نەخۆشی ئەڵزەهایمەر باوترین جۆری بیرکۆڵییە کە کاریگەری لەسەر یادگە و رەفتار هەیە.
با ڕاستەوخۆ بە باسکردنی هۆکارەکان دەست پێبکەین
هۆکاری یەکلاکەرەوەی نەخۆشی ئەڵزەهایمەر هەتا ئێستا نەزانراوە. توێژینەوەکان وای نیشان دەدەن کە هەندێک کردار روودەدەن لە مێشکدا کە پەیوەندییان بە نەخۆشی ئەڵزەهایمەرەوە هەیە. ئەمەش دەبێتە هۆی سازبوونی پێکهاتەی وەک پلاکە دەمارییەکان (کە پڕۆتینی شێوە لەزگەیی و چەسپەندەن) و گرێ و پێچی شێوە نائاسایی( neurofibrillary tangles). زۆربەی پسپۆڕان پێیان وایە کە ئەمە هۆکاری سەرەکی نەخۆشی ئەڵزەهایمەرە، لەبەرامبەریشدا ڕای دژیەک بوونی هەیە کە پێی وایە ئەمە هۆکارە تاکە هۆکار نییە و هۆکاری زنجیرەیی دیکە بوونیان هەیە
سەرەڕای هەبوونی هۆکارەکان، هەندێک ئەگەر بوونیان هەیە کە وادەکات نەخۆشییەکە زووتر و توندتر دەربکەوێت، وەک:
• تەمەن ( تا تەمەن زۆرتر بێت ئەگەری توشبوون زیاترە )
• زەبری سەر ( پێکدادان یاخود بەرکەوتنی سەر بە شوێنێک و برینداربوون ئەگەری توندترکردنی حاڵەتەکە زیاتا دەکات )
• پلەی خێزانی توشبوو(گەر کەسی پلەیەکی خێزانەکەت ( برا، خوشک، یان دایک و باوک) هەڵگری ئەم نەخۆشیە بن ئەوا ئەگەری توشبوون زیاتر دەبێت
• ڕەگەز (هەلی توشبوونی ئافرەتان زیاترە وەک لە پیاوان)
• نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزە کۆڵیسترۆڵ
نەخۆشیەکە دوو جۆرە :
• ئەڵزەهایمەری سەرەتایی:- نیشانەکانی ئەم جۆرە پێش تەمەنی پیری و بەنزیکەیی پێش ٦٠ ساڵی دەردەکەون. ئەم جۆرە کەمتر باوە. بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی ئیدی بە خێرایی تەشەنە دەکات. ئەم جۆرە دەکرێت بۆماوەیی بێت و چەند جینێکیشی لێ دەستنیشان کراوە.
• ئەڵزەهایمەری دێر(درەنگ وەخت) — ئەمە باوترین جۆرە و لە کەسانی سەروو تەمەنی ٦٠ ساڵى دەردەکەوێت. لەوانەیە لە هەندێک لە حاڵەتەکاندا بۆماوەیی هۆکاربێت، بەڵام رۆڵی جینەکان لێرەدا بەزیو ـە و نابێتە هۆکاری سەرەکی.
ئایا هیچ پشکنینێک هەیە کە نیشانی بدات من توشبووی نەخۆشیەکەم؟
بەڵێ، دەستنیشانکردنی نەخۆشی ئەڵزەهایمەر لەلایەن پزیشکەوە کاتێک دەکرێت کە نیشانە سەرەتاییەکان بوونیان هەبێت بەم هەنگاوانەی خوارەوە پزیشکەکە دەتوانێت دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکات:
• پشکنینی تەواوی جەستە و کۆئەندامی دەماری بەتایبەتی.
• لێکۆڵینەوە لە نیشانە و دۆخی کەسەکە لە ڕابردوودا
• پشکنینی زانینی ڕادەی چالاکی مێشک (تاقیکردنەوەی دۆخی دەروونی).
• ئەشیعە(سکان)ی PET و پشکنینی شلەی دەماغ و بڕبڕە
خاڵێکی گرنگ هەیە سەبارەت بە نیشانەکان کە دەبێت ئاماژەی پێ بکرێت ئەویش ئەوەیە پشکنینی ئەڵزەهایمەر پاش مردنی کەسەکەش هەر ئەنجام دەدرێت لەڕێگەی توێکاری و توێژینەوە لەسەر نمونەیەکی شانەی مێشکی مردووەکە، سودی ئەم پشکنینە سودی بۆ ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیە
ئایا ئەم نەخۆشییە هیچ چارەسەرێکی یەکلاکەرەوەی هەیە؟
بەداخەوە نەخێر، بەڵام بە خۆپاراستن لە هۆکارە مەترسی دروست کەرەکانی وەک: (خۆراکی پڕ چەوری) و (وەرزش نەکردن) و (پابەندنەبوون بە سەلامەتی لەکاتی بەرکەوتن)، وادەکات بە دوور بین لە توشبوون بەم نەخۆشییە، سەرەڕای نەبوونی چارەسەری تەواوەتیش، لێ هەندێک دەرمانی وەک (کەمکەرەوەکانی پڕۆتینی بێتا ئەمایلۆید) دەکرێت هاریکارێکی باش بێت بۆ توشنەبوون بەم نەخۆشییە
لەکۆتاییدا دەبێ بزانین ئەم نەخۆشییە وەک هەر نەخۆشییەکی دیکەی دەماری پێویستی بە دابینکردنی ژینگەیەکی ئارامی دەروونی هەیە لەلایەن خێزان و کەسوکاری توشبووەکەوە هەر بۆیە دانانی چاودێریکارێک بۆ کەسێکی توشبوو پشتگیرییەکی تەواوەتیە بۆ نەخۆشەکە و وادەکات هەست بەتەنیایی نەکات و دۆخەکەی مەترسیدارتر نەبێت و فشاری نەخۆشییەکەی کەمتر ببێتەوە، هەرچەندە ئاستی توندی نەخۆشییەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕدرێت بەڵام بەشێوەی تێکڕایی هەڵگرانی ئەم نەخۆشییە پاش توشبوون لەنێوان مەودای ۳ تا ۲۰ ساڵ دەتوانن درێژە بە ژیان کردن بدەن.
بە هیوای تەندروستیەکی باش و دووربوون لە تەنگژەی دەروونی و جەستەیی
ئامادەکردنی: ڕاستی عەبدوڵا ڕەزا
خوێندکاری کۆلێژی زانستی پزیشکی/ KUMS