیشمان دەستیان لەوەدا هەبێت. ئەمەش هێندە سەیر نییە گەر ڕەچاوی بۆهێڵناسی بکەین: نزیکەی ٢٠٠٠٠ بۆهێڵ لە مرۆڤدا هەن، نزیکەی ٪٧٠ـی ئەو بۆهێڵانە، واتە ١٤٠٠٠ـیان، لە نێو کۆئەندامی دەماردا دەردەبڕرێن [gene expression]، لەو ڕێژەیە ٨٠٠٠ بۆهێڵ لە خانە و شانەکاندا دەردەبڕرێن لە نێویشیاندا کۆئەندامی دەمار، ٦٠٠٠ـیشیان تایبەتن بە سیستەمی دەماری٣٠. هەر وەکوو بە سەرەقەڵەمیش ئاماژەی پێ درا کە بەڵگەگەلێک بەردەست لە دیسپڵنی هەمەچەشنەوە کە دەرخەری پەرەسەندنی زمانن لە مرۆڤدا، وەک هەبوونی سیستەمێکی گەردوونی لە داڕشتەی زماندا، هاوکات بەدەستهێنانی زمانیش لە ساواکانی جیهاندا وەک یەکن، ئەم گەشەسەندنەش هاوشێوەی گەشەسەندنی فیزیکییانە. جیا لەمانەش چەندان بەڵگە و سەرەداوی دیکەی وەک گۆڕانی توێکاری و گەورەبوونی مێشکی مرۆڤەکان هەن. سا بۆیە، هەنووکە پرسەکە ئەوە نییە زمان پەرەی سەندووە یان نا، هەر چەندە کەسانێک هەن کە پێیان وایە زمان بە شێوەی دیکە هاتووەتە کایەوە. وەلێ، بەشی زۆری زانایان لەسەر ئەوە کۆکن کە زمان پەرەی سەندووە، ئەوەی کێشمەکێشی لەسەرە ئەوەیە چۆن و بۆچی پەرەی سەندووە.

چەندان گریمانەی هەمەجۆر هەن کە پێشنیازی چۆنیەتی پەرەسەندنی زمان و مێکانیزمەکانی پشتەوەی دەکەن. هۆیەک لە هۆیەکانی هەبوونی ئەم بیروبۆچوونە فرەچەشنانە ئەوەیە کە بە نیگایەکی خێرا دەبینین شتانێکی زۆر ڕێیان تێ دەچێت کە بەربژێربن لەوەی کە بوونەتە هۆکار بۆ هاتنە کایەوەی خۆگونجاندن [adaptation]. پێش هەموو شتێک دوو پۆلێنی سەرەکی ڕێبازی بیکردنەوە لە پەرەسەندنی زمان هەن: ئەوانەی پێیان وایە زمان لە پڕێکدا لە کاتەهێڵی پەرەسەندنی ئێمەدا دەرکەوتووە بە هۆی بازدانێکی جێنەتیکییەوە [mutation]، بەرانبەر ئەوانەی پێیان وایە پەرەسەندن لە پڕێکدا نەهاتۆتە کایەوە و وردەوردە و بەکاوەخۆ بووە، هەر وەک چۆن چاو و بینین لە چاوتروکانێکدا لە بوونەوەران نەهاتۆتە کایەوە. خۆی ئەو لایەنەی کە زیاتر لەلایەن توێژەرانی زمانەوە سەرنجی خراوەتە سەر بریتییە لە گواستنەوەی زانیاری، بەتایبەتی لەوەی کە چۆن زمان دەستی هەبووە لە ڕێکخستن و باشترکردنی ڕاوکردن و فێرکردنی بەهرە و کارامەیی بۆ ئەندامانی کۆمەڵەیەک. بەڵام، ئێستا بیردۆزگەلی دیکە هەن کە ئالەنگاری ئەمە دەکەن و پێیان وایە زمان پەرەی سەندووە لەبەر چەند هۆکارێکی کۆمەڵایەتی٣١.

ئەو بیردۆزانەی سەر بە ئۆردوگای ئەوانەن پێیان وایە پەرەسەندنی زمان لە ناکاوێکدا بووە بە هۆی بازدانەوە، پێیان دەگوترێت بیردۆزە نابەردەوامییەکان [discontinuity theories]. نۆوام چۆمسکی، دانەری بیردۆزی گرامەری گەردوونی، پشتگیریکارێکی ئەم بیردۆزەیە، پێی وایە کە زمان هێندە تایبەتە بە مرۆڤ وەک پەرەسەندنی ئەندامێک وایە، هەروەها ئەمە گۆڕانکارییەش لە ناکاوێکدا هاتۆتە کایەوە لە پەرەسەندن کە مرۆڤی لە بوونەوەرانی دیکە جیاکردوەتەوە، گەر ئەم بیردۆزە ڕاست بێت، تەمەنی سەرهەكدانی مرۆڤ هێندە کۆن نییە و بۆ هۆمۆ ساپیەنسەکان دەگەڕێتەوە. ئەوانەی سەر بە ئۆردوگای بیردۆزە بەردەوامییەکانن [continuity theories]، بە پێچەوانەوە پێیان وایە زمان بەرەبەرە بە هەڵبژاردنی سرووشتی پەرەی سەندووە و لەپڕێکدا نەهاتووەتە بوون. ستیڤن پینکەر کە پشتگیریکارێکی ئەم دیدەیە، لەگەڵ بیردۆزی گرامەری گەردوونی چۆمسکیدا هاوڕایە، لێ هاوڕا نییە کە توانستێکی وەها لە خۆڕا هاتبێتە کایەوە. زۆرێک لەوانەی پشتگیری لە بیردۆزە بەردەوامییەکان دەکەن پێیان وایە سیستەمێکی سادەتری زمان هەبووە، کە ناوی لێ دەنێن پڕۆتۆزمان [proto-language]، پێش ئەم سیستەمە زمانیییەی ئێستاکە بەکاری دەهێنین. بە گوێرەی ئەم تێگەیشتنە ئاسۆکانی سەرهەڵدانی زمان زۆر لە هۆمۆ ساپیەنسەکان لەمێژینەترە.

هێشتا ئەوەمان مسۆگەر نەکردوە بزانین کە نیاندرتاڵەکان زمانیان هەبووە یان نا، بەڵام لە ڕێگەی توێژینەوەی پێکهاتەی بەبەردبووەکانیانەوە دەزانین کە توانستی قسەکردن و بیستنی هاوشێوەی ئەوەی مرۆڤیان هەبووە، سا بۆیە توانیویانە ئەو دەنگانەی مرۆڤ لە زماندا دەریان دەبڕێت، دەریببڕن، هاوکات بیستنێکی هاوشێوەی ئەوەی مرۆڤیان هەبووە، بەم پێیە سەخت نییە ئەو دەنگانەیان بیست بێت و تێشگەیشتبن٣٢. بەڵام خۆ ئێستا ئەوە دەزانین، کۆنترین نیاندرتاڵەکان پێش مرۆڤی نوێ توانیویانە وێنە لەسەر ئەشکەوتەکان بکێشن، ئەم وێنەکێشانەش پێویستی بە توانستی بیرکردنەوەی سیمبۆڵیکانە و توانستی کۆگنێتیڤی ئاڵۆز هەیە٣٣. سا بۆیە هەندێک پێیان وایە پەیوەندی هەیە نێوان پەرەسەندنی زمان لە لایەک و بەکارهێنان و درووستکردنی کەرەستەش لە لایەکی تر.

هاوکات لە ٢٠٢٠ نیاندرتاڵکی نێژراو دۆزرایەوە لە ئەشکەوتی شانەدەر لە کوردستان کە ناوی لێنراوە شانەدەر-ز Shanidar Z، وا دەردەکەوێت کە بە مەبەست تەرمەکە نێژرا بێت، بە واتایەکی دیکە وا دەر دەکەوێت کە بە مەبەست لاشەکەی بەشێوەیەکی تایبەت جێگیرکرا بێت، ئەمەش دەکرێت ئاماژە بێت بۆ ڕێوڕەسمی ناشتن و پرسە گێڕان، لەگەڵ ئەوەشدا هاوشێوەی تەرمەکانی پێشوو، هەڵاڵە لە شوێنی ناشتەکەدا دۆزراوەتەوە کە ئەوە زیاتر دووپات دەکاتەوە نیاندرتاڵەکانیش پرسەیان بۆ مردووەکانیان گێڕاوە، ڕێزی مردووەکانیان گرتووە و بەهایان بە بەرزی ڕاگرتوون لە ڕێگەی پێشکەشکردنی گوڵەوە. بەهەرحاڵ، بەم دۆزینەوەیەشەوە هێشتاکە ئەو مشتومڕانە بەردەوامن: ئایە نیاندرتاڵەکان پرسەیان گێڕاوە بۆ مردووەکانیان؟ یان ئایە بە مەبەست ناشتویانن؟ یان  گوڵیان پێشکەش بە مردووەکانیان کردووە؟٣٤ سا بە پوختی گەر ئەوە یەکلا بکرێتەوە نیاندرتاڵەکان فۆڕمێکی سادەی زمانیان هەبووە [proto-language]، کە ڕاستییەکەی بەشێک لە سەرەداوەکان بۆ ئەوە دەچن، ئەوا پشتگیرییەکی بەرچاو و ڕوونە بۆ بیردۆزە بەردەوامییەکان.

هەر چۆنێک بێت، جیا لە ناکۆکی بەردەوامیگەراکان و نابەردەوامیگەراکان، چەندان بیروبۆچوونی دیکە هەن کە ململانێی یەکتری دەکەن. هەڵبەت، لە وتارێکی چکۆلەی وا بۆ بابەتێکی هێندە فراوان جێی هەموو ئەو باسوخواسانە نابێتەوە و چەند کتێبێکی پێویست دەبێت بۆ ڕووناککردنەوەی لایەنە تاریکەکانی ئەم پرسە. ئەوەی هەوڵی ئەم وتارە بوو چەند سەرەقەڵەمێک بدات لە هەندێک بابەتی پەیوەست بە پەرەسەندنی زمان کە لە دونیای ئێمەدا فەرامۆشکراون یانیش ئەوەتا بە نەفامی یان بە چەواشەکاری خراونەتە بەردەست خوێنەری کورد. پەرەسەندن بیردۆزێکی چەسپێنراوی زانستە، بەڵگەی بەهێز و حاشاهەڵنەگر پشتگیری لێ دەکەن، خۆبێبەشکردنمان و دابڕانمان لە دونیای زانست، بەتایبەتی ئەم بیردۆزە، زیاتر دوامان دەخات لە تێگەیشتن لە مرۆڤ و سرووشت.

 

پاشکۆ و سەرچاوەکان:

١

Darwin, C. (1871). The descent of man: and selection in relation to sex.

٢

سەلام ناوخۆش، نەریمان عەبدوڵڵا خۆشناو و، ئیدریس عەبدوڵڵا (٢٠١٤). کوردۆلۆجی. کتێبخانەی ئاوێز.

٣

موحەممەد صاڵح ئەبوبەکر شارەزووری (٢٠١٥). داروین لە تەرازووی ژیریدا. چاپخانەی ڕێنوێن. چاپی دووە.

٤

هیوا جەلال (٢٠٢٠). سەرەتایەک بۆ فەلسەفەی زمان: فرێگە، ڕاسڵ، ڤتگنشتاین. چاپخانەی ڕێنوێن.

٥

Boeckx, C. (2013). Biolinguistics: Facts, fiction, and forecast. Biolinguistics, 7, 316-328. [p.316].

٦

Cuskley, C. (2020). Language Evolution: A brief overview.

٧

Pagel, M. (2017). Darwinian perspectives on the evolution of human languages. Psychonomic bulletin & review, 24, 151-157.

٨

Skinner, B. F. (1957). Verbal behavior. Appleton-Century-Crofts.

٩

Chomsky, N. (1957). Syntactic structures. Mouton.

١٠

Szathmáry, E., & Smith, J. M. (1995). The major evolutionary transitions. Nature, 374(6519), 227-232.

١١

Hofstede, G. (1991). Cultures and organizations: Software of the mind. London: McGraw-Hill.

١٢

Dawkins, R. (1976). The Selfish Gene. Oxford University Press.

حوسێن حوسێنی کتێبەکەی وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و لەلایەن خانەی جەمال عیرفانەوە چاپکراوە.

 

١٣

Coupé, C., Oh, Y. M., Dediu, D., & Pellegrino, F. (2019). Different languages, similar encoding efficiency: Comparable information rates across the human communicative niche. Science advances, 5(9), eaaw2594.

١٤

GrrlScientist. (2018, February 14). How language transformed humanity. The Guardian. https://www.theguardian.com/science/punctuated-equilibrium/2011/aug/04/1

١٥

Fitch, W. T. (2010). The evolution of language. Cambridge University Press. (pp.18-19).

١٦

Trask, R. L. (2003). Language: the basics. Routledge. Pp. 5-9.

١٧

Green, M. (2005). Book of Lies. Andrews McMeel Publishing. P. 61.

١٨

Wang, T., Kong, Y., Zhang, H., Li, Y., Hou, R., Dunn, D. W., … & Li, B. (2023). Do golden snub-nosed monkeys use deceptive alarm calls during competition for food?. Iscience, 26(2), 106098.

١٩

Wheeler, B. C. (2009). Monkeys crying wolf? Tufted capuchin monkeys use anti-predator calls to usurp resources from conspecifics. Proceedings of the Royal Society B: Biological Sciences, 276(1669), 3013-3018.

٢٠

Seyfarth, R. M., Cheney, D. L., & Marler, P. (1980). Vervet monkey alarm calls: semantic communication in a free-ranging primate. Animal Behaviour, 28(4), 1070-1094.

٢١

Cheney, L. D. & Seyfarth, R. M. (1992). Truth and deception in animal communication. In C. A. Ristau (ed.). Cognitive ethology: the minds of other animals. Pp. 127-151.

٢٢

Cheney, D. L., & Seyfarth, R. M. (1985). Vervet monkey alarm calls: Manipulation through shared information?. Behaviour, 94(1-2), 150-166. (p. 161)

٢٣

Hauser, M. D., Yang, C., Berwick, R. C., Tattersall, I., Ryan, M. J., Watumull, J., … & Lewontin, R. C. (2014). The mystery of language evolution. Frontiers in psychology, 5, 401.

٢٤

  1. Al-Chalabi and M. Turner and R. Delamont (2005): The Brain: A Beginner’s Guide.

٢٥

لێرە باسکراوە:

گۆران ئیبراهیم (٢٠١٧). داروین و ڕەچەڵەکی مرۆڤ. سلێمانی: ئەندێشە. چاپی دووەم.(ل. ٤٢٨-٤٢٩)

٢٦

Bolhuis, J. J., Okanoya, K., & Scharff, C. (2010). Twitter evolution: converging mechanisms in birdsong and human speech. Nature Reviews Neuroscience, 11(11), 747-759.

٢٧

Simmonds, A. J. (2015). A hypothesis on improving foreign accents by optimizing variability in vocal learning brain circuits. Frontiers in Human Neuroscience, 9, 606.

٢٨

(Trask, 2003; p.15-17)

٢٩

Fitch, W. T., De Boer, B., Mathur, N., & Ghazanfar, A. A. (2016). Monkey vocal tracts are speech-ready. Science advances, 2(12), e1600723.

٣٠

Purves, D., et al. (2018) Neuroscience. 6th Edition. New York: Sinauer Associates.

٣١

Workman, L., & Reader, W. (2004). Evolutionary psychology: An introduction. Cambridge University Press. (P. 320).

٣٢

Conde-Valverde, M., Martínez, I., Quam, R. M., Rosa, M., Velez, A. D., Lorenzo, C., … & Arsuaga, J. L. (2021). Neanderthals and Homo sapiens had similar auditory and speech capacities. Nature ecology & evolution, 5(5), 609-615.

٣٣

Pettitt, P. (January 17, 2023). Neanderthals: the oldest art in the world wasn’t made by Homo sapiens. The Conversation. https://theconversation.com/neanderthals-the-oldest-art-in-the-world-wasnt-made-by-homo-sapiens-194113

٣٤

Pomeroy, E., Bennett, P., Hunt, C. O., Reynolds, T., Farr, L., Frouin, M., … & Barker, G. (2020). New Neanderthal remains associated with the ‘flower burial’at Shanidar Cave. Antiquity, 94(373), 11-26.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

پرسیارت هەیە؟

خۆشحاڵین بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان.

Questions?

Feel free to write a message.